لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 10:18-35

مەتا 10:18-35 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئاگاداربن! به‌ سووكی مه‌ڕواننه‌ یه‌كێک له‌م بچووكانه‌، چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم فریشته‌كانیان له‌ ئاسماناندا هه‌میشه‌ ڕووی باوكم ده‌بینن كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌. چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌ له‌ناوچووان ڕزگار بكات. ڕاتان چییه‌؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێک سه‌د كاوڕی هه‌بێت و دانه‌یه‌كی لێ ونبێت، ئایا نه‌وه‌د و نۆكه‌ له‌ ده‌شتوده‌ر به‌جێ ناهێڵێت تاكو بچێت به‌دوای ونبووه‌كه‌دا بگه‌ڕێت؟ ڕه‌واتان پێ بڵێم: ئه‌گه‌ر دۆزییه‌وه‌، له‌ نه‌وه‌د و نۆكه‌ی دیكه‌ كه‌ بزر نه‌ببوون زیاتر پێی دڵخۆش ده‌بێت! به‌ هه‌مان شێوه‌ باوكتان له‌ ئاسمانان نایه‌وێت یه‌كێک له‌م بچووكانه‌ له‌ناوبچێت. ئه‌گه‌ر براكه‌ت خراپه‌ی له‌گه‌ڵ كردیت، بڕۆ به‌ ته‌نها له‌نێوان خۆت و خۆی گله‌یی لێ بكه‌. ئه‌گه‌ر گوێی لێ گرتی، ئه‌وا براكه‌ت به‌ده‌ست ده‌هێنیته‌وه‌. ئه‌گه‌ر گوێی نه‌گرت، یه‌ک یان دوو كه‌س له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌، تاكو هه‌ر وشه‌یه‌ک له‌سه‌ر زاری دوو یان سێ گه‌واهیده‌ر بسه‌لمێنرێت. ئه‌گه‌ر به‌ گوێی نه‌كردن، به‌ وارگه‌ بڵێ، ئه‌گه‌ر به‌ گوێی وارگه‌شی نه‌كرد، ئه‌وا به‌ بتپه‌رست و باجگری دابنێ. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی گرێی بده‌ن، له‌ ئاسمانیش گرێدراو ده‌بێت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی بیكه‌نه‌وه‌، له‌ ئاسمانیش كراوه‌ ده‌بێت. دیسان پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر دووان له‌ ئێوه‌ له‌سه‌ر زه‌وی له‌سه‌ر هه‌ر شتێک ڕێک بكه‌ون، هه‌رچی داوا بكه‌ن، له‌لایه‌ن باوكم كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، بۆتان ده‌بێت. چونكه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ک دوو یان سێیان به‌ ناوی منه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌، من له‌وێ له‌ناوه‌ڕاستیاندا ده‌بم”. ئینجا په‌تڕۆس هاته‌ لای و پێی وت: “په‌روه‌ردگار، ده‌بێ چه‌ند جار له‌براكه‌م خۆشبم كه‌ خراپه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات؟ تاكو حه‌وت جار؟” ئیشۆع پێی فه‌رموو: “پێت ناڵێم حه‌وت جار، به‌ڵكو حه‌فتا جاران حه‌وت جار! بۆیه‌ پاشایه‌تی ئاسمانان له‌ پاشایه‌ک ده‌چێت ویستی هه‌ژمارد له‌گه‌ڵ كۆیله‌كانی بكات. كاتێ ده‌ستیپێكرد، یه‌كێكیان بۆ هێنا ده‌ هه‌زار تالنت قه‌رزار بوو. كه‌ هیچی نه‌بوو بیداته‌وه‌، گه‌وره‌كه‌ی فه‌رمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هه‌رچی هه‌یه‌تی بفرۆشرێت و قه‌رزه‌كه‌ بداته‌وه‌. جا كۆیله‌كه‌ چۆكی دادا و وتی: گه‌وره‌م، له‌سه‌رم ڕاوه‌سته‌، هه‌مووت ده‌ده‌مه‌وه‌. گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ دڵی پێی سووتا، ئازادی كرد و له‌ قه‌رزه‌كه‌ش خۆش بوو. كه‌ كۆیله‌كه ‌له‌وێ ده‌رچوو، كۆیله‌یه‌كی هاوكاری خۆی بینی كه‌ سه‌د دینار قه‌رزاری بوو، ملی گرت و وتی: ئه‌وه‌ی به‌سه‌رته‌وه‌یه‌ بمده‌ره‌وه‌! كۆیله‌كه‌ی هاوكاری له‌به‌رپێی كه‌وت، داوای لێكرد و وتی: له‌سه‌رم ڕاوه‌سته‌، هه‌مووت ده‌ده‌مه‌وه‌. به‌ڵام ڕازی نه‌بوو، چوو فڕێیدایه‌ زیندانه‌وه‌، تاكو قه‌رزه‌كه‌ ده‌داته‌وه‌. كاتێ كۆیله‌كانی هاوكاریان ڕووداوه‌كه‌یان بینی، زۆر خه‌مناک بوون، هاتن و هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕوویدابوو بۆ گه‌وره‌كه‌یان گێڕایه‌وه‌. ئه‌وسا گه‌وره‌كه‌ی بانگیكرد و پێی وت: كۆیله‌ی به‌دكار، له‌ هه‌موو ئه‌و قه‌رزه‌ خۆشبووم، چونكه‌ لێم پاڕایته‌وه‌. ئایا نه‌ده‌بوو تۆش به‌زه‌ییت به‌ كۆیله‌ی هاوكاره‌كه‌تدا بێته‌وه‌، وه‌ک به‌زه‌ییم پێتدا هاته‌وه‌؟ جا گه‌وره‌كه‌ی تووڕه‌ بوو و ڕاده‌ستی جه‌لاده‌كانی كرد، تاكو هه‌ر شتێكی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ بیداته‌وه‌. باوكی ئاسمانیشم واتان لێده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌تان له‌ دڵه‌وه‌ له‌ براكه‌ی خۆشنه‌بێت.

هاوبەشی بکە
مەتا 18 بخوێنەوە

مەتا 10:18-35 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«ئاگاداربن! بە سووکی مەڕواننە یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، چونکە پێتان دەڵێم فریشتەکانیان لە ئاسماندا بەردەوام ڕووی باوکم دەبینن کە لە ئاسماندایە. [ کوڕی مرۆڤ هاتووە بۆ ئەوەی ونبووان ڕزگار بکات.] «ڕاتان چییە؟ ئەگەر یەکێک سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت تاکو بچێت بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟ ڕاستیتان پێ بڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت! بە هەمان شێوە باوکتان لە ئاسمان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناوبچێت. «ئەگەر خوشک یان براکەت خراپەی لەگەڵ کردیت، بڕۆ بە تەنها لەنێوان خۆت و خۆی گلەیی لێ بکە. ئەگەر گوێی لێگرتی، ئەوا براکەت بەدەستدەهێنیتەوە. خۆ ئەگەر گوێی نەگرت، یەک یان دوو کەس لەگەڵ خۆت ببە، تاکو ﴿هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی بسەلمێنرێت.﴾ ئەگەر بەگوێی نەکردن، بە کڵێسا بڵێ، ئەگەر بەگوێی کڵێساشی نەکرد، ئەوا بە بتپەرست و باجگری دابنێ. «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی ئێوە لەسەر زەوی دایبخەن، لە ئاسمانیش داخراو دەبێت، ئەوەی لەسەر زەوی بیکەنەوە، لە ئاسمانیش کراوە دەبێت. «دیسان ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر دووان لە ئێوە لەسەر زەوی لەسەر هەر شتێک ڕێک بکەون، هەرچی داوا بکەن، باوکم کە لە ئاسمانە بۆتان جێبەجێ دەکات، چونکە لە هەرکوێیەک دوو یان سێ کەس بە ناوی منەوە کۆببنەوە، من لەوێ لەنێوانیاندا دەبم.» ئینجا پەترۆس هات و پێی گوت: «گەورەم، دەبێ چەند جار گەردنی براکەم ئازاد بکەم کە خراپەم لەگەڵ دەکات؟ تاکو حەوت جار؟» عیساش پێی فەرموو: «من پێت ناڵێم حەوت جار، بەڵکو حەفتا کەڕەت حەوت جار! «لەبەر ئەوە پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت ویستی حیساب لەگەڵ خزمەتکارەکانی بکات. کاتێک دەستی پێکرد، یەکێکیان بۆ هێنا دە هەزار کیسە زێڕ قەرزار بوو. کە هیچی نەبوو بیداتەوە، گەورەکەی فەرمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هەرچی هەیەتی بفرۆشرێت و قەرزەکە بداتەوە. «لەبەر ئەوە خزمەتکارەکە لەبەردەمی چۆکی دادا و گوتی: ”لەسەرم ڕابوەستە، هەمووت دەدەمەوە.“ گەورەی ئەو خزمەتکارە دڵی پێی سووتا، ئازادی کرد و لە قەرزەکە خۆشبوو. «ئەم خزمەتکارە ڕۆیشت، خزمەتکارێکی هاوکاری خۆی بینی کە سەد دینار قەرزاری بوو، ملی گرت و گوتی: ”ئەوەی بەسەرتەوەیە بمدەرەوە!“ «خزمەتکارە هاوکارەکەی لەبەرپێی چۆکی دادا و لێی پاڕایەوە: ”لەسەرم ڕابوەستە، دەتدەمەوە.“ «بەڵام ڕازی نەبوو، چوو فڕێیدایە زیندانەوە، هەتا قەرزەکەی بداتەوە. کاتێک خزمەتکارە هاوکارەکانیان ڕووداوەکەیان بینی، زۆریان پێ ناخۆش بوو، هاتن و هەموو ئەوەی ڕوویدابوو بۆ گەورەکەیان گێڕایەوە. «ئەوسا گەورەکە خزمەتکارەکەی بانگ کرد و پێی گوت: ”خزمەتکاری بەدکار، لە هەموو ئەو قەرزە خۆشبووم، چونکە لێم پاڕایتەوە. ئایا نەدەبوو تۆش بەزەییت بە خزمەتکارە هاوکارەکەتدا بێتەوە، هەروەک چۆن من بەزەییم پێتدا هاتەوە؟“ جا گەورەکەی تووڕە بوو و دایە دەست جەلادەکانەوە، هەتا هەموو قەرزەکەی بداتەوە. «باوکی ئاسمانیشم واتان لێدەکات، ئەگەر هەریەکەتان لە دڵەوە گەردنی خوشکی یان براکەی ئازاد نەکات.»

هاوبەشی بکە
مەتا 18 بخوێنەوە