لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 1:10-52

مەرقۆس 1:10-52 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئینجا ئیشۆع له‌وێ هه‌ستا و هاته‌ ده‌ڤه‌ری ئیهوود له‌وبه‌ری یوردنه‌ن. دیسان كۆمه‌ڵێک لێی كۆبوونه‌وه‌، وه‌ک نه‌ریتی خۆی ئامۆژگاریی ده‌كردن. هه‌ندێک په‌ڕیشی هاتن و پرسیان لێی كرد: “ئایا دروسته‌ مێرد ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “مووشێ چی پێ ڕاسپاردوون؟” وتیان: “مووشێ ڕێی داوه‌ ته‌ڵاقنامه‌ بنووسرێت و ته‌ڵاق بكه‌وێت”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “له‌به‌ر دڵڕه‌قیتان ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ی بۆ نووسین. به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای ئافراندنه‌وه‌، خودا به‌ نێر و مێ ئافراندنی. له‌به‌رئه‌مه‌ پیاو باوک و دایكی به‌جێده‌هێڵێت و به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌لكێت، ئیتر هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ک جه‌سته‌. كه‌واته‌ ئیتر‌ دوو نین، به‌ڵكو یه‌ک جه‌سته‌ن. ئه‌وه‌ی خودا به‌ یه‌كتری گه‌یاندووه‌، مرۆڤ جیای ناكاته‌وه‌”. له‌ ماڵه‌وه‌ش، قوتابییه‌كان دیسان له‌م باره‌یه‌وه‌ لێیان پرسی. پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و یه‌كێكی دیكه‌ بهێنێت، ئه‌وا داوێنپیسی به‌رامبه‌ری ده‌كات. ئه‌گه‌ر ژن مێرده‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و مێرد به‌ یه‌كێكی دیكه‌ بكات، ئه‌وا داوێنپیسی ده‌كات”. منداڵیان بۆ لای هێنا تاكو ده‌ستیان لێ بدات. به‌ڵام قوتابییه‌كان لێیان ڕاخوڕین. كه‌ ئیشۆع ئه‌مه‌ی بینی، پێی ناخۆش بوو، پێی فه‌رموون: “لێگه‌ڕێن منداڵان بێنه‌ لام و قه‌ده‌غه‌یان لێ مه‌كه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تیی خودا هی وه‌ک ئه‌مانه‌یه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی وه‌ک منداڵێک پاشایه‌تیی خودا په‌سه‌ند نه‌كات، ناچێته‌ ناویه‌وه‌”. منداڵه‌كانیشی له‌ باوه‌ش كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانان و داڕشتی كردن. كاتێ ئیشۆع ده‌رده‌چوو به‌ڕێوه‌ بوو، كابرایه‌ک ڕایكرده‌ لای، كڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: “ڕابیی باش، چی بكه‌م تاكو ژیانی جاویدانی به‌ میرات بگرم؟” ئیشۆع پێی فه‌رموو: “بۆچی به‌ باش ناوم ده‌به‌یت؟ بێجگه‌ له‌ خودا كه‌س باش نییه‌. ڕاسپارده‌كان ده‌زانیت: داوێنپیسی مه‌كه‌، مه‌كوژه‌، مه‌دزه‌، گه‌واهیی درۆ مه‌ده‌، تاڵانی مه‌كه‌، ڕێز له‌ باوک و دایكت بگره‌”. ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، له‌ مێردمنداڵییه‌وه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌م پاراستووه‌”. ئیشۆع سه‌یری كرد و خۆشی ویست، پێی فه‌رموو: “شتێكت كه‌مه‌: بڕۆ هه‌موو شتێكت بفرۆشه‌ و بیده‌ هه‌ژاران، گه‌نجینه‌یه‌كت له‌ ئاسماندا ده‌بێت، ئینجا وه‌ره‌ دوام بكه‌وه‌ و خاچه‌كه‌ت هه‌ڵبگره‌”. به‌م قسه‌یه‌ دڵی خورپه‌ی كرد، به‌ دڵته‌نگییه‌وه‌ ڕۆیشت، چونكه‌ سامانێكی زۆری هه‌بوو. ئیشۆع سه‌یری ده‌وروپشتی كرد و به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “چوونه‌ نێوه‌وه‌ی پاشایه‌تیی خودا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند چه‌ند سه‌خته‌!” قوتابییه‌كان له‌ فه‌رمووده‌كانی سه‌رسام بوون، ئیشۆع دیسان پێی فه‌رموون: “ڕۆڵه‌كانم، چوونه‌ نێو پاشایه‌تیی خودا چه‌ند سه‌خته‌ بۆ ئه‌وانه‌ی پشت به‌ سامان ده‌به‌ستن! ڕۆیشتنی گوریسێک به‌ كونی ده‌رزییه‌ک ئاسانتره‌ له‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێک بچێته‌ نێو پاشایه‌تیی خودا”. جا زیاتر سه‌رسام بوون و به‌ یه‌كتریان وت: “كه‌واته‌ كێ ده‌توانێت ڕزگاری بێت؟” ئیشۆعیش سه‌یری كردن، فه‌رمووی: “له‌لای مرۆڤ مه‌حاڵه‌، به‌ڵام له‌لای خودا نا، چونكه‌ له‌لای خودا هه‌موو شتێک ده‌بێت”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌وه‌تا ئێمه‌ وازمان له‌ هه‌موو شتێک هێناوه‌ و دوات كه‌وتووین”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كه‌س نییه‌ ماڵ یان برا یان خوشک یان باوک یان دایک یان منداڵ یان كێڵگه‌ی له‌ پێناوی من و له‌ پێناوی ئینجیل به‌جێهێشتبێت، ئێستا له‌م زه‌مانه‌دا سه‌د ئه‌وه‌نده‌ وه‌رنه‌گرێته‌وه‌ له‌ ماڵ و برا و خوشک و دایک و منداڵ و كێڵگه‌ له‌گه‌ڵ چه‌وسانه‌وه‌، له‌ زه‌مانی داهاتووشدا ژیانی جاویدانی. به‌ڵام زۆر له‌ یه‌كه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ دواهه‌مین، دواهه‌مینیش یه‌كه‌مین”. به‌ ڕێگاوه‌ بۆ یروشلایم سه‌رده‌كه‌وتن، ئیشۆع پێشیان كه‌وتبوو، قوتابییه‌كانیش سه‌رسام ببوون، كاتێ دوای ده‌كه‌وتن ده‌ترسان. دیسان دوازده‌كه‌ی دابڕی و پێیان فه‌رموو كه‌وا چی به‌سه‌ردێت: “ئه‌وا بۆ یروشلایم سه‌رده‌كه‌وین، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ‌ ڕاده‌ستی كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ده‌كرێت، حوكمی مه‌رگی ده‌ده‌ن، ده‌یده‌نه‌ ده‌ست نه‌ته‌وه‌كان، گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن و به‌ قامچی لێی ده‌ده‌ن و تفی لێده‌كه‌ن و ده‌یكوژن. له‌ ڕۆژی سێیه‌میش هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. یاقوو و یوخه‌ننه‌نی كوڕه‌كانی زه‌بدی هاتنه‌ لای و پێیان وت: “ڕابی، ده‌مانه‌وێت هه‌رچی داوای ده‌كه‌ین بۆمان بكه‌یت”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “چیتان ده‌وێت بۆتان بكه‌م؟” پێیان وت: “له‌ شكۆمه‌ندییه‌كه‌ت بمانده‌رێ یه‌كێكمان له‌لای ڕاستت و یه‌كێكمان له‌لای چه‌پت دانیشین”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ نازانن داوای چی ده‌كه‌ن. ئایا ده‌توانن ئه‌و جامه‌ بخۆنه‌وه‌ كه‌ من ده‌یخۆمه‌وه‌، عه‌مادی ئازار بكرێن كه‌ من پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بم؟” پێیان وت: “ده‌توانین”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ئه‌و جامه‌ی من ده‌یخۆمه‌وه‌، ئێوه‌ش ده‌یخۆنه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ی من عه‌مادی ئازار ده‌كرێم، ئێوه‌ش عه‌ماد ده‌كرێن. به‌ڵام دانیشتن له‌لای ڕاست و چه‌پمه‌وه‌ بۆم نییه‌ بیده‌م، ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ بۆیان دانراوه‌”. كاتێ ده‌ قوتابییه‌كه‌ بیستیان، دڵگران بوون له‌ یاقوو و یوخه‌ننه‌ن. ئیشۆعیش بانگیكردن و پێی فه‌رموون: “خۆتان ده‌زانن ئه‌وانه‌ی به‌ سه‌رۆک نه‌ته‌وه‌ داده‌نرێن سه‌روه‌ری ده‌كه‌ن و گه‌وره‌كانیان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ به‌سه‌ریان. به‌ڵام له‌نێو ئێوه‌ ئاوا نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌نێوتاندا مه‌زن بێت، با ببێته‌ ڕاژه‌وانتان. ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یه‌وێت له‌نێوتاندا یه‌كه‌مین بێت، با ببێته‌ به‌نده‌ی هه‌مووتان. چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش نه‌هاتووه‌ تاكو ڕاژه‌ بكرێت، به‌ڵكو ڕاژه‌ بكات و له‌ پێناوی زۆر كه‌س ژیانی خۆی به‌خت بكات”. گه‌یشتنه‌ ئه‌ریخو. كاتێ له‌ ئه‌ریخو ده‌رده‌چوو، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی و كۆمه‌ڵانێكی زۆر، سواڵكه‌رێكی نابینا، بارتیمه‌ی كوڕی تیمه‌، له‌سه‌ر ڕێگا دانیشتبوو. بیستی ئه‌وه‌ ئیشۆعی ناسڕه‌تییه‌، هاواری كرد: “ئیشۆع، ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌!” زۆر كه‌س لێیان ڕاخوڕی تاكو بێده‌نگ بێت. به‌ڵام زۆر به‌رزتر هاواری ده‌كرد: “ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌!” ئیشۆع ڕاوه‌ستا، فه‌رمانی دا بانگی بكه‌ن. ئه‌وانیش نابیناكه‌یان بانگكرد و پێیان وت: “دڵنیابه‌! هه‌سته‌! ئه‌وه‌تا بانگت ده‌كات”. ئیتر كراسه‌كه‌ی فڕێدا و هه‌ستا، هاته‌ لای ئیشۆع. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “چیت ده‌وێ بۆت بكه‌م؟” نابیناكه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، با ببینم”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “بڕۆ! باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌”. یه‌كسه‌ر بینییه‌وه‌ و به‌ ڕێگادا دوای ئیشۆع كه‌وت.

مەرقۆس 1:10-52 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا عیسا ئەوێی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون. دیسان خەڵک لێی کۆبوونەوە، وەک نەریتی خۆی فێری دەکردن. هەندێک فەریسی هاتن و بۆ تاقیکردنەوە پرسیاریان لێی کرد: «ئایا دروستە مێرد ژنەکەی تەڵاق بدات؟» وەڵامی دایەوە: «موسا فەرمانی چی پێ کردوون؟» گوتیان: «موسا ڕێی داوە پیاو تەڵاقنامە بنووسێت و لە ژنەکەی جودا ببێتەوە.» بەڵام عیسا پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان ئەم ڕاسپاردەیەی بۆ نووسین. بەڵام لە سەرەتای بەدیهێنانەوە، خودا ﴿بە نێر و مێ بەدیهێنان.﴾ ﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾ کەواتە چیتر دوو نین، بەڵکو یەک جەستەن. لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.» لە ماڵەوەش، قوتابییەکان دیسان لەم بارەیەوە لێیان پرسی. پێی فەرموون: «ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی بەرامبەر دەکات. ئەگەر ژن مێردەکەی تەڵاق بدات و مێرد بە یەکێکی دیکە بکات، ئەوا داوێنپیسی دەکات.» خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت، بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن. کە عیسا ئەمەی بینی، تووڕە بوو، پێی فەرموون: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.» منداڵەکانیشی لە باوەش کرد، دەستی لەسەر دانان و بەرەکەتی پێدان. کاتێک عیسا خەریک بوو دەڕۆیشت، پیاوێک بە پەلە بەرەو ڕووی هات، کڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە. ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، فێڵ مەکە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾» ئەویش پێی گوت: «مامۆستا، لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.» عیسا سەیری کرد و خۆشیویست، پێی فەرموو: «شتێکت کەمە، بڕۆ هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بیدە بە هەژاران، بەمە گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت، ئینجا وەرە دوام بکەوە.» بەم قسەیە دڵی خورپەی کرد، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو. عیسا سەیری دەوروپشتی کرد و بە قوتابییەکانی فەرموو: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە!» قوتابییەکان لە قسەکانی سەرسام بوون، بەڵام عیسا دیسان پێی فەرموون: «کوڕینە، چوونە ناو شانشینی خودا چەند زەحمەتە! ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.» جا زیاتر سەرسام بوون و بە یەکتریان گوت: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟» عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «لەلای مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا نا، چونکە لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.» پەترۆس دەستی بە قسە کرد و گوتی: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین.» عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ، برا، خوشک، دایک، باوک، منداڵ یان کێڵگەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم بەجێهێشتبێت، ئێستا لەم دنیایە سەد ئەوەندە وەرنەگرێتەوە لە ماڵ، برا، خوشک، دایک، منداڵ و کێڵگە لەگەڵ چەوسانەوە، لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی. بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.» بە ڕێگاوە بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوتن، عیسا پێشیان کەوتبوو، قوتابییەکانیش سەرسام ببوون، ئەوانەی دوای دەکەوتن دەترسان. دیسان دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و دەستی کرد بە باسکردنی ئەو شتانەی کە بەسەری دێت. فەرمووی: «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، بڕیاری مردنی دەدەن، دەیدەنە دەست ناجولەکەکان، گاڵتەی پێ دەکەن و تفی لێدەکەن و بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.» یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدی هاتنە لای و پێیان گوت: «مامۆستا، دەمانەوێت هەرچی داوای دەکەین بۆمان بکەیت.» ئەویش پێی فەرموون: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «کاتێک لەسەر تەختی شکۆمەندییەکەت دانیشتیت، پێمان ڕەوا ببینە یەکێکمان لەلای ڕاستت و یەکێکمان لەلای چەپت دابنیشین.» بەڵام عیسا پێی فەرموون: «نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟ ئایا دەتوانن بەو ئازارەدا تێبپەڕن کە من پێیدا تێدەپەڕم؟» وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.» عیساش پێی فەرموون: «ئەو جامەی من دەیخۆمەوە، ئێوەش دەیخۆنەوە، بەو شێوەیەی من بە ئازاردا تێدەپەڕم، ئێوەش پێیدا تێدەپەڕن. بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، هی من نییە تاکو بیبەخشم. ئەو شوێنانە هی ئەو کەسانەیە کە بۆیان ئامادە کراون.» کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە قسەکانی یاقوب و یۆحەنایان بیستەوە، لێیان تووڕە بوون، بەڵام عیسا بانگی کردن و پێی فەرموون: «دەزانن ئەوانەی بە سەرۆکی نەتەوەکانی دیکە دادەنرێن وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەردا دەسەپێنن. بەڵام لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان. ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەی هەمووتان، چونکە تەنانەت کوڕی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.» ئینجا گەیشتنە شاری ئەریحا. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆر لە شارەکە هاتنە دەرەوە، سواڵکەرێکی نابینا بە ناوی بارتیماوس کە بە واتای کوڕی تیماوس دێت، لەسەر ڕێگا دانیشتبوو. کە بیستی ئەوە عیسای ناسیرەییە، هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» زۆر کەس ئەویان سەرزەنشت کرد تاکو بێدەنگ بێت. بەڵام زۆر بەرزتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» عیسا ڕاوەستا و فەرمووی: «بانگی بکەن.» ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ورەت بەرز بێت! هەستە، بانگت دەکات.» ئیتر کەواکەی فڕێدا و هەستا و هاتە لای عیسا. عیسا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» نابیناکە پێی گوت: «ڕابی، دەمەوێ ببینم.» عیساش پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕایەوە و بە ڕێگادا دوای عیسا کەوت.