لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 15:18-30

لۆقا 15:18-30 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

منداڵیان هێنایه‌ لای تاكو ده‌ستیان لێ بدات. كاتێ قوتابییه‌كان ئه‌مه‌یان بینی لێیان ڕاخوڕین. به‌ڵام ئیشۆع بانگی مندا‌ڵه‌كانی كرد و فه‌رمووی: “لێگه‌ڕێن با منداڵان بێنه‌ لام، قه‌ده‌غه‌یان لێ مه‌كه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تیی خودا هی وه‌ک ئه‌مانه‌یه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی وه‌ک منداڵێک پاشایه‌تیی خودا په‌سه‌ند نه‌كات، هه‌رگیز ناچێته‌ ناویه‌وه‌”. سه‌رۆكێک پرسی لێكرد: “ڕابیی باش، چی بكه‌م تاكو ژیانی جاویدانی به‌ میرات بگرم؟” ئیشۆع پێی فه‌رموو: “بۆچی به‌ باش ناوم ده‌به‌یت؟ بێجگه‌ له‌ خودا كه‌س باش نییه‌. تۆ ڕاسپارده‌كان ده‌زانیت: داوێنپیسی مه‌كه‌، مه‌كوژه‌، مه‌دزه‌، گه‌واهیی درۆ مه‌ده‌، ڕێزی باوک و دایكت بگره‌”. ئه‌ویش وتی: “هه‌موو ئه‌مانه‌م له‌ منداڵییه‌وه‌ پاراستووه‌”. كاتێ ئیشۆعیش ئه‌مه‌ی بیست، پێی فه‌رموو: “هێشتا شتێكت كه‌مه‌. چیت هه‌یه‌ هه‌مووی بفرۆشه‌ و به‌سه‌ر هه‌ژاران دابه‌شی بكه‌، له‌ ئاسماندا گه‌نجینه‌یه‌كت ده‌بێت. ئینجا وه‌ره‌ دوام بكه‌وه‌”. كاتێ ئه‌مه‌ی بیست، زۆر خه‌مناک بوو، چونكه‌ زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو. ئیشۆع بینی زۆر خه‌مناک بوو، فه‌رمووی: “چه‌ند گرانه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندان بچنه‌ نێو پاشایه‌تیی خوداوه‌! چونكه‌ ئاسانتره‌ گوریسێک به‌ كونی ده‌رزییه‌كه‌وه‌ بچێت له‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێک بچێته‌ نێو پاشایه‌تیی خوداوه‌”. ئه‌وانه‌ی گوێیان لێبوو وتیان: “كه‌واته‌ كێ ده‌توانێت ڕزگاری بێت؟” فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی لای خه‌ڵكی مه‌حاڵه‌، لای خودا ده‌بێت”. په‌تڕۆس وتی: “ئه‌وه‌تا ئێمه‌ هه‌موو شتێكمان به‌جێهێشتووه‌ و دوات كه‌وتووین”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كه‌س نییه‌ ماڵ یان باوک و دایک یان برا یان ژن یان منداڵی له‌پێناوی پاشایه‌تیی خودا به‌جێهێشتبێت، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی زۆرتر وه‌رنه‌گرێته‌وه‌، له‌م ڕۆژگاره‌دا و له‌ ڕۆژگاری داهاتووش ژیانی جاویدانی”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 18 بخوێنەوە

لۆقا 15:18-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خەڵک منداڵی ساوایان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی سەرزەنشتیان کردن. بەڵام عیسا بانگی منداڵەکانی کرد و فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.» کابرایەکی دەسەڵاتدار پرسیاری لێکرد: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە. ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿داوێنپیسی مەکە، مەکوژە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾» ئەویش گوتی: «لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.» عیساش گوێی لەمە بوو، پێی فەرموو: «هێشتا شتێکت کەمە. هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بەسەر هەژاران دابەشی بکە، گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت. ئینجا وەرە دوام بکەوە.» کاتێک ئەمەی بیست، زۆر دڵتەنگ بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو. کاتێک عیسا ئەوی بە خەمناکی بینی، فەرمووی: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە! ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.» ئەوانەی گوێیان لێبوو گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟» عیسا فەرمووی: «ئەوەی لەلای خەڵکی مەحاڵە، لای خودا دەبێت.» پەترۆس گوتی: «ئەوەتا هەموو شتێکمان بەجێهێشتووە و دوات کەوتووین.» ئەویش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ، ژن، برا، دایک، باوک یان منداڵی لەبەر شانشینی خودا بەجێهێشتبێت، لەم دنیایە چەند ئەوەندە لە بەرامبەری وەرنەگرێتەوە و لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.»

هاوبەشی بکە
لۆقا 18 بخوێنەوە