لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:23-39

مەتا 1:23-39 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئینجا ئیشۆع به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ و قوتابییه‌كانی خۆی فه‌رموو: ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان له‌سه‌ر ته‌ختی مووشێ دانیشتن. بۆیه‌ هه‌رچییه‌كتان پێ ده‌ڵێن بیكه‌ن و ڕایبگرن، به‌ڵام به‌ كرداری ئه‌وان مه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن و نایكه‌ن. باری قورس كه‌ هه‌ڵناگیرێت، ده‌یپێچنه‌وه‌ و ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر شانی خه‌ڵكی، به‌ڵام خۆیان نایانه‌وێت به‌ په‌نجه‌ش بیجووڵێنن. هه‌موو كرداره‌كانیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی بیانبینن، به‌ پانكردنی نوشته‌كانیان و گه‌وره‌كردنی گوڵینگی ڕیشاڵه‌كانیان. حه‌زده‌كه‌ن له‌ میوانداری له‌لای سه‌ره‌وه‌ و له‌ كه‌نیشته‌كانیش ڕیزی پێشه‌وه‌ دابنیشن، له‌ بازاڕیشدا سڵاویان لێ بكرێت و خه‌ڵک به‌ ڕابی بانگیان بكه‌ن! به‌ڵام با ئێوه‌ به‌ ڕابی بانگ نه‌كرێن، چونكه‌ ته‌نها یه‌ک ڕابیتان هه‌یه‌ كه‌ مه‌سیحه‌ و ئێوه‌ش هه‌موو بران. كه‌سیش له‌سه‌ر زه‌وی به‌ باوک بانگ مه‌كه‌ن، چونكه‌ یه‌ک باوكتان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ئاسماناندایه‌. به‌ ڕابی بانگ نه‌كرێن، چونكه‌ یه‌ک ڕابیتان هه‌یه‌، ئه‌ویش مه‌سیحه‌. با گه‌وره‌ترینتان ڕاژه‌وانتان بێت. ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بكات نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكات به‌رز ده‌كرێته‌وه‌. به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ڕووی خه‌ڵک داده‌خه‌ن، نه‌ خۆتان ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌ و نه‌ ده‌هێڵن ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌ بچنه‌ ژووره‌وه‌. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن، بۆ ده‌رخستنیش نوێژ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ سزاتان مه‌زنتره‌. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! ده‌ریا و وشكایی ده‌گه‌ڕێن تاكو یه‌كێک بكه‌نه‌ جوو، كه‌ بوو، ئه‌وسا دوو ئه‌وه‌نده‌ی خۆتان ده‌یكه‌نه‌ ڕۆڵه‌ی دۆزه‌خ. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ڕابه‌ره‌ كوێره‌كان! ده‌ڵێن: ئه‌وه‌ی سوێند به‌ په‌رستگا بخوات، هیچ نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سوێند به‌ زێڕی په‌رستگا بخوات، ئه‌وا پابه‌نده‌. ئه‌ی نه‌زان و كوێرینه‌! كامیان مه‌زنتره‌، زێڕه‌كه‌! یان په‌رستگا كه‌ زێڕه‌كه‌ پارسا ده‌كات؟ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانگا بخوات، هیچ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانییه‌كه‌ی سه‌ری بخوات، ئه‌وا پابه‌نده‌. ئه‌ی نه‌زان و كوێرینه‌! كامیان مه‌زنتره‌، قوربانی! یان قوربانگا كه‌ قوربانییه‌كه‌ پارسا ده‌كات؟ بۆیه‌ ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانگا ده‌خوات، ئه‌وا سوێند به‌و ده‌خوات و به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ش كه‌ له‌سه‌ریه‌تی! ئه‌وه‌ی سوێند به‌ په‌رستگا ده‌خوات، ئه‌وا سوێند به‌و ده‌خوات و به‌ ئه‌وه‌ش كه‌ تیایدا نیشته‌جێیه‌. ئه‌وه‌ی سوێند به‌ ئاسمان ده‌خوات، ئه‌وا سوێند به‌ ته‌ختی خودا ده‌خوات و به‌وه‌ش كه‌ له‌سه‌ری دانیشتووه‌. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ ده‌یه‌كی پونگ و شبیت و زیره‌ ده‌ده‌ن و گرنگترینی ته‌وراتتان پشتگوێ خستووه‌: ڕه‌وا و به‌زه‌یی و باوه‌ڕ، پێویست بوو ئه‌مانه‌ بكه‌ن و ئه‌وانه‌ش پشتگوێ نه‌خه‌ن. ئه‌ی ڕابه‌ره‌ كوێره‌كان! ئێوه‌ مێشووله‌ ده‌پاڵێون، به‌ڵام وشتر قووت ده‌ده‌ن. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ ده‌ره‌وه‌ی جام و قاپ پاک ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ناوه‌كه‌ی پڕه‌ له‌ چڵێسی و به‌ڕه‌ڵایی. ئه‌ی په‌ڕیشیی كوێر! یه‌كه‌مجار نێو جام پاک بكه‌وه‌، تاكو ده‌ره‌وه‌شی پاک بێته‌وه‌. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ ئێوه‌ له‌ گۆڕی سپیكراو ده‌چن، كه‌ به‌ ڕواڵه‌ت جوان دیاره‌، به‌ڵام ناوه‌وه‌ی پڕه‌ له‌ ئێسقانی مردووان و هه‌موو گڵاوییه‌ک. ئێوه‌ش ئاوان، به‌ ڕواڵه‌ت له‌لای خه‌ڵک خوداناسن، به‌ڵام ناوه‌وه‌تان پڕه‌ له‌ ڕووپامایی و تاوان. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ ئێوه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ران هه‌ڵده‌به‌ستن و ئارامگای پیاوچاكان ده‌ڕازێننه‌وه‌ و ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می باوباپیراندا بژیاینایه‌، له‌ خوێنی پێغه‌مبه‌ران به‌شداریان نه‌ده‌بووین. ئێوه‌ گه‌واهی له‌سه‌ر خۆتان ده‌ده‌ن كه‌ ڕۆڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر كوژانن. جا ئێوه‌ پێوانه‌ی باوباپیرانتان پڕ بكه‌ن. ئه‌ی مارینه‌! بێچوی كۆره‌ماران! چۆن له‌ حوكمی دۆزه‌خ هه‌ڵدێن؟ بۆیه‌ ئه‌وه‌تا پێغه‌مبه‌ر و دانا و ته‌وراتزانتان بۆ ده‌نێرم. لێیان ده‌كوژن و له‌خاچیان ده‌ده‌ن، له‌ كه‌نیشته‌كانتان به‌ر قامچییان ده‌ده‌ن و له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی دیكه‌ قاویان ده‌ده‌ن. بۆیه‌ هه‌موو خوێنێكی پێگه‌رد كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌دا ڕژاوه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆتان، له‌ خوێنی هاویلی بێتاوانه‌وه‌ تاكو خوێنی زخه‌ریای كوڕی بڕخیا، كه‌ له‌نێوان قوربانگا و په‌رستگادا كوشتتان. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئۆباڵی هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌م نه‌وه‌یه‌! یروشلایم، یروشلایم! بكوژی پێغه‌مبه‌ران و به‌ردبارانكاری په‌یامبه‌رانت، چه‌ند جار ویستم ڕۆڵه‌كانت كۆبكه‌مه‌وه‌، وه‌ک مریشک جوجه‌ڵه‌كانی له‌ ژێر باڵیدا كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌تانویست! ئه‌وه‌تا ماڵه‌كه‌تان به‌ وێرانی بۆ ده‌مێنێت! چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، ئه‌وه‌تا نامبیننه‌وه‌، تا ده‌ڵێن: {پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت} !”.

هاوبەشی بکە
مەتا 23 بخوێنەوە

مەتا 1:23-39 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاشان عیسا بە خەڵکەکە و قوتابییەکانی خۆی فەرموو: «مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لەسەر کورسی موسا دانیشتن. لەبەر ئەوە ڕێک هەموو ئەوانە جێبەجێ بکەن کە پێتان دەڵێن، بەڵام بە کرداری ئەوان مەکەن، چونکە ئەوان باسی شتێک دەکەن، بەڵام خۆیان کاری پێ ناکەن. باری قورس و گران دەپێچنەوە و دەیخەنە سەر شانی خەڵکی، بەڵام خۆیان نایانەوێت بە هیچ شێوەیەک لە هەڵگرتنی بارەکاندا یارمەتییان بدەن. «هەموو کردارەکانیان بۆ ئەوەیە خەڵکی بیانبینن، بە پانکردنی نوشتەکانیان و گەورەکردنی گوڵینگەکانیان. حەز دەکەن لە میوانیدا لەلای سەرەوە و لە کەنیشتەکانیش لە ڕیزی پێشەوە دابنیشن، لە بازاڕیشدا سڵاویان لێ بکرێت و خەڵک بە ”ڕابی“ بانگیان بکەن. «بەڵام با ئێوە بە ”ڕابی“ بانگ نەکرێن، چونکە تەنها یەک مامۆستاتان هەیە و ئێوەش هەموو بران. کەسیش لەسەر زەوی بە ”باوک“ بانگ مەکەن، چونکە یەک باوکتان هەیە، ئەوەی لە ئاسمانە. با بە ”مامۆستا“ بانگ نەکرێن، چونکە یەک مامۆستاتان هەیە، ئەویش مەسیحە. ئەوەی لەنێوتان پایەبەرزترە، دەبێتە خزمەتکارتان. ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە. «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەرگای شانشینی ئاسمان بە ڕووی خەڵکدا دادەخەن، نە خۆتان دەچنە ژوورەوە و نە دەهێڵن ئەوانەی کە دەیانەوێ، بچنە ژوورەوە. [«قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن، بۆ خۆدەرخستنیش نوێژ درێژ دەکەنەوە، لەبەر ئەوە سزاتان گەورەترە.] «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! دەریا و وشکانی دەگەڕێن تاکو یەکێک بکەنە جولەکە، کە بووە جولەکە، ئەوسا دوو ئەوەندەی خۆتان دەیکەنە کوڕی دۆزەخ. «قوڕبەسەرتان ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە پەرستگا بخوات، هیچ نییە. بەڵام ئەوەی سوێند بە زێڕی پەرستگا بخوات، ئەوا دەبێت سوێندەکەی بباتەسەر.“ ئەی گێل و کوێرینە! کامیان گرنگترە، زێڕەکە یان پەرستگا کە زێڕەکە پیرۆز دەکات؟ هەروەها ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە قوربانگا بخوات، هیچ نییە، بەڵام ئەوەی سوێند بە قوربانییەکەی سەری بخوات، ئەوا دەبێت سوێندەکەی بباتەسەر.“ ئەی کوێرینە کامیان گرنگترە، قوربانی یان قوربانگا کە قوربانییەکە پیرۆز دەکات؟ بۆیە ئەوەی سوێند بە قوربانگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە هەموو ئەوەش کە لەسەریەتی. ئەوەی سوێند بە پەرستگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە ئەوەش کە تێیدا نیشتەجێیە. ئەوەی سوێند بە ئاسمان دەخوات، ئەوا سوێند بە تەختی خودا دەخوات و بەوەش کە لەسەری دانیشتووە. «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەیەکی پونگ و شویت و زیرە دەدەن بەڵام ڕاسپاردە گرنگەکانی تەورات وەکو دادپەروەری و بەزەیی و دڵسۆزیتان پشتگوێ خستووە. پێویست بوو ئەمانە پەیڕەو بکەن و ئەوانەی دیکەش پشتگوێ نەخەن. ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە شلەمەنی لە مێشوولە دەپاڵێون، بەڵام وشتر قووتدەدەن! «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناوەکەی پڕە لە چاوچنۆکی و بەڕەڵایی. ئەی فەریسی کوێر، یەکەم جار ناو جام پاک بکەرەوە، تاکو دەرەوەشی پاک بێتەوە. «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە ئێوە لە گۆڕی سپیکراو دەچن، کە بە ڕواڵەت جوان دیارە، بەڵام ناوەوەی پڕە لە ئێسقانی مردووان و هەموو پیسییەک. ئێوەش ئاوان، بە ڕواڵەت لەلای خەڵک ڕاستودروستن، بەڵام ناختان پڕە لە دووڕوویی و خراپە. «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن و ئارامگای پیاوچاکان دەڕازێننەوە و دەڵێن: ”ئەگەر لە سەردەمی باوباپیراندا بژیاینایە، لە خوێنڕشتنی پێغەمبەران بەشداریان نەدەبووین.“ کەواتە شایەتی لەسەر خۆتان دەدەن کە نەوەی بکوژانی پێغەمبەرانن. جا ئێوە پێوانەی باوباپیرانتان پڕ بکەن! «ئەی مارینە! ئەی بێچووە ماران! چۆن لە سزای دۆزەخ هەڵدێن؟ لەبەر ئەمەیە ئەوەتا پێغەمبەر و دانا و مامۆستایانی تەوراتتان بۆ دەنێرم. هەندێکیان دەکوژن و لە خاچیان دەدەن، هەندێکی دیکەیان لە کەنیشتەکانتان بەر قامچی دەدەن و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە ڕاویان دەنێن. لەبەر ئەوە خوێنی هەموو پیاوچاکان کە لەسەر ئەم زەوییەدا ڕژاوە دەکەوێتە ئەستۆتان، لە خوێنی هابیلی ڕاستودروستەوە هەتا خوێنی زەکەریای کوڕی بەرەخیا کە لەنێوان قوربانگا و پەرستگادا کوشتتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئۆباڵی هەموو ئەمانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم نەوەیە.» «ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست. ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ! پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتەی دەڵێن: ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.﴾»

هاوبەشی بکە
مەتا 23 بخوێنەوە