لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 7:3-20

لۆقا 7:3-20 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌و كۆمه‌ڵانه‌ی ده‌ووت كه‌ ده‌رده‌چوون تاكو عه‌مادیان بكات: “ئه‌ی بێچوی ماران، كێ ڕێگای پیشانداون له‌ده‌ست تووڕه‌یی داهاتوو هه‌ڵبێن؟ به‌رهه‌مێک بده‌ن له‌ تۆبه‌كردن بوه‌شێته‌وه‌. بیرمه‌كه‌نه‌وه‌ به‌خۆتان بڵێن: ئه‌وڕاهه‌م باوكمانه‌. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، خودا ده‌توانێت له‌م به‌ردانه‌ ڕۆڵه‌ بۆ ئه‌وڕاهه‌م په‌یدا بكات. ئێستاش ته‌ور خراوه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌گی دره‌خته‌كان، هه‌ر دره‌ختێک به‌رهه‌می باش دروست نه‌كات، ده‌بڕدرێته‌وه‌ و فڕێ ده‌درێته‌ نێو ئاگر”. كۆمه‌ڵه‌كه‌ پرسیان لێكرد: “كه‌واته‌ چی بكه‌ین؟” وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌وه‌ی دوو كراسی هه‌یه‌، با یه‌كێكیان بداته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ نییه‌تی، ئه‌وه‌ش كه‌ نانی هه‌یه‌، با هه‌مان شت بكات”. باجگرانیش بۆ عه‌مادبوون هاتن، پێیان وت: “ڕابی، ئێمه‌ چی بكه‌ین؟” پێی وتن: “له‌وه‌ی بۆتان دانراوه‌ زیاتر وه‌رمه‌گرن”. سه‌ربازیش پرسیان لێكرد: “ئه‌ی ئێمه‌ چی بكه‌ین؟” پێی وتن: “سته‌م له‌ كه‌س مه‌كه‌ن و كه‌س به‌ده‌سته‌وه‌ مه‌ده‌ن، به‌ موچه‌كانتان ڕازی بن”. گه‌ل له‌ چاوه‌ڕوانیدا بوون، هه‌موو له‌ دڵیاندا ده‌رباه‌ری یوخه‌ننه‌ن ده‌یانپرسی: ڕه‌نگه‌ مه‌سیح بێت؟ یوخه‌ننه‌ن وه‌ڵامی هه‌مووانی دایه‌وه‌ و وتی: “من به‌ ئاوتان عه‌مادتان ده‌كه‌م، به‌ڵام یه‌كێک دێت له‌ من به‌هێزتره‌، ئه‌وه‌ی من شایسته‌ نیم ئاوه‌زێنه‌ی سۆله‌كانی بكه‌مه‌وه‌، ئه‌و به‌ ڕووحی پارسا و به‌ ئاگر عه‌مادتان ده‌كات. ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌نه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، خه‌رمانه‌كه‌ی شه‌نه‌با ده‌كات، گه‌نمه‌كه‌ی له‌ عه‌مباردا كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كایه‌كه‌ به‌ ئاگرێكی نه‌كوژاوه‌ ده‌سووتێنێ” زۆر شتی دیكه‌ش فێری گه‌لی ده‌كرد و موژده‌ی ده‌دانێ. به‌ڵام كاتێ یوخه‌ننه‌ن هیڕوودسی تیتراركی سه‌رزه‌نشت كردبوو له‌سه‌ر هیڕوودییای براژنی و له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و خراپانه‌ی كردبووی، ئه‌م خراپه‌یه‌شی خسته‌ پاڵ هه‌موو ئه‌وانه‌، یوخه‌ننه‌نی له‌ زیندان به‌ندكرد.

هاوبەشی بکە
لۆقا 3 بخوێنەوە

لۆقا 7:3-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یەحیا بەو خەڵکانەی دەگوت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. بە خۆتان مەڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.» خەڵکەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟» وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی، ئەوەش کە نانی هەیە، با هەمان شت بکات.» باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟» پێی گوتن: «لەوەی بۆتان دانراوە زیاتر وەرمەگرن.» سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە چی بکەین؟» یەحیاش وەڵامی دانەوە: «خاوە لە کەس وەرمەگرن و بوختان مەکەن، بە مووچەکانتان ڕازی بن.» گەل لە چاوەڕوانیدا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا دەربارەی یەحیا لێکیان دەدایەوە کە لەوانەیە یەحیا خۆی مەسیح بێت. یەحیا وەڵامی هەمووانی دایەوە: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک دێت لە من بەتواناترە، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت. شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.» بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدانێ. بەڵام کاتێک یەحیا سەرزەنشتی هێرۆدسی ئەنتیپاسی فەرمانڕەوای جەلیلی کردبوو لەبەر ئەوەی کە هێرۆدیای براژنی خۆی هێنابوو و هەروەها لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کردبووی، ئەم خراپەیەشی خستە پاڵ هەموو ئەوانە، یەحیای لە زیندان بەندکرد.

هاوبەشی بکە
لۆقا 3 بخوێنەوە