لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 1:11-33

مەرقۆس 1:11-33 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ له‌ یروشلایم نزیک بوونه‌وه‌، له‌ بتپاگی و بتعه‌نیا له‌لای كێوی زه‌یتوون، دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، هه‌ركه‌ ده‌چنه‌ نێوی، ده‌بینن جاشێک به‌ستراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا كه‌س سواری نه‌بووه‌، بیكه‌نه‌وه‌ و بیهێنن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک پێی وتن: بۆ ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟ بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی، ئینجا یه‌كسه‌ر بۆ ئێره‌ی ده‌نێرێت”. چوون و له‌ شه‌قامه‌كه‌ بینییان جاشێک له‌ ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش كردیانه‌وه‌. هه‌ندێ كه‌س له‌وێ ڕاوه‌ستابوون، پێیان وتن: “چی ده‌كه‌ن، جاشه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟” وه‌ک ئیشۆع پێی ڕایسپاردبوون وه‌ڵامیان دایه‌وه‌، ئیتر ڕێگایان دان. جاشه‌كه‌یان بۆ ئیشۆع هێنا و كراسه‌كانیان خسته‌ سه‌ری، ئه‌ویش سواری بوو. زۆر كه‌سیش كراسه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕاخست، هه‌ندێكیش له‌ دره‌خته‌كان لقه‌داریان بڕیه‌وه‌ و له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕایانخست. ئه‌وانه‌ی پێشیه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌دوایه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتن، هاواریان ده‌كرد: “هۆسانا! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هاتووه‌! پیرۆزه‌ پاشایه‌تیی داویدی باوكمان كه‌ به‌ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هاتووه‌! هۆسانا له‌ به‌رزایی!” ئیشۆع چووه‌ نێو یروشلایم و په‌رستگاكه‌، كاتێ ته‌ماشای هه‌موو شتێكی ده‌وروبه‌ری كرد، كاته‌كه‌ دره‌نگ داهات و له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ بۆ بتعه‌نیا ده‌رچوون. بۆ به‌یانی كه‌ له‌ بتعه‌نیا ده‌رچوون، برسیی بوو. له‌ دووره‌وه‌ دارهه‌نجیرێكی بینی گه‌ڵای كردبوو، هاته‌ لای تاكو شتێكی پێوه‌ ببینێت. كاتێ هاته‌ لای، له‌ گه‌ڵا زیاتر هیچی پێوه‌ نه‌بینی، چونكه‌ وه‌رزی هه‌نجیر نه‌بوو. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئیتر تاهه‌تایه‌ كه‌س له‌ به‌رت ناخوات!”. قوتابییه‌كانیشی گوێیان لێبوو. هاتنه‌وه‌ یروشلایم، كاتێ ئیشۆع چووه‌ نێو په‌رستگاكه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ركرد كه‌ فرۆشتن و كڕینیان له‌ په‌رستگادا ده‌كرد، مێزی پاره‌گۆڕه‌وان و ته‌ختی كۆترفرۆشانی وه‌رگێڕا. نه‌یهێشت كه‌س به‌ شتومه‌كه‌وه‌ به‌ نێو په‌رستگادا تێپه‌ڕێت. ئامۆژگاریی ده‌كردن و ده‌یفه‌رموو: “ئایا نه‌نووسراوه‌: {ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌بردرێت بۆ هه‌موو گه‌لان؟} به‌ڵام ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان} !” ته‌وراتزان و كاهینانی باڵا گوێیان لێبوو، بیریان ده‌كرده‌وه‌ چۆن له‌ناوی ببه‌ن، چونكه‌ لێی ده‌ترسان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ ئامۆژگاریه‌كانی سه‌رسام ببوون. كاتێ ئێواره‌ داهات، چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار. به‌یانی به‌وێدا تێده‌په‌ڕین، دارهه‌نجیره‌كه‌یان بینی له‌ ڕه‌گه‌وه‌ وشک بووه‌. په‌تڕۆس بیری كه‌وته‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، سه‌یر بكه‌! دارهه‌نجیره‌كه‌ی نه‌فره‌تت لێكرد، وشک بووه‌!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “با باوه‌ڕتان به‌ خودا هه‌بێت. چونكه‌ ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی به‌م كێوه‌ بڵێت هه‌ڵكه‌ندرێ و بكه‌وه‌ نێو ده‌ریاوه‌! له‌ دڵدا گومان نه‌كات، به‌ڵكو باوه‌ڕ بكات ئه‌وه‌ی ده‌یڵێت ده‌بێت، ئه‌وا هه‌رچیه‌ک بڵێت بۆی ده‌بێت. بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: هه‌موو ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌ن كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن، باوه‌ڕ بكه‌ن كه‌ وه‌رتانگرتووه‌، بۆتان ده‌بێت. كاتێ ده‌وه‌ستن نوێژ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر شتێكتان به‌سه‌ر یه‌كێكه‌وه‌ هه‌بێت لێی خۆشبن، تاكو باوكیشتان ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌ له‌ گوناهه‌كانتان خۆشبێت. ئه‌گه‌ریش ئێوه‌ لێ خۆش نه‌بن، باوكتان ئه‌وه‌ی له‌ ئاسماناندایه‌ له‌ گوناهه‌كانتان خۆش نابێت”. دیسان هاتنه‌وه‌ یروشلایم، كاتێ ئیشۆع له‌ په‌رستگادا ڕێی ده‌كرد، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان و پیران هاتنه‌ لای، پێیان وت: “به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ تۆ داوه‌ ئه‌م شتانه‌ بكه‌یت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش یه‌ک پرستان لێ ده‌كه‌م، وه‌ڵامم بده‌نه‌وه‌، پێتان ده‌ڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م: عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟ وه‌ڵامم بده‌نه‌وه‌!” له‌نێو خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌، وتیان: “ئه‌گه‌ر بڵێین: له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو، ده‌ڵێت: بۆچی باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا؟ ئه‌گه‌ریش بڵێین: له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو”. له‌ خه‌ڵک ده‌ترسان، چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن له‌لای هه‌مووان پێغه‌مبه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ بوو. ئینجا وه‌ڵامی ئیشۆعیان دایه‌وه‌ و وتیان: “نازانین”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م”.

مەرقۆس 1:11-33 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە، لە بێت‌فاجی و بێت‌عەنیا لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد، پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کاتێک دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. ئەگەر یەکێک لێی پرسین: ”بۆ ئەمە دەکەن؟“ بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی، ئینجا زوو دەینێرێتەوە بۆ ئێرە.“» چوون و بینییان وا جاشکێک لەسەر ڕێگاکە، لەبەر دەرگای ماڵێک بەستراوەتەوە، ئەوانیش کردیانەوە. هەندێک کەس لەوێ ڕاوەستابوون، لێیان پرسین: «چی دەکەن، جاشکەکە دەکەنەوە؟» وەک ئەوەی عیسا پێی فەرمووبوون وەڵامیان دایەوە، ئیتر ڕێگایان دان. جاشکەکەیان بۆ عیسا هێنا و کەواکانیان خستە سەری، ئەویش سواری بوو. زۆر کەسیش کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست، هەندێکیش لە باخەکان لقەداریان بڕیبووەوە. ئەوانەی لەپێشییەوە و ئەوانەش کە لەدوایەوە دەڕۆیشتن، هاواریان دەکرد: «﴿هۆسانا! پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾» «پیرۆزە ئەو شانشینەی داودی باوکمان کە دێت!» «هۆسانا بۆ خودا!» عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم بۆ ناو حەوشەکانی پەرستگا، تەماشای هەموو شتێکی دەوروبەری کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی کات درەنگ بوو، لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە چوونە دەرەوەی شار بۆ گوندی بێت‌عەنیا. بۆ بەیانی کە بێت‌عەنیایان بەجێهێشت، عیسا برسی بوو. لە دوورەوە دار هەنجیرێکی بینی گەڵای کردبوو، بەرەو لای چوو بە ئومێدی ئەوەی شتێکی پێوە ببینێ. گەیشتە لای و لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، چونکە وەرزی هەنجیر نەبوو. ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز کەس لە بەرت ناخوات.» قوتابییەکانیشی گوێیان لێبوو. هاتنە ئۆرشەلیم و عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە دەرکردنی ئەوانەی لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد. نەیدەهێشت کەس بە شتومەکەوە بە ناو حەوشەکانی پەرستگادا تێبپەڕێت. فێری دەکردن و دەیفەرموو: «ئایا نەنووسراوە: ﴿ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت بۆ هەموو گەلان﴾؟ بەڵام ئێوە کردووتانە بە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾» کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گوێیان لێبوو، بیریان دەکردەوە چۆن لەناوی ببەن، چونکە لێی دەترسان لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە لە فێرکردنەکانی سەرسام ببوون. کاتێک ئێوارە داهات، عیسا و قوتابییەکانی چوونە دەرەوەی شار. بەیانی کە بەوێدا تێپەڕینەوە، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە. پەترۆس بیری کەوتەوە و گوتی: «ڕابی، سەیر بکە! دار هەنجیرەکەی نەفرەتت لێکرد، وشک بووە!» عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕتان بە خودا هەبێت. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم کێوە بڵێت ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ لە دڵدا گومان نەکات، بەڵکو باوەڕ بکات ئەوەی دەیڵێت دەبێت، ئەوا بۆی دەبێت. لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو ئەوەی داوای دەکەن و نوێژی بۆ دەکەن، باوەڕ بکەن کە وەرتانگرتووە، بۆتان دەبێت. کاتێک دەوەستن نوێژ بکەن، ئەگەر شتێکتان بەسەر یەکێکەوە هەبێت لێی خۆشبن، تاکو باوکیشتان ئەوەی کە لە ئاسمانە لە گوناهەکانتان خۆشبێت. [بەڵام ئەگەر ئێوە لێ خۆش نەبن، باوکی ئاسمانیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.]» دیسان هاتنەوە ئۆرشەلیم، عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا دەگەڕا، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیران هاتنە لای و لێیان پرسی: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە ئەم شتانە بکەیت؟» عیسا پێی فەرموون: «پرسیارێکتان لێ دەکەم، وەڵامم بدەنەوە، منیش پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم: لەئاوهەڵکێشانی یەحیا لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟ وەڵامم بدەنەوە!» لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو“…» لە خەڵک دەترسان، چونکە یەحیا لەلای هەمووان بەڕاستی بە پێغەمبەر دادەنرا. ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.» عیساش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»