لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 11:7-50

لۆقا 11:7-50 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

بۆ ڕۆژی پاشتر، ئیشۆع بۆ شارێک چوو ناوی نایین بوو، زۆر له‌ قوتابییه‌كانی و كۆمه‌ڵانێكی زۆر له‌گه‌ڵی چوون. كاتێ له‌ ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌ نزیک بووه‌وه‌، ته‌رمێک به‌سه‌ر شانه‌وه‌ بوو، تاقانه‌ی دایكی بوو كه‌ بێوه‌ژنه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆری شاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بوو. كاتێ په‌روه‌ردگار بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فه‌رموو: “مه‌گریێ”. ئینجا هاته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌ستی له‌ داره‌بازه‌كه‌ دا، هه‌ڵگرانی ڕاوه‌ستان. فه‌رمووی: “گه‌نجه‌كه‌، پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌!” مردووه‌كه‌ دانیشت و ده‌ستیكرد به‌ قسه‌كردن، ئیشۆعیش دایه‌وه‌ ده‌ست دایكی. هه‌موو ترسیان لێ نیشت، خودایان شكۆدار كرد، وتیان: “له‌ نێوماندا پێغه‌مبه‌رێكی مه‌زن هه‌ستاوه‌، خوداش گه‌له‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ركرده‌وه‌”. ئه‌م هه‌واڵه‌ی ئه‌و له‌ هه‌موو ئیهوود و هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروپشت بڵاو بووه‌وه‌. قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن هه‌موو ئه‌مانه‌یان به‌ یوخه‌ننه‌ن ڕاگه‌یاند. ئه‌ویش دووان له‌ قوتابییه‌كانی بانگكرد و بۆ ئیشۆعی نارد، ده‌یووت: “تۆی ئه‌وه‌ی دێیت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟” كاتێ پیاوه‌كان هاتنه‌ لای ئیشۆع، وتیان: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار ئێمه‌ی بۆ لات ناردووه‌، ده‌ڵێت: تۆی ئه‌وه‌ی دێیت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟” له‌و كاته‌دا زۆر كه‌سی له‌ نه‌خۆشی و ده‌رد و ڕووحی گڵاو چاككرده‌وه‌، بۆ زۆر كوێریش بینینی به‌خشی. ئینجا ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “بڕۆن چیتان بینی و بیستتان به‌ یوخه‌ننه‌نی ڕابگه‌یه‌نن: كوێره‌كان ده‌بینن و شه‌له‌كان ڕێ ده‌كه‌ن و گوله‌كان بێگه‌رد ده‌بنه‌وه‌ و كه‌ڕه‌كان ده‌بیستن و مردووه‌كان هه‌ڵده‌ستن و هه‌ژاره‌كان موژده‌یان ده‌درێتێ. به‌خته‌وه‌ریش بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ساتمه‌م لێ ناكات”. كه‌ په‌یامنێرانی یوخه‌ننه‌ن ڕۆیشتن، ئیشۆع ده‌رباره‌ی یوخه‌ننه‌ن بۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی فه‌رموو: “بۆ بینینی چی ده‌رچوونه‌ ده‌شتوده‌ر؟ قامیشێک كه‌ با ده‌یهه‌ژێنێ؟ ئه‌ی بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ مرۆڤێک كه‌ به‌رگی نه‌رمی پۆشیوه‌؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی به‌رگیان نایابه‌ و سه‌ڵته‌نه‌ت لێده‌ده‌ن وا له‌ كۆشكی پاشاكانن. كه‌واته‌ ده‌رچوون چی ببینن؟ پێغه‌مبه‌رێک؟ به‌ڵێ پێتان ده‌ڵێم له‌ پێغه‌مبه‌ریش باشتر! ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا فریشته‌ی خۆم له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات!} چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: له‌نێو له‌ ژنبوواندا هیچ پێغه‌مبه‌رێک له‌ یوخه‌ننه‌ن مه‌زنتر نییه‌، به‌ڵام بچووكترینی پاشایه‌تیی خودا له‌و مه‌زنتره”. هه‌موو گه‌ل كه‌ گوێیان لێبوو، ته‌نانه‌ت باجگرانیش دانیان نا به‌ دادپه‌روه‌ریی خودا، چونكه‌ به‌ عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن عه‌مادكرابوون. به‌ڵام په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كان خواستی خودایان ده‌رهه‌ق به‌ خۆیان ڕه‌تكرده‌وه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و عه‌ماد نه‌كرابوون. ئینجا په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “خه‌ڵكی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ چی بچووێنم؟ له‌ چی ده‌چن؟ له‌و كوڕانه‌ ده‌چن كه‌ له‌ بازاڕدا دانیشتوون یه‌كتری بانگ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: زوڕنامان بۆ لێدان و هه‌ڵنه‌په‌ڕین، شیوه‌نمان بۆ كردن و نه‌گریان. چونكه‌ یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار هات، نه‌ نان ده‌خوات و نه‌ مه‌ی ده‌خواته‌وه‌، وتتان: ڕووحی شه‌یتانی تیادایه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هات، ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌، وتتان: كابرایه‌كی بخۆر و سه‌رخۆشه‌، خۆشه‌ویستی باجگران و گوناهبارانه‌. به‌ڵام دانایی به‌ كرده‌وه‌ی هه‌موو ڕۆڵه‌كانی سه‌لمێندرا”. یه‌كێک له‌ په‌ڕیشییه‌كان داوای لێكرد نانی له‌گه‌ڵ بخوات، ئه‌ویش چووه‌ ماڵی په‌ڕیشییه‌كه‌ و له‌سه‌ر خوان پاڵیدایه‌وه‌. له‌ شاره‌كه‌ ژنێكی گوناهبار هه‌بوو، زانی له‌ ماڵی په‌ڕیشییه‌كه‌ دانیشتووه‌، بوتڵێكی بۆنی خۆشی هێنا، له‌ دواوه‌ به‌ گریانه‌وه‌ له‌لای پێی ڕاوه‌ستا، پێیه‌كانی به‌ فرمێسک ته‌ڕ كرد و به‌ قژی سه‌ری ده‌یسڕییه‌وه‌، پێی ماچ ده‌كرد و به‌ بۆنه‌كه‌ چه‌وری ده‌كرد. كاتێ په‌ڕیشییه‌كه‌ی داوه‌تی كردبوو ئه‌مه‌ی بینی، له‌ دڵیدا وتی: “ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ر بووایه‌، ده‌یزانی ئه‌م ژنه‌ی ده‌ستی لێ ده‌دات كێیه‌ و چییه‌! چونكه‌ گوناهباره‌”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “شیمعون، ده‌مه‌وێ شتێكت پێ بڵێم”. وتی: “بفه‌رموو ڕابی”. “قه‌رزده‌رێک دوو قه‌رزاری هه‌بوو، لای یه‌كێک پێنج سه‌د دینار، ئه‌وه‌ی دیكه‌ په‌نجا. نه‌یانبوو بیده‌نه‌وه‌، كابرا له‌ هه‌ردووكیان خۆشبوو. پێم بڵێ: كامیان زیاتر خۆشیده‌وێت؟” شیمعون وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ زۆره‌كه‌ لێی خۆشبوو”. پێی فه‌رموو: “حوكمه‌كه‌ت ڕاسته‌”. ڕووی كرده‌ ژنه‌كه‌ و به‌ شیمعونی فه‌رموو: “ئه‌م ژنه‌ ده‌بینیت؟ هاتمه‌ ماڵه‌كه‌ت و ئاوت نه‌دامێ بۆ پێم، به‌ڵام ئه‌م به‌ فرمێسک پێی ته‌ڕ كردم و به‌ قژی سڕییه‌وه‌. خۆ ماچێكت نه‌كردم، به‌ڵام ئه‌م له‌وه‌ته‌ی هاتوومه‌ته‌ ژووره‌وه‌ له‌ ماچكردنی پێم نه‌وه‌ستاوه‌. تۆ به‌ زه‌یت سه‌رت چه‌ور نه‌كردم، به‌ڵام ئه‌م به‌ بۆن پێمی چه‌وركرد. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ پێت ده‌ڵێم: گوناهه‌ زۆره‌كانی به‌خشران چونكه‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی زۆره‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌م به‌خشراوه‌، خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی كه‌م ده‌بێت”. ئینجا به‌ ژنه‌كه‌ی فه‌رموو: “گوناهه‌كانت به‌خشران”. ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی دانیشتبوون له‌ دڵی خۆیان وتیان: “ئه‌مه‌ كێیه‌ ته‌نانه‌ت گوناهیش ده‌به‌خشێت؟” ئیشۆع به‌ ژنه‌كه‌ی فه‌رموو: “باوه‌ڕت ڕزگاری كردیت. به‌ ئاشتی بڕۆ”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 7 بخوێنەوە

لۆقا 11:7-50 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بۆ ڕۆژی پاشتر، عیسا بۆ شارێک چوو ناوی نایین بوو، قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆری لەگەڵ چوون. کاتێک لە دەروازەی شارەکە نزیک بووەوە، تەرمێکی بینی بەسەر شانی خەڵکەوە، ئەویش کوڕە تاقانەی بێوەژنێک بوو، خەڵکێکی زۆری شارەکەی لەگەڵ بوو. کاتێک مەسیح ژنەکەی بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فەرموو: «مەگریێ.» ئینجا هاتە پێشەوە و دەستی لە دارەمەیتەکە دا، هەڵگرانی ڕاوەستان. فەرمووی: «ئەی کوڕی گەنج، پێت دەڵێم، هەستە!» مردووەکە ڕاستبووەوە و دەستی کرد بە قسەکردن، عیساش دایەوە دەست دایکی. هەموو ترسیان لێ نیشت، ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «لەناوماندا پێغەمبەرێکی مەزن دەرکەوتووە، خوداش گەلەکەی خۆی بەسەرکردەوە!» ئەم هەواڵەی ئەو لە هەموو یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە. قوتابییەکانی یەحیا هەموو ئەمانەیان بە یەحیا ڕاگەیاند. ئەویش دووان لە قوتابییەکانی بانگکرد و ناردنی بۆ لای مەسیحی خاوەن شکۆ بۆ ئەوەی لێی بپرسن: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟» پیاوەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «یەحیای لەئاوهەڵکێش ئێمەی بۆ لات ناردووە، دەڵێت: ”ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟“» لەو کاتەدا عیسا زۆر کەسی لە نەخۆشی و دەرد و ڕۆحە پیسەکان چاککردەوە، بینایی بە چاوی زۆر لە‏ کوێرەکان بەخشی. ئینجا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن چیتان بینی و بیستتان بە یەحیای ڕابگەیەنن، کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت. خۆزگە دەخوازرێ بەوەی گومانم لێ ناکات.» کاتێک نێردراوانی یەحیا ڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟ ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن و خۆش ڕادەبوێرن لە کۆشکەکان دەژین. ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر. یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە: «﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.﴾ من پێتان دەڵێم: لە‏نێو ئەوانەی لە‏ ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیا پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی خودایە لەو پایەبەرزترە.» هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، تەنانەت باجگرانیش دانیان بە دادپەروەری خودا نا، چونکە بە دەستی یەحیا لە ئاو هەڵکێشرا بوون. بەڵام فەریسی و تەوراتناس خواستی خودایان دەرهەق بە خۆیان ڕەتکردەوە، چونکە لەسەر دەستی ئەو لە ئاو هەڵنەکێشرابوون. عیسا بەردەوام بوو و فەرمووی: «ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لە چی دەچن؟ لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕدا دانیشتوون و یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن: «”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین، شینمان بۆ گێڕان و نەگریان.“ یەحیای لەئاوهەڵکێش هات، نە نان دەخوات و نە شەراب دەخواتەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“ کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“ بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە بەرهەمیەوە دەردەکەوێت.» یەکێک لە فەریسییەکان داوای لە عیسا کرد نانی لەگەڵ بخوات، ئەویش چووە ماڵی فەریسییەکە و لەسەر خوان دانیشت. لە شارەکە ئافرەتێکی گوناهبار هەبوو، زانی عیسا لە ماڵی فەریسییەکە دانیشتووە، بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی هێنا، لە دواوە بە گریانەوە لەلای پێی ڕاوەستا، پێیەکانی بە فرمێسک تەڕ کرد و بە قژی بۆی سڕییەوە، پێیەکانی ماچکرد و بە بۆنەکە چەوری کردن. ئەو فەریسییەی کە عیسای داوەت کردبوو، کاتێک ئەمەی بینی، لە دڵیدا گوتی: «ئەگەر ئەمە پێغەمبەر بووایە، دەیزانی ئەم ئافرەتەی دەستی لێدەدات کێیە و چییە، چونکە گوناهبارە.» عیسا وەڵامی دایەوە: «شیمۆن، دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم.» گوتی: «بفەرموو مامۆستا.» «کابرایەک قەرزی دابوو بە دوو کەس، بە یەکێکیان پێنج سەد دینار، ئەوەی دیکەیان پەنجا. هیچ کامیان نەیانبوو بیدەنەوە، کابرا لە هەردووکیان خۆشبوو. کامیان زیاتر کابرای خۆشدەوێت؟» شیمۆن وەڵامی دایەوە: «لەو باوەڕەدام ئەوەی پارە زۆرەکەی لەلابوو.» پێی فەرموو: «حوکمەکەت ڕاستە.» ئینجا ڕووی کردە ئافرەتەکە و بە شیمۆنی فەرموو: «ئەم ئافرەتە دەبینیت؟ هاتمە ماڵەکەت و ئاوت نەدامێ بۆ ئەوەی پێیەکانم بشۆم، بەڵام ئەم بە فرمێسک پێی تەڕ کردم و بە قژی سڕییەوە. تۆ ماچت نەکردم، بەڵام ئەم لەو کاتەوەی هاتوومەتە ژوورەوە لە ماچکردنی پێیەکانم نەوەستاوە. تۆ زەیتت لە سەرم نەدا، بەڵام ئەم بە بۆن پێیەکانمی چەورکرد. لەبەر ئەم هۆیە پێت دەڵێم، گوناهە زۆرەکانی بەخشران و ئاوا خۆشەویستییە زۆرەکەی دەردەبڕێت. بەڵام ئەوەی کەم بەخشراوە، کەم خۆشەویستی دەردەبڕێت.» ئینجا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «گوناهەکانت بەخشران.» ئەوانەی لەگەڵی دانیشتبوون لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کێیە تەنانەت گوناهیش دەبەخشێت؟» عیسا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «باوەڕت ڕزگاری کردیت. بڕۆ بە سەلامەت.»

هاوبەشی بکە
لۆقا 7 بخوێنەوە