لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:21-46

مەتا 1:21-46 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ له‌ یروشلایم نزیک بوونه‌وه‌، گه‌یشتنه‌ بێتفاجی لای كێوی زه‌یتوون، ئیشۆع دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، یه‌كسه‌ر ماكه‌رێک ده‌بینن به‌ستراوه‌ته‌وه‌، جاشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵه‌. بیكه‌نه‌وه‌ و بۆمیان بهێنن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک شتێكی پێ وتن، بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیانه‌، ئه‌ویش یه‌كسه‌ر ده‌یاننێرێت”. ئه‌مه‌ش ڕوویدا تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ وتراوه‌ بێته‌دی كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {به‌ كچه‌كه‌ی سهیۆن بڵێن، ئه‌وه‌تا پاشاكه‌ت دێته‌ لات، دڵنه‌رمه‌ و سواری ماكه‌رێک و جاشی ماكه‌رێک بووه‌} . دوو قوتابییه‌كه‌ ڕۆیشتن، وه‌ک ئیشۆع فه‌رمانی پێدابوون، كردیان. ماكه‌ر و جاشه‌كه‌یان هێنا، جلوبه‌رگه‌كانیان له‌سه‌ر پشتیان ڕاخست و ئیشۆع سواربوو. كۆمه‌ڵانێكی زۆرتر جلوبه‌رگه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕاخست. خه‌ڵكی دیكه‌ لقیان له‌ دار بڕییه‌وه‌ و له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕایانخست. ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ی وا له‌ پێشی ده‌ڕۆیشتن و ئه‌وانه‌ش كه‌ دوای كه‌وتبوون، هاواریان ده‌كرد: “هۆشانا بۆ ڕۆڵه‌ی داوید! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت! هۆشانا له‌ به‌رزایی!” كاتێ چووه‌ نێو یروشلایم، هه‌موو شاره‌كه‌ خرۆشا و وتیان: “ئه‌مه‌ كێیه‌؟” كۆمه‌ڵانه‌كه‌ش وتیان: “ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ر ئیشۆعه‌، خه‌ڵكی ناسڕه‌تی گلیلایه‌”. ئیشۆع چووه‌ نێو په‌رستگای خودا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ركرد كه‌ كڕین و فرۆشتنیان له‌ په‌رستگادا ده‌كرد، مێزی پاره‌گۆڕه‌وان و ته‌ختی كۆترفرۆشانی وه‌رگێڕا. پێی فه‌رموون: “نووسراوه‌، {ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌بردرێت} ، به‌ڵام ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان!} نابینا و شه‌له‌كان له‌ په‌رستگا هاتنه‌ لای و ئه‌ویش چاكیكردنه‌وه‌. به‌ڵام كاتێ كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ئه‌م كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌یان بینی كه‌ ئه‌و كردی و منداڵانیش له‌ په‌رستگا هاواریان ده‌كرد: “هۆشانا بۆ ڕۆڵه‌ی داوید”، ڕقیان هه‌ستا و پێیان وت: “گوێت لێیه‌ ئه‌وانه‌ چی ده‌ڵێن؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “به‌ڵێ! ئه‌ی قه‌ت نه‌تانخوێندۆته‌وه‌: {له‌ زاری منداڵان و شیره‌خۆرانه‌وه‌ ستایشت بۆ خۆت داڕشتووه‌؟} ” ئه‌وسا به‌جێیهێشتن و به‌ره‌و بتعه‌نیا چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، شه‌و له‌وێ مایه‌وه‌. به‌یانی كه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ شار، برسیی بوو. دارهه‌نجیرێكی له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ بینی و هاته‌ لای، له‌ گه‌ڵا زیاتر هیچی پێوه‌ نه‌بینی، ئینجا پێی فه‌رموو: “ئیتر تاهه‌تایه‌ به‌ر نه‌گریت!”. یه‌كسه‌ر دارهه‌نجیره‌كه‌ وشک بوو. كاتێ قوتابییه‌كان ئه‌وه‌یان بینی، سه‌رسام بوون و وتیان: “چۆن یه‌كسه‌ر دارهه‌نجیره‌كه‌ وشک بوو؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان هه‌بێت و گومان نه‌كه‌ن، نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ی دارهه‌نجیره‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌م كێوه‌ش بڵێن، هه‌ڵبكه‌ندرێ و بكه‌وه‌ نێو ده‌ریاوه‌، وا ده‌بێت. جا هه‌رچی له‌ نوێژدا به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ داوای بكه‌ن، وه‌ریده‌گرن”. كه‌ هاته‌ په‌رستگا و خه‌ڵكه‌كه‌ی فێرده‌كرد، كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌ل هاتنه‌ لای و وتیان: “ئه‌مانه‌ به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی پێت داوه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش پرسێكتان لێ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامتان دامه‌وه‌، منیش پێتان ده‌ڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م. عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن، له‌كوێوه‌ بوو؟ له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟” ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌، وتیان: “ئه‌گه‌ر بڵێین له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو، پێمان ده‌ڵێت بۆچی باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا؟ ئه‌گه‌ریش بڵێین له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو، له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ترسین، چونكه‌ هه‌موو یوخه‌ننه‌ن به‌ پێغه‌مبه‌ر داده‌نێن”. ئینجا وه‌ڵامی ئیشۆعیان دایه‌وه‌ و وتیان: “نازانین”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م”. “ڕاتان چییه‌؟ پیاوێک دوو كوڕی هه‌بوو. هاته‌ لای یه‌كه‌میان و وتی: ڕۆڵه‌، ئه‌مڕۆ بڕۆ له‌ ڕه‌زه‌كه‌مدا كار بكه‌. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: ناڕۆم. پاشان په‌شیمان بووه‌وه‌ و ڕۆیشت. هاته‌ لای دووه‌م و هه‌مان قسه‌ی كرد. وه‌ڵامی دایه‌وه‌: به‌سه‌رچاو، گه‌وره‌م! به‌ڵام نه‌ڕۆیشت. ئایا كام له‌م دووانه‌ به‌ خواستی باوكیان كرد؟” وتیان: “یه‌كه‌میان”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: باجگران و داوێنپیسان له‌ چوونه‌ نێو پاشایه‌تیی خودا پێشتان ده‌كه‌ون. چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن به‌ ڕێگای ڕه‌وا بۆ لاتان هات و باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا، به‌ڵام باجگران و داوێنپیسان باوه‌ڕیان پێی هێنا. دواتر كه‌ بینیشتان، هه‌ر تۆبه‌تان نه‌كرد و باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا”. “گوێ له‌ په‌ندێكی دیكه‌ بگرن: گه‌وره‌ی ماڵێک هه‌بوو ڕه‌زێكی چاند، ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی په‌رژین كرد، گوشێنه‌رێكی ترێی تێدا هه‌ڵكۆڵی و قوللـه‌یه‌كی بنیاد نا. به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد و گه‌شتی كرد. كاتێ وه‌رزی به‌رهه‌م نزیک بووه‌وه‌، كۆیله‌كانی نارده‌ لای ڕه‌زه‌وانه‌كان تاكو به‌رهه‌مه‌كه‌ی وه‌ربگرن. ڕه‌زه‌وانه‌كان كۆیله‌كانیان گرت، له‌ هه‌ندێكیان دا و هه‌ندێكیان كوشت و هه‌ندێكیشیان به‌ردباران كرد. دیسان كۆیله‌ی زیاتری له‌وانه‌ی پێشوو نارد، هه‌مان شتیان له‌وانیش كرد. له‌ كۆتاییدا كوڕه‌كه‌ی بۆ لایان نارد، وتی: ڕێزی كوڕه‌كه‌م ده‌گرن! به‌ڵام ڕه‌زه‌وانه‌كان كه‌ كوڕه‌كه‌یان بینی له‌نێو خۆیاندا وتیان: ئه‌مه‌تا میراتگر!، با بیكوژین، تاكو میراته‌كه‌ی ببه‌ین! ئینجا گرتییان و بردیانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌ و كوشتیان. كاتێ خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ دێت، چی له‌و ڕه‌زه‌وانانه‌ ده‌كات؟” پێیان وت: “ئه‌و به‌دكارانه‌ به‌ خراپی له‌ناوده‌بات و ڕه‌زه‌كه‌ش ده‌داته‌ ده‌ست ڕه‌زه‌وانانی دیكه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ وه‌رزی خۆی به‌رهه‌می ده‌ده‌نێ”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “قه‌ت له‌ په‌رتووكه‌كاندا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌ بووه‌ به‌ردی قولینچک؟ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بوو، له‌به‌رچاومان سه‌یره‌؟} بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: پاشایه‌تیی خودا لێتان ده‌سه‌نرێته‌وه‌ و ده‌درێته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک كه‌ به‌رهه‌م ده‌دات. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م به‌رده‌دا بكه‌وێت تێكده‌شكێت، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌سه‌ریدا بكه‌وێت پانی ده‌كاته‌وه‌!”. كاتێ كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان په‌نده‌كانیان بیست، زانییان باسی ئه‌وان ده‌كات. بۆیه‌ ده‌یانویست بیگرن، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ ترسان، چونكه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ریان داده‌نا.

هاوبەشی بکە
مەتا 21 بخوێنەوە

مەتا 1:21-46 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە و گەیشتنە گوندی بێت‌فاجی لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد و پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، دەستبەجێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە، جاشکەکەی لەگەڵە. بیکەنەوە و بۆ منیان بهێنن. ئەگەر یەکێک شتێکی پێ گوتن، دەڵێن: گەورەمان پێویستی پێیانە، ئەویش یەکسەر دەیاننێرێت.» ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە گوتراوە بێتە دی کە دەفەرموێ: ﴿بە شاری سییۆن بڵێن، ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە.﴾ قوتابییەکان ڕۆیشتن و وەک ئەوەی عیسا فەرمانی پێدابوون، کردیان. ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، کەواکانیان خستە سەر پشتی و عیسا سواربوو. خەڵکێکی ئێجگار زۆر کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست. خەڵکی دیکە لقە داریان دەبڕییەوە و لەسەر ڕێگاکە ڕایاندەخست. ئەو خەڵکەی لەپێشی دەڕۆیشتن و ئەوانەش کە دوای کەوتبوون، هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» «﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾» «هۆسانا بۆ خودا!» کاتێک عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم، هەموو شارەکە خرۆشا و گوتیان: «ئەمە کێیە؟» خەڵکەکەش دەیانگوت: «ئەمە پێغەمبەر عیسایە، خەڵکی ناسیرەی جەلیلە.» عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و هەموو ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد. پێی فەرموون: «نووسراوە، ﴿ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت،﴾ بەڵام ئێوە دەیکەنە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾» نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە. بەڵام کاتێک کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش کە لە حەوشەکانی پەرستگا هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» تووڕە بوون و لێیان پرسی: «گوێت لێیە ئەو منداڵانە چی دەڵێن؟» عیساش پێی فەرموون: «بەڵێ، ئەی قەت نەتانخوێندووەتەوە: «﴿لە زاری منداڵان و شیرەخۆرانەوە ستایشت بۆ خۆت داڕشتووە﴾؟» ئەوسا بەجێی هێشتن و چووە دەرەوەی شار، بەرەو گوندی بێت‌عەنیا بەڕێکەوت و شەو لەوێ مایەوە. بەیانی زوو کە عیسا دەگەڕایەوە شار، برسی بوو. دار هەنجیرێکی لەسەر ڕێگاکە بینی و چووە لای، بەڵام لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز بەر نەگریت!» دەستبەجێ دارەکە وشک بوو. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەرسام بوون و گوتیان: «چۆن دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو؟» عیساش وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن، ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ وا دەبێت. جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن.» کاتێک عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکەکەی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای و گوتیان: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، ئەوا پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم. لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟» لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ لە خەڵکەکە دەترسین، چونکە هەموو یەحیا بە پێغەمبەر دادەنێن.» ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.» ئەویش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.» ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی: ”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“ «ئەویش وەڵامی دایەوە: ”ناچم.“ بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو. «ئینجا پیاوەکە چووە لای کوڕەکەی دیکەی و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە: ”بەسەرچاو، گەورەم!“ بەڵام نەچوو. «ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان.» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون، چونکە یەحیا هات بۆ ئەوەی ڕێگای ڕاستودروستیتان نیشان بدات بەڵام ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. پاشان کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.» «گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: خاوەن زەوییەک هەبوو ڕەزێکی چاند و پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. ئینجا دایە دەست چەند ڕەزەوانێک و گەشتی کرد. کاتێک وەرزی بەرهەم نزیک بووەوە، خزمەتکارەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن. «ڕەزەوانەکان خزمەتکارەکانیان گرت، لە یەکێکیان دا و یەکێکیان کوشت و ئەوی دیکەشیان بەردباران کرد. دیسان خزمەتکاری زیاتری لەوانەی پێشوو نارد، ڕەزەوانەکان هەمان شتیان لەوانیش کرد. لە کۆتاییدا کوڕەکەی بۆ لایان نارد و گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“ «بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەناو خۆیاندا گوتیان: ”ئەمە میراتگرەکەیە. با بیکوژین و دەست بەسەر میراتەکەیدا بگرین.“ ئینجا گرتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان. «کاتێک خاوەنی ڕەزەکە دێت، چی لەم ڕەزەوانانە دەکات؟» وەڵامیان دایەوە: «ئەو خراپەکارانە بە خراپی لەناودەبات و ڕەزەکەش دەداتە دەست ڕەزەوانانی دیکە، ئەوانەی لە وەرزی خۆی بەرهەمی دەدەنێ.» عیسا پێی فەرموون: «ئایا هەرگیز لە نووسراوە پیرۆزەکان نەتانخوێندووەتەوە: «﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە بوو بە گرنگترین بەردی بناغە، ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە﴾؟ «لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: شانشینی خوداتان لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە نەتەوەیەک کە بەرهەم دەدات. ئەوەی بەسەر ئەم بەردەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.» کاتێک کاهینانی باڵا و فەریسییەکان نموونەکانیان بیست، زانییان باسی ئەوان دەکات. لەبەر ئەوە دەیانویست بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.

هاوبەشی بکە
مەتا 21 بخوێنەوە