لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:4-41

لۆقا 1:4-41 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئیشۆع به‌ پڕی ڕووحی پارسا له‌ یوردنه‌ن گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ ڕووحیش بردرایه‌ ده‌شتوده‌ر. چل ڕۆژ ئیبلیس تاقی ده‌كرده‌وه‌. له‌و ڕۆژانه‌دا هیچی نه‌خوارد، كاتێ ماوه‌كه‌ ته‌واو بوو برسی بوو. ئیبلیس پێی وت: “ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی خودایت، به‌م به‌رده‌ بڵێ با ببێته‌ نان”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “نووسراوه‌: { مرۆڤ ته‌نها به‌ نان ناژیێت، به‌ڵكو به‌ هه‌ر وشه‌یه‌ک له‌ زاری خودا بێته‌ده‌ر} ”. ئینجا ئیبلیس بردیه‌ سه‌ر چیایه‌كی به‌رز و له‌ ساتێكدا هه‌موو پاشایه‌تیه‌كانی جیهانی پیشان دا و پێی وت: “هه‌موو ئه‌م ده‌سه‌ڵات و شكۆیه‌ت پێ ده‌ده‌م، چونكه‌ دراوه‌ته‌ من و منیش ئه‌وه‌ی بمه‌وێت ده‌یده‌مێ. ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌مم كڕنۆش ببه‌یت، هه‌مووی بۆ تۆ ده‌بێت”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “بڕۆ ئه‌ی شه‌یتان! چونكه‌ نووسراوه‌: {كڕنۆش بۆ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندت ده‌به‌یت و ته‌نها ئه‌و ده‌په‌رستیت} ”. ئینجا هێنای بۆ یروشلایم و له‌سه‌ر سوانده‌ی په‌رستگا ڕایگرت و پێی وت: “ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی خودایت لێره‌وه‌ خۆت هه‌ڵبده‌ خواره‌وه‌”. چونكه‌ نووسراوه‌: {فریشته‌كانی پێت ڕاده‌سپێرێت بۆئه‌وه‌ی بتپارێزن، له‌سه‌ر ده‌ستیان هه‌ڵت ده‌گرن نه‌وه‌ک پێت به‌ر به‌ردێک بكه‌وێت} . ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “وتراوه‌: {په‌روه‌ردگاری خوداوه‌ندت تاقی مه‌كه‌وه‌} ”. كاتێ ئیبلیس هه‌موو تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو كرد، به‌جێیهێشت تا ده‌رفه‌تێكی دیكه‌. ئیشۆع به‌ هێزی ڕووحی پارسا‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ گلیلا، ناوبانگی له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروپشت بڵاو بووه‌وه‌. له‌ كه‌نیشته‌كانیان ئامۆژگاریی ده‌كردن و هه‌موو ستایشیان ده‌كرد. هاته‌ ناسڕه‌ت‌ كه‌ لێی گه‌وره‌ بووه‌، وه‌ک نه‌ریتی خۆی ڕۆژی شه‌ممه‌ چووه‌ كه‌نیشت، بۆ خوێندنه‌وه‌ ڕاوه‌ستا. سیپاره‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ریان پێ دا، كاتێ كردیه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ی دۆزییه‌وه‌ كه‌ تیایدا نووسراوه‌: “ڕووحی په‌روه‌ردگارم له‌سه‌ره‌، چونكه‌ ده‌ستنیشانی كردووم بۆ موژده‌دان به‌ هه‌ژاران، ناردوومی تاكو دڵشكاوان چاكبكه‌مه‌وه‌ و بانگه‌وازی ئازادی بۆ دیلكراوان و بینایی بۆ نابینایان بده‌م، پێشێلكراوان به‌ره‌و ئازادی بنێرم و ساڵی ڕه‌زامه‌ندی په‌روه‌ردگار ڕابگه‌یێنم”. ئینجا سیپاره‌كه‌ی پێچایه‌وه‌، ڕاده‌ستی ڕاژه‌وانه‌كه‌ی كرد و دانیشت. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌نیشت بوون چاویان تێبڕی بوو. جا پێی وتن: “ئه‌مڕۆ ئه‌م نووسراوه‌ی گوێتان لێبوو هاته‌ دی”. هه‌موو گه‌واهییان بۆ ده‌دا و سه‌رسام بوون له‌و وشه‌ به‌خششدارانه‌ی له‌ ده‌می ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌یانووت: “ئه‌مه‌ كوڕه‌كه‌ی یۆسپ نییه‌؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “به‌هه‌رحاڵ ئه‌م په‌نده‌شم پێ ده‌ڵێن: {ئه‌ی پزیشک چاره‌سه‌ری خۆت بكه‌!} ئه‌وه‌ی بیستمان و له‌ كپه‌ڕناخوم كردت، لێره‌ش له‌ شاره‌كه‌تدا بیكه‌”. هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هیچ پێغه‌مبه‌رێک له‌ نیشتمانی خۆی په‌سه‌ند ناكرێت. له‌ ڕه‌وادا پێتان ده‌ڵێم: له‌ سه‌رده‌می ئیلییا زۆر بێوه‌ژن له‌ ئیسڕائیلدا هه‌بوون، كاتێ سێ ساڵ و شه‌ش مانگ ئاسمان به‌سترا، كاتێ له‌ هه‌موو زه‌ویه‌كه‌دا بووه‌ برسێتییه‌كی مه‌زن، به‌ڵام ئیلییا بۆ ئه‌وان نه‌نێردرا، به‌ڵكو بۆ بێوه‌ژنێک له‌ سرپه‌تی سه‌یده‌ن. له‌ سه‌رده‌می ئه‌لیشه‌ع پێغه‌مبه‌ریش زۆر گول له‌ ئیسڕائیلدا هه‌بوون، هیچیان پێگه‌رد نه‌بوونه‌وه‌، نوعمانی سیریانی نه‌بێت”. جا كه‌ ئه‌مه‌یان بیست هه‌موو له‌ كه‌نیشته‌كه‌ لێی تووڕه‌بوون. هه‌ستان و ده‌ریانكرده‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، هێنایانه‌ لێواری ئه‌و چیایه‌ی شاره‌كه‌یانی له‌سه‌ر بنیاد نرابوو، تاكو فڕێیبده‌نه‌ خواره‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و به‌ نێویاندا تێپه‌ڕی و ڕۆیشت. به‌ره‌و كپه‌ڕناخوم دابه‌زی، كه‌ شارێكی گلیلاییه‌ و له‌ شه‌مماندا ئامۆژگاریی ده‌كردن. له‌ ئامۆژگاریه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ فه‌رمووده‌كانی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بوو. له‌ كه‌نیشته‌كه‌دا پیاوێک هه‌بوو ڕووحی شه‌یتانێكی گڵاوی تێدابوو. به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: “ئای! ئیشۆعی ناسڕه‌تی چیت لێمان ده‌وێت؟ هاتووی له‌ناومان ببه‌یت؟ من ده‌تناسم تۆ كێیت، پارسا‌كه‌ی خودایت!”. ئیشۆع لێی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: “بێده‌نگ به‌! لێی بڕۆ ده‌ره‌وه‌!” شه‌یتانه‌كه‌ له‌ناوه‌ندیان به‌ زه‌ویدا دا و لێی ده‌رچوو، هیچ زیانیشی پێ نه‌گه‌یاند. هه‌مووش سامگرتوو بوون و به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ئه‌مه‌ چ وشه‌یه‌كه‌؟ چونكه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و هێزه‌وه‌ فه‌رمان به‌ ڕووحه‌ گڵاوه‌كان ده‌دات و ده‌رده‌چن!”. ئیتر ناوبانگی له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ر بڵاو بووه‌وه‌. له‌ كه‌نیشت هه‌ستا و چووه‌ ماڵی شیمعون. خه‌سووی شیمعون تایه‌كی توندی لێبوو، له‌به‌ر ئه‌و تكایان لێكرد. ئه‌ویش له‌سه‌ری ڕاوه‌ستا، له‌ تاكه‌ی ڕاخوڕی و به‌ریدا! یه‌كسه‌ر هه‌ستایه‌وه‌ و ڕاژه‌ی كردن. خۆر ئاوابوو، هه‌موو نه‌خۆشه‌كانیان هێنایه‌ لای ئیشۆع، به‌ نه‌خۆشی جۆراوجۆره‌وه‌، ئه‌ویش ده‌ستی له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان دانا و چاكیكردنه‌وه‌. شه‌یتانه‌كانیش له‌ زۆر كه‌س ده‌رده‌چوون و هاواریان ده‌كرد: “تۆ مه‌سیحیت ڕۆڵه‌ی خودای!” ئه‌ویش لێیانی ڕاده‌خوڕی و نه‌یده‌هێشت بدوێن، چونكه‌ زانییان مه‌سیحه‌كه‌یه‌.

هاوبەشی بکە
لۆقا 4 بخوێنەوە

لۆقا 1:4-41 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیسا پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز کە ڕووباری ئوردونی بەجێهێشت، ڕۆحەکە بەرەو چۆڵەوانی ڕێنمایی کرد. چل ڕۆژ ئیبلیس تاقی دەکردەوە. بە درێژایی ئەو ڕۆژانە هیچی نەخوارد، کاتێک ماوەکە تەواو بوو برسی بوو. ئیبلیس پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت، بەم بەردە بڵێ با ببێتە نان.» عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت.﴾» ئینجا ئیبلیس عیسای بردە شوێنێکی بەرز و لە چاوتروکانێکدا هەموو شانشینەکانی جیهانی پیشان دا و پێی گوت: «هەموو ئەم دەسەڵات و شکۆیەی ئەوان دەدەمە تۆ، چونکە دراوەتە من و منیش دەیدەم بە هەرکەسێک کە بمەوێت. لەبەر ئەوە ئەگەر لەبەردەمم کڕنۆش ببەیت، هەمووی بۆ تۆ دەبێت.» عیساش وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.﴾» ئینجا ئیبلیس بۆ ئۆرشەلیمی برد و لەسەر گوێسەبانەی پەرستگا ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت لێرەوە خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە: «﴿سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، کە بە تەواوی بتپارێزن، لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.﴾» عیساش وەڵامی دایەوە: «گوتراوە: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.﴾» کاتێک ئیبلیس هەموو تاقیکردنەوەیەکی تەواو کرد، بەجێی هێشت هەتا دەرفەتێکی دیکە. عیسا بە هێزی ڕۆحی پیرۆزەوە گەڕایەوە جەلیل، ناوبانگی لە هەموو دێیەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە. لە کەنیشتەکانیان فێری دەکردن و هەموو ستایشیان دەکرد. هاتە ناسیرە کە لێی گەورە بووە، وەک نەریتی خۆی ڕۆژی شەممە چووە کەنیشت و بۆ خوێندنەوە هەستا. پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەریان دایێ و کردیەوە، ئەو شوێنەی دۆزییەوە کە تێیدا نووسراوە: «﴿ڕۆحی یەزدان بەهێزم دەکات، چونکە دەستنیشانی کردووم بۆ مژدەدان بە هەژاران، منی ناردووە بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ بەدیلگیراوان، هەروەها گەڕانەوەی بینایی بۆ کوێران، بۆ ئازادکردنی ستەملێکراوان و ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندیی یەزدان.﴾» ئینجا نووسراوە پیرۆزەکەی پێچایەوە، دایەوە خزمەتکارەکە و دانیشت. هەموو ئەوانەی لە کەنیشت بوون چاویان تێبڕی بوو. دەستی کرد بە قسەکردن و فەرمووی: «ئەمڕۆ ئەم نووسراوە پیرۆزەی گوێتان لێبوو هاتە دی.» هەموو شایەتییان بۆ دەدا، سەرسام بوون لەو پەیامە پڕ لە نیعمەتەی لە دەمی دەهاتە دەرەوە، دەیانگوت: «ئەمە کوڕەکەی یوسف نییە؟» عیسا پێی فەرموون: «بێگومان ئەم پەندەم پێ دەڵێن: ئەی پزیشک چارەسەری خۆت بکە! ئەوەی بیستمان و لە شاری کەفەرناحوم کردت، لێرەش لە شارەکەتدا بیکە.» هەروەها فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، هیچ پێغەمبەرێک لە شارەکەی خۆی پەسەند ناکرێت. لە ڕاستیدا پێتان دەڵێم، لە سەردەمی ئەلیاس زۆر بێوەژن لە ئیسرائیلدا هەبوون، کاتێک سێ ساڵ‏ و شەش مانگ باران نەباری، لە هەموو خاکەکەدا بووە قاتوقڕییەکی گەورە، بەڵام ئەلیاس بۆ هیچ یەکێکیان نەنێردرا، بەڵکو بۆ بێوەژنێک لە شاری سەرەفەندی ناوچەی سەیدا. لە ئیسرائیلدا لە سەردەمی ئەلیشەع پێغەمبەر زۆر کەس تووشی نەخۆشی گولی هاتبوون، بەڵام ئەلیشەع هیچیانی چاک نەکردەوە، نەعمانی سوری نەبێت.» هەموو ئەوانەی لە کەنیشتەکە بوون، کاتێک ئەمەیان بیست لێی تووڕە بوون. دەریانکردە دەرەوەی شار، بردیانە سەر لێواری ئەو چیایەی شارەکەیانی لەسەر بنیاد نرابوو، تاکو فڕێیبدەنە خوارەوە. بەڵام ئەو بە ناویاندا تێپەڕی و ڕۆیشت. پاشان عیسا بەرەو کەفەرناحوم دابەزی، کە شارێکی ناوچەی جەلیلە و لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکەکەی فێردەکرد. لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وتەکانی بە دەسەڵاتەوە بوو. لە کەنیشتەکەدا پیاوێک هەبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئای! عیسای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت.» عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» ڕۆحە پیسەکە لەناوەندیان پیاوەکەی بە زەویدا دا و لێی دەرچوو، هیچ زیانیشی پێ نەگەیاند. خەڵکەکەش هەموو سەرسام بوون و بە یەکتریان دەگوت: «ئەمە چ وتەیەکە؟ بە دەسەڵات و هێزەوە فەرمان بە ڕۆحە پیسەکان دەدات و دەردەچن.» ئیتر هەواڵی لە هەموو ناوچەکانی دەوروبەر بڵاو بووەوە. عیسا لە کەنیشت هەستا و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تایەکی توندی هەبوو، بۆیە داوایان لە عیسا کرد کە یارمەتی بدات. ئەویش هاتە سەری، فەرمانی بە تایەکە کرد و بەریدا. دەستبەجێ هەستا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان. کاتی ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆشەکانیان هێنایە لای عیسا، بە نەخۆشی جۆراوجۆرەوە، ئەویش دەستی لەسەر هەریەکەیان دانا و چاکیکردنەوە. ڕۆحی پیسی لە زۆریان دەرکرد، ڕۆحەکان هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» ئەویش لێی ڕادەخوڕین و نەیدەهێشت بدوێن، چونکە دەیانزانی مەسیحەکەیە.

هاوبەشی بکە
لۆقا 4 بخوێنەوە