لۆقا 1:3-38
لۆقا 1:3-38 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
له ساڵی پازده‌مینی حوكمڕانی تێبه‌رییۆس قه‌یسه‌ڕ، كاتێ پونتوس پیڵاتوسی فه‌رمانڕه‌وای ئیهوود بوو، هیڕوودسیش تیتراركی گلیلا بوو و پیلیپوسی براشی تیتراركی ئیتۆڕیا و ته‌راخۆنا بوو، لیسانیۆس تیتراركی ئه‌ویلینێ بوو، له سه‌رده‌می كاهینیه‌تی باڵای خه‌ننه‌ن و قه‌یاپا، له ده‌شتوده‌ر وشه‌ی خودا بۆ یوخه‌ننه‌نی كوڕی زخه‌ریا هات. جا بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری یوردنه‌ن ده‌رچوو، بانگه‌وازی عه‌مادكردنی تۆبه‌ی ده‌دا بۆ گوناه به‌خشین. وه‌ک له سیپاره‌ی وشه‌كانی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ردا نووسراوه كه ده‌ڵێ: {ده‌نگی هاوارگه‌رێک له ده‌شتوده‌ره‌وه دێ: “ڕێگای په‌روه‌ردگار ئاماده بكه‌ن، ڕێبازه‌كانی ڕاست بكه‌ن. هه‌موو دۆڵێک پڕ ده‌بێته‌وه و هه‌موو چیا و گردێكیش نزم ده‌بێته‌وه، ڕێگا خواروخێچه‌كان ڕاست ده‌بنه‌وه و سه‌خته‌كانیش ئاسان ده‌بن، هه‌موو ئاده‌میزادێكیش ڕزگاریی خودا ده‌بینێت!}” به‌و كۆمه‌ڵانه‌ی ده‌ووت كه ده‌رده‌چوون تاكو عه‌مادیان بكات: “ئه‌ی بێچوی ماران، كێ ڕێگای پیشانداون له‌ده‌ست تووڕه‌یی داهاتوو هه‌ڵبێن؟ به‌رهه‌مێک بده‌ن له تۆبه‌كردن بوه‌شێته‌وه. بیرمه‌كه‌نه‌وه به‌خۆتان بڵێن: ئه‌وڕاهه‌م باوكمانه. چونكه پێتان ده‌ڵێم، خودا ده‌توانێت له‌م به‌ردانه ڕۆڵه بۆ ئه‌وڕاهه‌م په‌یدا بكات. ئێستاش ته‌ور خراوه‌ته سه‌ر ڕه‌گی دره‌خته‌كان، هه‌ر دره‌ختێک به‌رهه‌می باش دروست نه‌كات، ده‌بڕدرێته‌وه و فڕێ ده‌درێته نێو ئاگر”. كۆمه‌ڵه‌كه پرسیان لێ‌كرد: “كه‌واته چی بكه‌ین؟” وه‌ڵامی دانه‌وه و پێی وتن: “ئه‌وه‌ی دوو كراسی هه‌یه، با یه‌كێكیان بداته ئه‌وه‌ی كه نییه‌تی، ئه‌وه‌ش كه نانی هه‌یه، با هه‌مان شت بكات”. باجگرانیش بۆ عه‌مادبوون هاتن، پێیان وت: “ڕابی، ئێمه چی بكه‌ین؟” پێی وتن: “له‌وه‌ی بۆتان دانراوه زیاتر وه‌رمه‌گرن”. سه‌ربازیش پرسیان لێ‌كرد: “ئه‌ی ئێمه چی بكه‌ین؟” پێی وتن: “سته‌م له كه‌س مه‌كه‌ن و كه‌س به‌ده‌سته‌وه مه‌ده‌ن، به موچه‌كانتان ڕازی بن”. گه‌ل له چاوه‌ڕوانیدا بوون، هه‌موو له دڵیان‌دا ده‌رباه‌ری یوخه‌ننه‌ن ده‌یانپرسی: ڕه‌نگه مه‌سیح بێت؟ یوخه‌ننه‌ن وه‌ڵامی هه‌مووانی دایه‌وه و وتی: “من به ئاوتان عه‌مادتان ده‌كه‌م، به‌ڵام یه‌كێک دێت له من به‌هێزتره، ئه‌وه‌ی من شایسته نیم ئاوه‌زێنه‌ی سۆله‌كانی بكه‌مه‌وه، ئه‌و به ڕووحی پارسا و به ئاگر عه‌مادتان ده‌كات. ئه‌وه‌ی كه شه‌نه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه، خه‌رمانه‌كه‌ی شه‌نه‌با ده‌كات، گه‌نمه‌كه‌ی له عه‌مباردا كۆده‌كاته‌وه، به‌ڵام كایه‌كه به ئاگرێكی نه‌كوژاوه ده‌سووتێنێ” زۆر شتی دیكه‌ش فێری گه‌لی ده‌كرد و موژده‌ی ده‌دانێ. به‌ڵام كاتێ یوخه‌ننه‌ن هیڕوودسی تیتراركی سه‌رزه‌نشت كردبوو له‌سه‌ر هیڕوودییای براژنی و له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و خراپانه‌ی كردبووی، ئه‌م خراپه‌یه‌شی خسته پاڵ هه‌موو ئه‌وانه، یوخه‌ننه‌نی له زیندان به‌ندكرد. كاتێ گه‌ل هه‌موو عه‌مادكران، ئیشۆعیش عه‌مادكرا، كه نوێژی ده‌كرد ئاسمان كرایه‌وه، ڕووحی پارسا له شێوه‌ی جه‌سته وه‌ک كۆترێک له‌سه‌ری نیشته‌وه، ده‌نگێک له ئاسمانه‌وه هات و فه‌رمووی: “تۆ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستمی، به تۆوه دڵشادم”. كاتێ ئیشۆع ده‌ستی به ڕاژه‌كه‌ی كرد نزیكه‌ی سی ساڵان بوو. وا ده‌زانرا كه كوڕی یۆسپی كوڕی هیلی، كوڕی مه‌تته‌ت، كوڕی لیوی، كوڕی مه‌لكه‌ی، كوڕی یانی، كوڕی یۆسپ، كوڕی مه‌تته‌ی، كوڕی عامۆس، كوڕی ناخۆم، كوڕی خه‌سلی، كوڕی نه‌گگه‌ی، كوڕی مه‌ئات، كوڕی مه‌تته‌ت، كوڕی شه‌معی، كوڕی یۆسپ، كوڕی ئیهوودا، كوڕی یوخه‌ننه‌ن، كوڕی ڕاسا، كوڕی زوڕباول، كوڕی شه‌للـه‌تئیل، كوڕی نیری، كوڕی مه‌لكه‌ی، كوڕی ئه‌دده‌ی، كوڕی قووسه‌م، كوڕی ئه‌ڵمووده‌م، كوڕی عیر، كوڕی یۆسێ، كوڕی ئیلیعا‌زه‌ڕ، كوڕی یۆڕه‌م، كوڕی مه‌تیتا، كوڕی لیوی، كوڕی شیمعۆن، كوڕی ئيهوودا، كوڕی یۆسپ، كوڕی یۆنه‌م، كوڕی ئیلیاقیم، كوڕی مه‌لیا، كوڕی مانی، كوڕی مه‌تته‌ت، كوڕی ناته‌ن، كوڕی داوید، كوڕی ئیشه‌ی، كوڕی عوه‌ید، كوڕی باعه‌ز، كوڕی سه‌لمون، كوڕی نخشون، كوڕی عه‌میناده‌و، كوڕی ئه‌دومین، كوڕی ئاڕه‌م، كوڕی خسڕون، كوڕی په‌ڕه‌س، كوڕی ئيهوودا، كوڕی یاقوو، كوڕی ئسخه‌ق، كوڕی ئه‌وڕاهه‌م، كوڕی تاره‌ح، كوڕی ناحور، كوڕی سه‌روج، كوڕی ئه‌ڕعۆ، كوڕی پاله‌غ، كوڕی عاوه‌ڕ، كوڕی شاله‌خ، كوڕی قه‌ینه‌ن، كوڕی ئه‌رپه‌خشه‌د، كوڕی شیم، كوڕی نووخ، كوڕی له‌مخ، كوڕی مه‌توشله‌خ، كوڕی ئخنوخ، كوڕی یه‌رد، كوڕی مه‌هله‌لائیل، كوڕی قه‌ینه‌ن، كوڕی ئانوش، كوڕی شیت، كوڕی ئاده‌م، ڕۆڵه‌ی خودایه.
لۆقا 1:3-38 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
لە ساڵی پازدەمینی حوکمڕانی تێباریۆس قەیسەر، کاتێک پیلاتۆسی پۆنتی فەرمانڕەوای یەهودیا بوو، هێرۆدسی ئەنتیپاس فەرمانڕەوای جەلیل بوو، فیلیپۆسی براشی فەرمانڕەوای ئیتۆریە و تەراخۆنیتس بوو، لیسانیۆس فەرمانڕەوای ئەبیلینە بوو، لە سەردەمی سەرۆک کاهینیێتی حەنا و قەیافا، لە دەشتودەر پەیامی خودا بۆ یەحیای کوڕی زەکەریا هات. ئیتر بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردوندا دەگەڕا، جاڕی لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین. وەک لە پێشبینییەکانی پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە: ﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.» هەموو دۆڵێک پڕ دەبێتەوە و هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت، ڕێگا خواروخێچەکان ڕاست دەبنەوە و سەختەکانیش ئاسان دەبن، هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاریی خودا دەبینن!﴾ یەحیا بەو خەڵکانەی دەگوت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. بە خۆتان مەڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.» خەڵکەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟» وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی، ئەوەش کە نانی هەیە، با هەمان شت بکات.» باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟» پێی گوتن: «لەوەی بۆتان دانراوە زیاتر وەرمەگرن.» سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە چی بکەین؟» یەحیاش وەڵامی دانەوە: «خاوە لە کەس وەرمەگرن و بوختان مەکەن، بە مووچەکانتان ڕازی بن.» گەل لە چاوەڕوانیدا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا دەربارەی یەحیا لێکیان دەدایەوە کە لەوانەیە یەحیا خۆی مەسیح بێت. یەحیا وەڵامی هەمووانی دایەوە: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک دێت لە من بەتواناترە، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت. شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.» بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدانێ. بەڵام کاتێک یەحیا سەرزەنشتی هێرۆدسی ئەنتیپاسی فەرمانڕەوای جەلیلی کردبوو لەبەر ئەوەی کە هێرۆدیای براژنی خۆی هێنابوو و هەروەها لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کردبووی، ئەم خراپەیەشی خستە پاڵ هەموو ئەوانە، یەحیای لە زیندان بەندکرد. کاتێک گەل هەموو لە ئاو هەڵکێشران، عیساش لە ئاو هەڵکێشرا. کاتێک کە عیسا نوێژی دەکرد ئاسمان کرایەوە و ڕۆحی پیرۆز لە شێوەی جەستەی کۆترێک لەسەری نیشتەوە و دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.» کاتێک عیسا دەستی بە خزمەتەکەی کرد تەمەنی نزیکەی سی ساڵ بوو. وا دەزانرا کە کوڕی یوسفی، کوڕی هەلی، کوڕی مەتسات، کوڕی لێڤی، کوڕی مەلکی، کوڕی یەننا، کوڕی یوسف، کوڕی مەتاسیا، کوڕی ئامۆس، کوڕی ناحوم، کوڕی هەسلی، کوڕی نەجای، کوڕی ماس، کوڕی مەتاسیا، کوڕی شیمعی، کوڕی یوسف، کوڕی یەهوزا، کوڕی یواننا، کوڕی ڕیسا، کوڕی زروبابل، کوڕی شەئەلتیێل، کوڕی نیری، کوڕی مەلکی، کوڕی ئادی، کوڕی کوسام، کوڕی ئەلمودام، کوڕی ئێر، کوڕی یەشوع، کوڕی ئەلیعەزەر، کوڕی یوریم، کوڕی مەتسات، کوڕی لێڤی، کوڕی شیمۆن، کوڕی یەهودا، کوڕی یوسف، کوڕی یۆنام، کوڕی ئەلیاقیم، کوڕی مەلیا، کوڕی مەننا، کوڕی مەتاسا، کوڕی ناتان، کوڕی داود، کوڕی یەسا، کوڕی عوبێد، کوڕی بۆعەز، کوڕی سەلمۆن، کوڕی نەحشۆن، کوڕی عەمیناداب، کوڕی ڕام، کوڕی حەسرۆن، کوڕی پێرێز، کوڕی یەهودا، کوڕی یاقوب، کوڕی ئیسحاق، کوڕی ئیبراهیم، کوڕی تارەح، کوڕی ناحۆر، کوڕی سەروگ، کوڕی ڕەعو، کوڕی پەلەگ، کوڕی عێبەر، کوڕی شالەح، کوڕی کێنان، کوڕی ئەرپەکشاد، کوڕی سام، کوڕی نوح، کوڕی لامەخ، کوڕی مەتوشالح، کوڕی حەنۆخ، کوڕی یارەد، کوڕی مەهلەلئێل، کوڕی قێنان، کوڕی ئەنۆش، کوڕی شیت، کوڕی ئادەم، کوڕی خودایە.