لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 11:27-56

مەتا 11:27-56 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئیشۆعیش له‌به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وا ڕاوه‌ستا، فه‌رمانڕه‌وا لێی پرسی، وتی: “ئایا تۆ پاشای جووی؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “خۆت ده‌ڵێیت”. كاتێ كاهینانی باڵا و پیران سكاڵایان لێی ده‌كرد، هیچ وه‌ڵامی نه‌ده‌دایه‌وه‌. پیڵاتوس پێی وت: “گوێت لێ نییه‌ چه‌ند گه‌واهیت له‌سه‌ر ده‌ده‌ن؟” به‌ڵام ئیشۆع ته‌نانه‌ت به‌ وشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، فه‌رمانڕه‌واش زۆر سه‌رسام بوو. له‌ جه‌ژندا فه‌رمانڕه‌وا كردبوویه‌ نه‌ریت، گیراوێک بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ ئازاد بكات، ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت. له‌و كاته‌دا گیراوێكی به‌ناوبانگیان هه‌بوو، ناوی به‌ڕئه‌ببا بوو. جا كاتێ كۆببوونه‌وه‌، پیڵاتوس پێی وتن: “كێتان ده‌وێ بۆتانی به‌ربده‌م؟ به‌ڕئه‌ببا یان ئیشۆع، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ مه‌سیح؟” چونكه‌ زانی له‌ به‌ر ئیره‌یی ئیشۆعیان ڕاده‌ست كردبوو. كاتێ له‌سه‌ر ته‌ختی دادگایی دانیشتبوو، ژنه‌كه‌ی هه‌واڵی بۆ نارد و وتی: “نه‌كه‌ی شتێک له‌و بێتاوانه‌ بكه‌ی، چونكه‌ ئه‌مڕۆ له‌ خه‌وندا له‌به‌ر ئه‌و زۆر ئازارم چێژتووه‌”. به‌ڵام كاهینانی باڵا و پیران كۆمه‌ڵانه‌كه‌یان جۆش دا كه‌ داوای به‌ڕئه‌ببا بكه‌ن و ئیشۆع له‌ناوببه‌ن. فه‌رمانڕه‌وا وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی وتن: “له‌م دووانه‌ كامه‌تان ده‌وێ بۆتان ئازاد بكه‌م؟” وتیان: “به‌ڕئه‌ببا!”. پیڵاتوس پێی وتن: “ئه‌ی چی له‌ ئیشۆع بكه‌م، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ مه‌سیح؟” هه‌موو وتیان: “با له‌خاچ بدرێت!” ئه‌ویش وتی: “بۆ؟ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟” به‌ڵام زیاتر هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “با له‌خاچ بدرێت!” پیڵاتوس بینی سوودی نییه‌ و خه‌ریكه‌ ئاژاوه‌ ڕووده‌دات، ئاوی هێنا و له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌ستی شوشت و وتی: “من بێتاوانم له‌ خوێنی ئه‌م بێتاوانه‌! له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌یه‌!” گه‌ل هه‌موو وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “با خوێنی له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌ و منداڵمان بێت” ئه‌وسا به‌ڕئه‌ببای بۆ ئازاد كردن، به‌ڵام ئیشۆعی دایه‌ به‌ر قامچی و ڕاده‌ستی كرد بۆ له‌خاچدان. سه‌ربازه‌كانی فه‌رمانڕه‌وا ئیشۆعیان بۆ كۆشكی فه‌رمانڕه‌وا برد و ته‌واوی تیپه‌كه‌یان لێ كۆكرده‌وه‌. ڕووتیان كرده‌وه‌ و عه‌بایه‌كی سووریان له‌به‌ركرد. هه‌روه‌ها تاجێكی دڕكیان هۆنییه‌وه‌ و له‌ سه‌ریان كرد، قامیشێكیان دایه‌ ده‌ستی ڕاستی، له‌به‌رده‌می چۆكیان دادا و گاڵته‌یان پێ كرد و ده‌یانووت: “سڵاو ئه‌ی پاشای جوو!” تفیان لێكرد، قامیشه‌كه‌یان برد و به‌سه‌ریاندا كێشا. دوای ئه‌وه‌ی گاڵته‌یان پێكرد، عه‌بایه‌كه‌یان له‌به‌ر داكه‌ند و كراسه‌كه‌ی خۆیان له‌به‌ركرده‌وه‌، بۆ له‌خاچدانیان برد. كاتێ ده‌رچوون پیاوێكی قه‌ورینێیان بینی ناوی شیمعون بوو، ناچاریان كرد خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت. كه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی پێی ده‌ووترا گاغولتا، ناونراوه‌ “شوێنی كاسه‌سه‌ر” سركه‌ی تێكه‌ڵ به‌ زراویان دایه‌ ئیشۆع تاكو بیخواته‌وه‌، كه‌ تامی كرد نه‌یویست بیخواته‌وه‌. كه‌ له‌خاچیان دا، به‌ تیروپشک كراسه‌كه‌یان دابه‌شكرد. تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌رێک وتراوه‌ بێته‌دی: {پۆشاكه‌كه‌م نێوان خۆیان دابه‌شكرد و له‌سه‌ر كراسه‌كه‌م تیروپشكیان كرد} ئینجا له‌وێ دانیشتن و ئێشكیان بۆ گرت. له‌ ژوور سه‌ریه‌وه‌ تاواننامه‌كه‌یان دانا كه‌ نووسرابوو: “ئه‌مه‌ ئیشۆعه‌، پاشای جوو”. ئه‌وسا دوو دز له‌گه‌ڵی له‌خاچدران، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و یه‌كێک له‌لای چه‌پی. ڕێبواران جنێویان پێده‌دا و سه‌ریان ده‌له‌قاند و ده‌یانووت: “ئه‌ی ڕووخێنه‌ری په‌رستگا و بنیادنه‌ره‌وه‌ی له‌ سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بكه‌! ئه‌گه‌ر تۆ ڕۆڵه‌ی خودای، له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زه‌!” به‌هه‌مان شێوه‌ كاهینانی باڵا له‌گه‌ڵ ته‌وراتزان و پیران گاڵته‌یان پێده‌كرد و ده‌یانووت: “خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگار كرد، به‌ڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بكات! ئه‌گه‌ر ئه‌و پاشای ئیسڕائیله‌! با ئێستا له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زێت، باوه‌ڕی پێده‌هێنین. پشتی به‌ خودا به‌ست، با ئێستا ڕزگاری بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌می ده‌وێت! چونكه‌ وتی: من ڕۆڵه‌ی خودام!”. دزه‌كانیش كه‌ له‌گه‌ڵی له‌خاچدرابوون گاڵته‌یان پێده‌كرد. له‌ كاژێر دوازده‌وه‌ تاكو سێ، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو. نزیكه‌ی كاژێر سێ ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و وتی: “ئێلی، ئێلی، له‌ما شه‌به‌قته‌نی؟” واتا: خودایه‌، خودایه‌، بۆ به‌جێت هێشتم؟ هه‌ندێک له‌وانه‌ی له‌وێ ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێیبوو، وتیان: “ئه‌وه‌ بانگی ئیلییا ده‌كات”. یه‌كسه‌ر یه‌كێک له‌وان ڕایكرد و هه‌ورییه‌كی برد، له‌ سركه‌ی هه‌ڵكێشا و به‌سه‌ری قامیشێكه‌وه‌ پێیدا، تاكو بیخواته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ وتیان: “لێگه‌ڕێ، با بزانین ئیلییا دێت ڕزگاری بكات!”. ئیشۆع دیسان به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و ڕووحی سپارد. له‌و كاته‌دا په‌رده‌ی په‌رستگا له‌ سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ دڕا و بووه‌ دوو له‌ت. زه‌وی له‌رزی و به‌رد درزیان برد و گۆڕه‌كان كرانه‌وه‌، زۆرێک له‌ جه‌سته‌ی پارساكانی نووستوو هه‌ستانه‌وه‌. دوای هه‌ستانه‌وه‌كه‌شی له‌ گۆڕه‌كان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ نێو شاری پارسا، بۆ زۆر كه‌سیش ده‌ركه‌وتن. به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و چاودێری ئیشۆعیان ده‌كرد، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ و ئه‌و شتانه‌یان بینی كه‌ ڕوویدا، زۆر ترسان و وتیان: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودا بوو!” زۆر ژن له‌وێ بوون، له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد، ئه‌وانه‌ی له‌ گلیلاوه‌ دوای ئیشۆع كه‌وتبوون و ڕاژه‌یان ده‌كرد، مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یاقوو و یۆسپ، له‌گه‌ڵ دایكی دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی له‌نێویان بوون.

هاوبەشی بکە
مەتا 27 بخوێنەوە

مەتا 11:27-56 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیساش لەبەردەم پیلاتۆسی فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەواش لێی پرسی و گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟» عیساش فەرمووی: «خۆت گوتت.» کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە. پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟» بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو. لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات. لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو کە ناوی باراباس بوو. لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «دەتانەوێت کێتان بۆ ئازاد بکەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو. کاتێک پیلاتۆس لەسەر کورسی دادوەری دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژت.» بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوا بکەن باراباس ئازاد بکرێ و عیسا لەناو ببردرێت. فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟» گوتیان: «باراباس.» پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!» ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!» پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!» گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!» ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت. سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە. ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان لەبەرکرد. هەروەها تاجێکیان لە دڕک دروستکرد و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!» تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا. دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردیان تاوەکو لە خاچی بدەن. کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، کە بە واتای «شوێنی کاسەسەر» دێت، شەرابی تێکەڵ بە تاڵاویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە. کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد. ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت. لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو: «ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.» دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!» بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد و دەیانگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! ئەگەر پاشای ئیسرائیلە، با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین! پشتی بە خودا بەست، با ئێستا خودا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“» دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون قسەیان پێ دەگوت. لە کاتژمێر دوازدەوە هەتا سێ، تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا. نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟ ﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾ دێت. کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!» دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە، بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات؟» عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد. لەو کاتەدا پەردەی پەرستگا لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە. دوای هەستانەوەی عیسا، لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن. کاتێک سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵی پاسەوانیی عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!» زۆر ژن لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب و یوسف، لەگەڵ دایکی کوڕەکانی زەبدی لەنێویان بوون.

هاوبەشی بکە
مەتا 27 بخوێنەوە