لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:13-35

لۆقا 1:13-35 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌و كاته‌دا هه‌ندێک له‌وێ بوون، باسی ئه‌و گلیلاییانه‌یان بۆ ئیشۆع كرد كه‌ پیڵاتوس خوێنی له‌گه‌ڵ قوربانییه‌كانیان تێكه‌ڵاو كرد. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “واده‌زانن ئه‌و گلیلاییانه‌ له‌ هه‌موو گلیلاییه‌كان گوناهبارتر بوون، چونكه‌ ئه‌و شتانه‌یان چێژت؟ نه‌خێر! پێتان ده‌ڵێم: به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆبه‌ نه‌كه‌ن هه‌مووتان ئاوا تیاده‌چن. یان ئه‌و هه‌ژده‌ كه‌سه‌ی له‌ سیلوام قوللـه‌كه‌یان به‌سه‌ردا كه‌وت و كوشتنی، له‌ هه‌موو دانیشتووانی یروشلایم گوناهبارتر بوون؟ نه‌خێر! پێتان ده‌ڵێم: به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆبه‌ نه‌كه‌ن هه‌مووتان ئاوا تیاده‌چن”. ئینجا ئه‌م په‌نده‌ی گێڕایه‌وه‌: “كابرایه‌ک دارهه‌نجیرێكی چاندراوی له‌ ڕه‌زه‌كه‌ی دا هه‌بوو، بۆ به‌رهه‌م هات و پێوه‌ی نه‌بینی. به‌ ڕه‌زه‌وانه‌كه‌ی وت: ئه‌وه‌ سێ ساڵه‌ بۆ به‌رهه‌می ئه‌م دارهه‌نجیره‌ دێم و پێوه‌ی نابینم. بیبڕه‌وه‌! بۆچی زه‌ویش داگیر بكات؟ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: گه‌وره‌م، ئه‌م ساڵه‌ش لێیگه‌ڕێ، تاكو ده‌وروبه‌ری هه‌ڵده‌گێڕمه‌وه‌ و په‌یینی پێدا ده‌كه‌م. به‌ڵكو دواتر به‌ر بگرێت، ئه‌گینا بیبڕه‌وه‌”. ئیشۆع له‌ شه‌ممه‌دا له‌ یه‌كێک له‌ كه‌نیشته‌كان خه‌ریكی ئامۆژگاری بوو، ژنێک هه‌ژده‌ ساڵ لاوازیه‌كی هه‌بوو، قه‌مبوور بوو و هه‌رگیز نه‌یده‌توانی ڕاستبێته‌وه‌. كاتێ ئیشۆع ژنه‌كه‌ی بینی، بانگی كرد و پێی فه‌رموو: “خانم، له‌ لاوازییه‌كه‌ت ئازاد كرایت!”. ئینجا هه‌ردوو ده‌ستی خسته‌ سه‌ری و یه‌كسه‌ر ڕاستبووه‌وه‌ و خودای شكۆدار كرد. پێشه‌وای كه‌نیشتیش تووڕه‌ بوو كه‌وا ئیشۆع له‌ شه‌ممه‌دا خه‌ڵكی چاككرده‌وه‌، به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی وت: “شه‌ش ڕۆژ هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ كاریان تێدا بكرێت، له‌واندا وه‌رن و چاكبنه‌وه‌، نه‌ک له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌!” په‌روه‌ردگاریش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی ڕووپاما! ئایا هه‌ر یه‌ک له‌ ئێوه‌ له‌ شه‌ممه‌دا گا یان كه‌ره‌كه‌ی له‌ ئاخوڕ ناكاته‌وه‌ و بیبات ئاوی بدات؟ ئه‌مه‌ش كه‌ ڕۆڵه‌ی ئه‌وڕاهه‌مه‌ و هه‌ژده‌ ساڵه‌ شه‌یتان به‌ستویه‌تییه‌وه‌، نه‌ده‌بوو له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا له‌م به‌نده‌ ئازاد بێت؟” كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، هه‌موو به‌رهه‌ڵستكارانی شه‌رمه‌زار بوون، هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ش به‌ گشت ئه‌و كاره‌ شكۆدارانه‌ی به‌و ئه‌نجام ده‌دران دڵشاد بوون. ئینجا فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی خودا له‌ چی ده‌چێت؟ به‌ چی بیچوێنم؟ له‌ ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌ک ده‌چێت، كابرایه‌ک بردی و فڕێیدا نێو باخه‌كه‌ی، جا گه‌شه‌ی كرد و بووه‌ دارێكی گه‌وره‌، باڵنده‌ی ئاسمان له‌نێو لقه‌كانی هه‌ڵنیشتن”. دیسان فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی خودا به‌ چی بچوێنم؟ له‌ هه‌وێنێک ده‌چێت، ژنێک هێنای و كردییه‌ نێو سێ پێوانه‌ ئارده‌وه‌، تاكو هه‌مووی هه‌ڵهات”. كاتێ ده‌چووه‌ یروشلایم، به‌ شار و گونده‌كاندا تێده‌په‌ڕی و خه‌ڵكی ئامۆژگاری ده‌كرد. یه‌كێک پێی وت: “گه‌وره‌م، ئایا ئه‌وانه‌ی ڕزگاریان ده‌بێت كه‌من؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “كۆشش بكه‌ن تاكو له‌ ده‌رگای ته‌سک بچنه‌ ژووره‌وه‌، چونكه‌، پێتان ده‌ڵێم: زۆر كه‌س هه‌وڵده‌ده‌ن بچنه‌ ژووره‌وه‌ و ناتوانن. له‌و ده‌مه‌ی خاوه‌ن ماڵ هه‌ڵده‌ستێت و ده‌رگا داده‌خات، ئێوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌وه‌ستن، له‌ ده‌رگا ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگار، په‌روه‌ردگار، لێمان بكه‌وه‌! وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و پێتان ده‌ڵێ: ناتانناسم ئێوه‌ خه‌ڵكی كوێن! ئه‌وسا ده‌ڵێن: له‌گه‌ڵت خواردمان و خواردمانه‌وه‌ و له‌ شه‌قامه‌كانمان ئامۆژگاریت كردین! ئینجا ده‌ڵێت: ناتانناسم ئێوه‌ خه‌ڵكی كوێن. ئه‌ی هه‌موو سته‌مكاران، لێم دوور بكه‌ونه‌وه‌! گریان و جیڕه‌ی ددانیش له‌وێ ده‌بێت، كاتێ ده‌بینن ئه‌وڕاهه‌م و ئسخه‌ق و یاقوو و هه‌موو پێغه‌مبه‌ران له‌ پاشایه‌تیی خودان، ئێوه‌ش ده‌ركراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. له‌ خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا، له‌ باكوور و باشووره‌وه‌ دێن و له‌ پاشایه‌تیی خودا پاڵده‌ده‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌تا دواهه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ یه‌كه‌مین و یه‌كه‌مه‌كانیش ده‌بنه‌ دواهه‌مین”. له‌و ڕۆژه‌دا هه‌ندێک په‌ڕیشی هاتن و پێیان وت: “ئێره‌ به‌جێبهێڵه‌ و بڕۆ، چونكه‌ هیڕوودس ده‌یه‌وێت بتكوژێت”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “بڕۆن به‌و ڕێویه‌ بڵێن: ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ شه‌یتانه‌كان ده‌رده‌كه‌م و چاكده‌كه‌مه‌وه‌، له‌ ڕۆژی سێیه‌میش ته‌واو ده‌بم. به‌ڵكو بۆ من پێویسته‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ و دووسبه‌ی بڕۆم، چونكه‌ نابێ پێغه‌مبه‌رێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی یروشلایم له‌ناوبچێت! یروشلایم، یروشلایم، ئه‌ی بكوژی پێغه‌مبه‌ران و به‌ردبارانكاری په‌یامبه‌رانت، چه‌ند جار ویستم ڕۆڵه‌كانت كۆبكه‌مه‌وه‌، وه‌ک مریشک جوجه‌ڵه‌كانی له‌ ژێر باڵیدا كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌تانویست! ئه‌وه‌تا ماڵه‌كه‌تان به‌ وێرانی بۆتان ده‌مێنێت! ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌تا نامبیننه‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ دێت كه‌ ده‌ڵێن: {پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت} !”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 13 بخوێنەوە

لۆقا 1:13-35 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەر لەو کاتەدا هەندێک لەوێ بوون، باسی ئەو جەلیلییانەیان بۆ عیسا کرد کە پیلاتۆس خوێنی لەگەڵ قوربانییەکانیان تێکەڵاو کرد. عیسا وەڵامی دایەوە: «وا دەزانن ئەو جەلیلییانە لە هەموو جەلیلییەکانی دیکە گوناهبارتر بوون، چونکە بەم شێوەیە ئازاریان چێژت؟ پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن. یان ئەو هەژدە کەسەی لە سیلوام قوللەکەیان بەسەردا کەوت و کوشتنی، لە هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم گوناهبارتر بوون؟ من پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن.» ئینجا ئەم نموونەیەی باسکرد: «کابرایەک دار هەنجیرێکی لە ڕەزەکەیدا چاندبوو، بۆ بەرهەم هات و پێوەی نەبینی. بە ڕەزەوانەکەی گوت: ”تەماشا بکە، سێ ساڵە بۆ بەری ئەم دار هەنجیرە دێم و پێوەی نابینم! بیبڕەوە، بۆچی زەویش داگیر بکات؟“ «ڕەزەوانەکە وەڵامی دایەوە: ”گەورەم، ئەم ساڵیش وازی لێبهێنە، تاکو دەوروبەری هەڵدەگێڕمەوە و پەیینی پێدا دەکەم. بەڵکو دواتر بەر بگرێت، ئەگینا بیبڕەوە.“» عیسا لە ڕۆژی شەممەدا لە یەکێک لە کەنیشتەکان خەریکی فێرکردن بوو، ژنێک بەهۆی ڕۆحێکی پیسەوە هەژدە ساڵ نەخۆش بوو، قەمبوور بوو و هەرگیز نەیدەتوانی بە تەواوی ڕاستبێتەوە. عیسا ژنەکەی بینی، بانگی کرد: «خانم، لە نەخۆشییەکەت ئازاد کرایت.» ئینجا هەردوو دەستی خستە سەری و دەستبەجێ ڕاستبووەوە و ستایشی خودای کرد. پێشەوای کەنیشتیش تووڕە بوو کە عیسا لە شەممەدا خەڵکی چاککردەوە، بە خەڵکەکەی گوت: «شەش ڕۆژ هەیە کە پێویستە کاریان تێدا بکرێت، لەواندا وەرن و چاکبنەوە، نەک لە ڕۆژی شەممەدا.» مەسیحیش وەڵامی دایەوە: «ئەی دووڕووان! ئایا هەر یەک لە ئێوە لە ڕۆژی شەممەدا گا یان گوێدرێژەکەی لە ئاخوڕ ناکاتەوە و بیبات ئاوی بدات؟ ئەوەش کە کچی ئیبراهیمە و هەژدە ساڵە شەیتان بەستویەتییەوە، نەدەبوو لە ڕۆژی شەممەدا لەم بەندە ئازاد بێت؟» کە ئەمەی فەرموو، هەموو بەرهەڵستکارانی شەرمەزار بوون، بەڵام تەواوی خەڵکەکە دڵشاد بوون بەو کارە مەزنانەی کە عیسا ئەنجامی دەدا. ئینجا عیسا فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چی بەراوردی بکەم؟ لە دەنکە خەرتەلەیەک دەچێت، کابرایەک بردی و لەناو باخەکەی چاندی، جا گەشەی کرد و بوو بە درەختێک، باڵندەی ئاسمان لەناو لقەکانی هێلانەیان کرد.» دیسان فەرمووی: «شانشینی خودا بە چی بەراورد بکەم؟ لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.» کاتێک عیسا دەچووە ئۆرشەلیم، بە شار و گوندەکاندا تێدەپەڕی و خەڵکی فێردەکرد. یەکێک پێی گوت: «گەورەم، ئایا کەمن ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت؟» ئەویش پێی فەرموون: «کۆشش بکەن تاکو لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە، پێتان دەڵێم، زۆر کەس هەوڵدەدەن بچنە ژوورەوە و ناتوانن. لەو دەمەی خاوەن ماڵ هەڵدەستێت و دەرگا دادەخات، ئێوە لە دەرەوە دەوەستن، لە دەرگا دەدەن و تکا دەکەن: ”گەورەم، لێمان بکەوە!“ «وەڵام دەداتەوە: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن.“ «ئەوسا دەڵێن: ”لەگەڵت خواردمان و خواردمانەوە و لە شەقامەکانمان فێرت کردین.“ «ئینجا دەڵێت: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن. ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە!“ «کاتێک دەبینن ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب و هەموو پێغەمبەران لە شانشینی خودان، بەڵام ئێوە دەرکراون، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. خەڵکی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوورەوە دێن و لە شانشینی خودا لەسەر خوان دادەنیشن. ئەوەتا دواهەمین هەن دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش هەن دەبنە دواهەمین.» لەو کاتەدا هەندێک فەریسی هاتن و پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ، چونکە هێرۆدس دەیەوێت بتکوژێت.» ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بەو ڕێویە بڵێن، ”ئەوەتا ئەمڕۆ و بەیانی ڕۆحە پیسەکان دەردەکەم و خەڵکی چاک دەکەمەوە، لە ڕۆژی سێیەمیش هەموو شتێک تەواو دەکەم.“ بەڵام بۆ من پێویستە ئەمڕۆ و سبەی و دووسبەی بڕۆم، چونکە نابێت پێغەمبەرێک لە دەرەوەی ئۆرشەلیم بمرێت. «ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست. ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ. پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتە دێت کە دەڵێن، ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.﴾»

هاوبەشی بکە
لۆقا 13 بخوێنەوە