لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 7:9-27

لۆقا 7:9-27 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هیڕوودسی تیترارک هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بیسته‌وه‌ كه‌ ڕوویده‌دا و سه‌ری سوڕما، چونكه‌ هه‌ندێک ده‌یانووت: “یوخه‌ننه‌ن له‌نێو مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌”. هه‌ندێكیش ده‌یانووت: “ئیلییا ده‌ركه‌وتووه‌”. كه‌سانی دیكه‌ش: “یه‌كێک له‌ پێغه‌مبه‌رانی كۆنه‌ هه‌ستاوه‌ته‌وه‌”. هیڕوودسیش وتی: “خۆم سه‌ری یوخه‌ننه‌نم لێكرده‌وه‌، ئه‌ی ئه‌مه‌ كێیه‌ شتی وا ده‌رباه‌ری ده‌بیستم؟” بۆیه‌ هه‌وڵی ده‌دا بیبینێت. كاتێ په‌یامبه‌ران گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كردبوویان بۆ ئیشۆعیان گێڕایه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وانی برد و به‌ ته‌نیا بۆ شارێک چوو ناوی به‌یتسه‌یده‌ن بوو. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ زانییان، دوای كه‌وتن، ئه‌ویش پێشوازی لێكردن و باسی پاشایه‌تی خودای بۆ فه‌رموون، ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ چاكبوونه‌وه‌ بوو چاكیكردنه‌وه‌. كاتێ ڕۆژ به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چوو، دوازده‌كه‌ هاتن و پێیان وت: “كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌ڕێبكه‌ با بڕۆنه‌ گوند و دێیه‌كانی ده‌وروبه‌رمان، تاكو له‌وێ بمێننه‌وه‌ و خواردنیش په‌یدا بكه‌ن، چونكه‌ لێره‌ له‌ شوێنێكی چۆڵداین”. پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌، مه‌گه‌ر بڕۆین بۆ هه‌موو گه‌له‌كه‌ نان بكڕین”. چونكه‌ نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو ده‌بوون. ئینجا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “به‌ كۆمه‌ڵ دایاننیشێنن، هه‌ریه‌كه‌ په‌نجا په‌نجا”. جا وایان كرد و هه‌موویان دانیشاندن. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبریه‌ ئاسمان و داڕشتی كردن و له‌تیكردن، دایه‌ قوتابییه‌كان تاكو له‌به‌رده‌می خه‌ڵكه‌كه‌ی دابنێن. هه‌موو خواردیان و تێربوون. له‌و له‌ته‌نانه‌ی لێیان مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ هه‌ڵگیرایه‌وه‌. كاتێ ئیشۆع به‌ ته‌نیا نوێژی ده‌كرد، قوتابییه‌كان له‌گه‌ڵی بوون، لێی پرسین و فه‌رمووی: “خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ڵێن من كێم؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار، هه‌ندێكیش ئیلییا، خه‌ڵكی دیكه‌ش پێغه‌مبه‌رێكی كۆنه‌كانه‌ هه‌ستاوه‌ته‌وه‌”. پێی فه‌رموون: “ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟” په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “مه‌سیحی خودا!”. ئه‌ویش ئاگاداری كردنه‌وه‌ و ڕایسپاردن ئه‌مه‌ به‌ كه‌س نه‌ڵێن. هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستێته‌وه‌”. ئینجا به‌ هه‌مووانی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و ڕۆژانه‌ خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات. چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت یان له‌ ده‌ستی بدات؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ی شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش شه‌رمی پێی ده‌بێت، كاتێ به‌ شكۆی خۆی و باوک و فریشته‌ پارسا‌كانه‌وه‌ دێته‌وه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ندێک له‌وانه‌ی لێره‌ ڕاوه‌ستاون مه‌رگ ناچێژن تاكو پاشایه‌تیی خودا ده‌بینن”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 9 بخوێنەوە

لۆقا 7:9-27 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هێرۆدسی ئەنتیپاس کە فەرمانڕەوای جەلیل بوو، هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە ڕوویدەدا و سەری سوڕما، چونکە هەندێک دەیانگوت: «یەحیا لەناو مردووان هەستاوەتەوە.» هەندێکی دیکەش دەیانگوت: «ئەلیاس دەرکەوتووە.» کەسانی دیکەش: «یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆن زیندووبووەتەوە.» هێرۆدسیش گوتی: «خۆم سەری یەحیام لێکردەوە، ئەی ئەمە کێیە شتی وای لێ دەبیستم؟» لەبەر ئەوە هەوڵی دەدا بیبینێت. نێردراوان گەڕانەوە و ئەوەی کردبوویان بۆ عیسایان گێڕایەوە، ئەویش ئەوانی برد و بە تەنها چوون بۆ شارۆچکەیەک کە ناوی بێت‌سەیدا بوو. بەڵام خەڵکەکە زانییان و دوای کەوتن، ئەویش پێشوازی لێکردن و باسی پاشایەتی خودای بۆ کردن، ئەوانەی پێویستییان بە چاکبوونەوە بوو چاکیکردنەوە. کاتێک ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو، دوازدە قوتابییەکە هاتن و پێیان گوت: «خەڵکەکە بەڕێبکە با بڕۆنە گوند و کێڵگەکانی دەوروبەر، تاکو لەوێ بمێننەوە و خواردنیش پەیدا بکەن، چونکە ئێمە لێرە لە شوێنێکی چۆڵداین.» پێی فەرموون: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» وەڵامیان دایەوە: «لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە، مەگەر بڕۆین نان بۆ هەموو خەڵکەکە بکڕین،» چونکە نزیکەی پێنج هەزار پیاو دەبوون. ئینجا بە قوتابییەکانی فەرموو: «بە کۆمەڵ دایاننیشێنن، هەر کۆمەڵێک نزیکەی پەنجا کەس بێت.» جا بەم جۆرەیان کرد و هەموویان دانیشاندن. ئینجا عیسا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن، دایە قوتابییەکان تاکو لەبەردەمی خەڵکەکەی دابنێن. هەموو خواردیان و تێر بوون. لەو پەلکەنانەی لێیان مایەوە دوازدە سەبەتە هەڵگیرایەوە. کاتێک عیسا بە تەنها نوێژی دەکرد، قوتابییەکان لەگەڵی بوون، لێی پرسین: «خەڵکەکە دەڵێن من کێم؟» وەڵامیان دایەوە: «یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش ئەلیاس، خەڵکی دیکەش دەڵێن کە یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆنە زیندووبووەتەوە.» پێی فەرموون: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «مەسیحی خودایت.» ئەویش ئاگاداری کردنەوە و ڕایسپاردن ئەمە بە کەس نەڵێن. هەروەها فەرمووی: «کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.» ئینجا بە هەمووانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و ڕۆژانە خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت، چونکە ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات. چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە، بەڵام خۆی بدۆڕێنێت یان خۆی لە دەست بدات؟ ئەوەی شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت، کاتێک بە شکۆمەندی خۆی و باوک و فریشتە پیرۆزەکانەوە دێتەوە. «بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن.»

هاوبەشی بکە
لۆقا 9 بخوێنەوە