لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:3-17

مەتا 1:3-17 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌و ڕۆژانه‌دا، یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار له‌ ده‌شتی ئیهوود هات و موژده‌ی ده‌دا و، ده‌یفه‌رموو: “تۆبه‌ بكه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تی ئاسمانان نزیک بۆته‌وه‌”. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئێشه‌عیا ده‌رباره‌ی وتراوه‌: {ده‌نگی هاوارگه‌رێک له‌ ده‌شتوده‌ره‌وه‌‌ دێ: “ڕێگای په‌روه‌ردگار ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێبازه‌كانی ڕاست بكه‌ن”} . ئه‌م یوخه‌ننه‌نه‌ پۆشاكی له‌ مووی وشتر بوو، كه‌مه‌ری به‌ پشتێنێكی چه‌رم ده‌به‌ست، خواردنیشی كوللـه‌ و هه‌نگوینی كێوی بوو. له‌و كاته‌دا یروشلایم و هه‌موو ئیهوود و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌كانی یوردنه‌ن ده‌رچوون بۆ لای و له‌سه‌ر ده‌ستی له‌ ڕووباری یوردنه‌ن عه‌ماد ده‌كران و دانیان به‌ گوناهه‌كانیان ده‌نا. كه‌ بینی زۆر له‌ په‌ڕیشی و زادوقی بۆ عه‌ماده‌كه‌ی دێن، پێی فه‌رموون: “ئه‌ی بێچوی ماران، كێ ڕێگای پیشانداون له‌ده‌ست تووڕه‌یی داهاتوو هه‌ڵبێن؟ به‌رهه‌مێک بده‌ن له‌ تۆبه‌كردن بوه‌شێته‌وه‌. بیرمه‌كه‌نه‌وه‌ به‌خۆتان بڵێن: ئه‌وڕاهه‌م باوكمانه‌. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، خودا ده‌توانێت له‌م به‌ردانه‌ ڕۆڵه‌ بۆ ئه‌وڕاهه‌م په‌یدا بكات. ئێستاش ته‌ور خراوه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌گی دره‌خته‌كان، هه‌ر دره‌ختێک به‌رهه‌می باش دروست نه‌كات، ده‌بڕدرێته‌وه‌ و فڕێ ده‌درێته‌ نێو ئاگر. من بۆ تۆبه‌كردن به‌ ئاو عه‌مادتان ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوای من دێت، له‌ من به‌هێزتره‌، شایسته‌ی ئه‌وه‌ نیم پێڵاوه‌كانیشی هه‌ڵگرم. ئه‌و به‌ ڕووحی پارسا و به‌ ئاگر عه‌مادتان ده‌كات. ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌نه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، خه‌رمانه‌كه‌ی شه‌نه‌با ده‌كات، گه‌نمه‌كه‌ی له‌ عه‌مباردا كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كایه‌كه‌ به‌ ئاگرێكی نه‌كوژاوه‌ ده‌سووتێنێ”. ئینجا ئیشۆع له‌ گلیلاوه‌ بۆ‌ یوردنه‌ن هات بۆ لای یوخه‌ننه‌ن، تا له‌سه‌ر ده‌ستی عه‌ماد بكرێت. به‌ڵام یوخه‌ننه‌ن نه‌یهێشت و فه‌رمووی: “من پێویستیمه‌‌ له‌سه‌ر ده‌ستی تۆ عه‌ماد بكرێم، كه‌چی تۆ دێیت بۆ لای من؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئێستا ڕێگا بده‌، چونكه‌ ئاوا له‌ ئێمه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌ هه‌موو خوداناسییه‌ک ته‌واو بكه‌ین”. ئینجا ڕێی پێ دا. كاتێ ئیشۆع عه‌ماد كرا، یه‌كسه‌ر له‌ نێو ئاوه‌كه‌ هه‌ستایه‌وه‌. ئاسمانانی بۆ كرایه‌وه‌ و بینی ڕووحی خودا وه‌ک كۆترێک هاته‌ خواره‌وه‌ و هاته‌ سه‌ری. ده‌نگێكیش له‌ ئاسمانانه‌وه‌ فه‌رمووی: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم، كه‌ پێی دڵشادم”.

هاوبەشی بکە
مەتا 3 بخوێنەوە

مەتا 1:3-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەر لەو ڕۆژانەدا، یەحیای لەئاوهەڵکێش لە دەشتی یەهودیا دەرکەوت و پەیامی خودای ڕادەگەیاند، دەیگوت: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.» یەحیا ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە: ﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»﴾ جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە ناوقەدی دەبەست، خواردنیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو. ئیتر خەڵکی ئۆرشەلیم و تەواوی یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردون هاتنە لای، دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران. کە بینی زۆر لە فەریسی و سەدوقییەکان بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. پێتان وا نەبێت دەتوانن بەخۆتان بڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە. «من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت، لە من بەتواناترە، شایانی ئەوە نیم تەنانەت پێڵاوەکانیشی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت. شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.» ئینجا عیسا لە ناوچەی جەلیلەوە هاتە سەر ڕووباری ئوردون، تاوەکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت. بەڵام یەحیا دەیویست ڕێی لێ بگرێت و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟» عیساش وەڵامی دایەوە: «لە ئێستادا ڕێگا بدە بەم جۆرە بێت، چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە بۆ ئەوەی هەموو ڕاستودروستییەک بێتە دی.» ئینجا ڕێی دا. هەرکە عیسا لە ئاو هەڵکێشرا، لە ئاوەکە هاتە دەرەوە. لەو ساتەدا ئاسمان کرایەوە و ڕۆحی خودای بینی وەک کۆترێک هاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە. دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»

هاوبەشی بکە
مەتا 3 بخوێنەوە