مەتا 36:13-58
مەتا 36:13-58 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
ئینجا كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی به‌ڕێكرد و هات بۆ ماڵ. قوتابییه‌كانی لێ هاتنه پێش و وتیان: “په‌ندی زیوانی نێو كێڵگه‌كه‌مان بۆ ڕاڤه بكه”. وه‌ڵامی دایه‌وه و پێی فه‌رموون: “تۆوده‌ری تۆوه چاكه‌كه، ڕۆڵه‌ی مرۆڤه. كێڵگه‌كه‌ش جیهانه، تۆوه چاكه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی پاشایه‌تین، زیوانه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی به‌دكاره‌كه‌ن، دوژمنه‌كه‌ش كه تۆوی كردن ئیبلیسه، دروێنه‌كه‌ش پایانی جیهانه، سه‌پانه‌كانیش فریشته‌كانن. وه‌ک زیوانه‌كه كۆ ده‌كرێته‌وه و به ئاگر ده‌سووتێندرێ، له پایانی جیهانیشدا وا ده‌بێت. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ فریشته‌كانی ده‌نێرێت، هه‌موو كۆسپه‌كان و به‌دكاران له پاشایه‌تیییه‌كه‌ی كۆده‌كه‌نه‌وه و فڕێیان ده‌ده‌نه نێو كووره‌ی ئاگره‌وه، جا له‌وێ ده‌بێته گریان و جیڕه‌ی ددان. ئه‌وسا خوداناسان له پاشایه‌تیی باوكیاندا وه‌ک خۆر ده‌دره‌وشێنه‌وه. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه بۆ بیستن، با ببیستێت! پاشایه‌تیی ئاسمانان له گه‌نجینه‌یه‌ک ده‌چێت له كێڵگه‌یه‌كدا شاردرابێته‌وه. یه‌كێک دۆزییه‌وه و شاردییه‌وه، له خۆشیان ده‌ڕوات و چیی هه‌یه ده‌یفرۆشێت و ئه‌و كێڵگه‌یه‌ی پێ ده‌كڕێت. هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له بازرگانێک ده‌چێت به شوێن مرواریی نایابدا ده‌گه‌ڕا. كاتێ مروارییه‌كی گرانبه‌های بینی، چوو هه‌رچی هه‌یبوو فرۆشتی و مروارییه‌كه‌ی كڕی. هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له تۆڕێک ده‌چێت فڕێ درابێته ده‌ریاوه، له هه‌موو جۆرێک كۆده‌كاته‌وه. كاتێ پڕبوو، ڕایانكێشایه كه‌نار، دانیشتن باشه‌كانیان له سه‌به‌ته‌دا كۆكرده‌وه و خراپه‌كانیشیان فڕێ دا ده‌ره‌وه. پایانی جیهانیش ئاوا ده‌بێت: فریشته‌كان ده‌رده‌چن و به‌دكاران له خوداناساندا جیا ده‌كه‌نه‌وه و فڕێیانده‌ده‌نه نێو كووره‌ی ئاگره‌وه. جا له‌وێ ده‌بێته گریان و جیڕه‌ی ددان”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئایا هه‌موو ئه‌مانه تێگه‌یشتن؟” وتیان: “به‌ڵێ گه‌وره‌م”. جا پێی فه‌رموون: “بۆیه هه‌ر ته‌وراتزانێكی ڕاهێنراو له پاشایه‌تیی ئاسمانان، له خاوه‌ن ماڵێک ده‌چێ له گه‌نجینه‌كه‌یدا نوێ و كۆن ده‌ربهێنێت”. كاتێ ئیشۆع ئه‌م په‌ندانه‌ی ته‌واو كرد له‌وێ ڕۆیشت. كه هاته‌وه شاره‌كه‌ی خۆی، له كه‌نیشته‌كه‌یان فێری ده‌كردن، تا ئه‌وه‌ی سه‌رسام بوون و وتیان: “ئه‌مه ئه‌م دانایی و په‌رجوانه‌ی له‌كوێ بوو؟ ئه‌مه كوڕی دارتاشه‌كه نییه؟ ئه‌ی دایكی ناوی مه‌ریه‌م نییه؟ یاقوو و یۆسپ و شیمعون و ئیهوودا برای نین؟ ئه‌وه نییه خوشكه‌كانی هه‌موویان له‌لامانن؟ ئه‌ی ئه‌مه هه‌موو ئه‌مانه‌ی له‌كوێ بوو؟” جا ساتمه‌یان لێی ده‌كرد. به‌ڵام ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێغه‌مبه‌ر بێ ڕێز نییه، ته‌نها له نیشتمان و ماڵی خۆیدا نه‌بێت”. له‌وێدا په‌رجوی زۆری نه‌كرد، له‌به‌ر بێباوه‌ڕییان.
مەتا 36:13-58 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.» وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە. کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە، سەپانەکانیش فریشتەکانن. «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت و هەموو هۆکارێکی گوناه و خراپەکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت! «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. کەسێک دەیدۆزێتەوە و دیسان دەیشارێتەوە، ئینجا لە خۆشییان دەچێت و هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت. «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت کە بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕێت. کاتێک مروارییەکی گرانبەها دەدۆزێتەوە، دەچێت هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و مروارییەکەی پێ دەکڕێت. «هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێ‌دا. کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.» عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.» جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە بووەتە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا لە کۆن و نوێ دەربهێنێت.» کاتێک عیسا ئەم نموونانەی تەواو کرد، لەوێ ڕۆیشت. هاتەوە شارەکەی خۆی، لە کەنیشتەکەیان دەستی کرد بە فێرکردنیان، هەتا ئەوەی سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە ئەم دانایی و پەرجووانەی لەکوێ بوو؟ ئایا ئەمە کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئەی دایکی ناوی مریەم نییە؟ یاقوب و یوسف و شیمۆن و یەهوزا برای نین؟ ئەوە نییە خوشکەکانی هەموویان لەلامانن؟ ئەی ئەمە هەموو ئەمانەی لەکوێ بوو؟» جا ڕەتیان کردەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت.» لەوێ پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان.