مەرقۆس 35:10-52
مەرقۆس 35:10-52 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
یاقوو و یوخه‌ننه‌نی كوڕه‌كانی زه‌بدی هاتنه لای و پێیان وت: “ڕابی، ده‌مانه‌وێت هه‌رچی داوای ده‌كه‌ین بۆمان بكه‌یت”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “چیتان ده‌وێت بۆتان بكه‌م؟” پێیان وت: “له شكۆمه‌ندییه‌كه‌ت بمانده‌رێ یه‌كێكمان له‌لای ڕاستت و یه‌كێكمان له‌لای چه‌پت دانیشین”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئێوه نازانن داوای چی ده‌كه‌ن. ئایا ده‌توانن ئه‌و جامه بخۆنه‌وه كه من ده‌یخۆمه‌وه، عه‌مادی ئازار بكرێن كه من پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بم؟” پێیان وت: “ده‌توانین”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ئه‌و جامه‌ی من ده‌یخۆمه‌وه، ئێوه‌ش ده‌یخۆنه‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ی من عه‌مادی ئازار ده‌كرێم، ئێوه‌ش عه‌ماد ده‌كرێن. به‌ڵام دانیشتن له‌لای ڕاست و چه‌پمه‌وه بۆم نییه بیده‌م، ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌یه كه بۆیان دانراوه”. كاتێ ده قوتابییه‌كه بیستیان، دڵگران بوون له یاقوو و یوخه‌ننه‌ن. ئیشۆعیش بانگیكردن و پێی فه‌رموون: “خۆتان ده‌زانن ئه‌وانه‌ی به سه‌رۆک نه‌ته‌وه داده‌نرێن سه‌روه‌ری ده‌كه‌ن و گه‌وره‌كانیان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه به‌سه‌ریان. به‌ڵام له‌نێو ئێوه ئاوا نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌نێوتاندا مه‌زن بێت، با ببێته ڕاژه‌وانتان. ئه‌وه‌ش كه ده‌یه‌وێت له‌نێوتاندا یه‌كه‌مین بێت، با ببێته به‌نده‌ی هه‌مووتان. چونكه ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش نه‌هاتووه تاكو ڕاژه بكرێت، به‌ڵكو ڕاژه بكات و له پێناوی زۆر كه‌س ژیانی خۆی به‌خت بكات”. گه‌یشتنه ئه‌ریخو. كاتێ له ئه‌ریخو ده‌رده‌چوو، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی و كۆمه‌ڵانێكی زۆر، سواڵكه‌رێكی نابینا، بارتیمه‌ی كوڕی تیمه، له‌سه‌ر ڕێگا دانیشتبوو. بیستی ئه‌وه ئیشۆعی ناسڕه‌تییه، هاواری كرد: “ئیشۆع، ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێم‌دا بێته‌وه!” زۆر كه‌س لێیان ڕاخوڕی تاكو بێده‌نگ بێت. به‌ڵام زۆر به‌رزتر هاواری ده‌كرد: “ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێم‌دا بێته‌وه!” ئیشۆع ڕاوه‌ستا، فه‌رمانی دا بانگی بكه‌ن. ئه‌وانیش نابیناكه‌یان بانگ‌كرد و پێیان وت: “دڵنیابه! هه‌سته! ئه‌وه‌تا بانگت ده‌كات”. ئیتر كراسه‌كه‌ی فڕێ‌دا و هه‌ستا، هاته لای ئیشۆع. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه و فه‌رمووی: “چیت ده‌وێ بۆت بكه‌م؟” نابیناكه پێی وت: “گه‌وره‌م، با ببینم”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “بڕۆ! باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه”. یه‌كسه‌ر بینییه‌وه و به ڕێگادا دوای ئیشۆع كه‌وت.
مەرقۆس 35:10-52 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدی هاتنە لای و پێیان گوت: «مامۆستا، دەمانەوێت هەرچی داوای دەکەین بۆمان بکەیت.» ئەویش پێی فەرموون: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «کاتێک لەسەر تەختی شکۆمەندییەکەت دانیشتیت، پێمان ڕەوا ببینە یەکێکمان لەلای ڕاستت و یەکێکمان لەلای چەپت دابنیشین.» بەڵام عیسا پێی فەرموون: «نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟ ئایا دەتوانن بەو ئازارەدا تێبپەڕن کە من پێیدا تێدەپەڕم؟» وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.» عیساش پێی فەرموون: «ئەو جامەی من دەیخۆمەوە، ئێوەش دەیخۆنەوە، بەو شێوەیەی من بە ئازاردا تێدەپەڕم، ئێوەش پێیدا تێدەپەڕن. بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، هی من نییە تاکو بیبەخشم. ئەو شوێنانە هی ئەو کەسانەیە کە بۆیان ئامادە کراون.» کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە قسەکانی یاقوب و یۆحەنایان بیستەوە، لێیان تووڕە بوون، بەڵام عیسا بانگی کردن و پێی فەرموون: «دەزانن ئەوانەی بە سەرۆکی نەتەوەکانی دیکە دادەنرێن وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەردا دەسەپێنن. بەڵام لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان. ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەی هەمووتان، چونکە تەنانەت کوڕی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.» ئینجا گەیشتنە شاری ئەریحا. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆر لە شارەکە هاتنە دەرەوە، سواڵکەرێکی نابینا بە ناوی بارتیماوس کە بە واتای کوڕی تیماوس دێت، لەسەر ڕێگا دانیشتبوو. کە بیستی ئەوە عیسای ناسیرەییە، هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێم‌دا بێتەوە!» زۆر کەس ئەویان سەرزەنشت کرد تاکو بێدەنگ بێت. بەڵام زۆر بەرزتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێم‌دا بێتەوە!» عیسا ڕاوەستا و فەرمووی: «بانگی بکەن.» ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ورەت بەرز بێت! هەستە، بانگت دەکات.» ئیتر کەواکەی فڕێ‌دا و هەستا و هاتە لای عیسا. عیسا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» نابیناکە پێی گوت: «ڕابی، دەمەوێ ببینم.» عیساش پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕایەوە و بە ڕێگادا دوای عیسا کەوت.