لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لێڤییەکان 3:6-21

لێڤییەکان 3:6-21 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یان شتێکی بزربووی دۆزییەوە و سەبارەت بەوە نکۆڵی کرد، یان بە درۆ سوێندی لەسەر ئەمانە خوارد یان هەر شتێک کە مرۆڤ گوناهی تێدا بکات، ئەگەر گوناهی کرد و تاوانبار بوو، پێویستە شتەکان بگەڕێنێتەوە، ئەوا ئەوەی دزیویەتی یان ئەوەی دەستی بەسەردا گرتووە یان ئەوەی لەلای دانراوە یان ئەوەی بزر ببوو و دۆزییەوە، یان هەر شتێک کە بە درۆ سوێندی لەسەر خواردبێت. سەر بەسەر قەرەبووی دەکاتەوە و پێنج یەکیشی بۆ زیاد دەکات. لە ڕۆژی قوربانی تاوانەکەی دەیداتەوە دەست خاوەنەکەی. لەبری تاوانەکە دەبێت قوربانییەک بۆ کاهین بهێنێت، ئەمە بۆ یەزدانە، قوربانی تاوانەکە بەرانێکی ساغی مێگەل بێت، بەو نرخەی بۆی دادەنێیت، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت لە هەر شتێک کە کردوویەتی و پێی تاوانبارە.» هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەم فەرمانە بە هارون و کوڕەکانی ڕابگەیەنە: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی سووتاندن. قوربانی سووتاندن دەبێت بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لەسەر ئاگردانەکە بێت لەسەر قوربانگاکە. پێویستە ئاگری قوربانگاکەش بە داگیرساوی بمێنێتەوە. کاهینەکە جلەکانی و دەرپێکەی کە لە کەتانن لەبەر دەکات و خۆڵەمێشی ئەو قوربانی سووتاندنەی کە ئاگرەکە هەڵیلووشی هەڵدەگرێت و لەتەنیشت قوربانگاکە دایدەنێت. ئینجا جلەکانی دادەکەنێت و جلی دیکە لەبەر دەکات و خۆڵەمێشەکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ شوێنێک بەپێی ڕێوڕەسم پاک بێت. پێویستە ئاگری سەر قوربانگاکەش بە داگیرساوی بمێنێتەوە و نەکوژێتەوە. کاهینەکەش هەموو بەیانییەک داری لەسەر دەسووتێنێت و قوربانی سووتاندنی لەسەر ڕێک دەخات و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی لەسەر دەسووتێنێت. ئاگرێکی بەردەوامە لەسەر قوربانگاکە کراوەتەوە و ناکوژێتەوە. «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە، کوڕانی هارون لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکەن بۆ پێش قوربانگاکە. بە مستی هەندێک ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکەی و هەموو بخوورە سادەکەی کە لەسەر پێشکەشکراوە خۆراکەکەیە لێ دەبات و بەشی یادەوەرییەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، ئەمەش وەک بۆنی خۆشییە بۆ یەزدان. ئەوەی لێشی دەمێنێتەوە هارون و کوڕانی دەیخۆن. بەڵام بەبێ هەویرترش لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت. لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن دەیخۆن. بە هەویرترش ناکرێت بە نان. کردوومە بە بەشی ئەوان لە قوربانییە بە ئاگرەکانم، ئەوە هەرەپیرۆزە وەک قوربانی گوناه و قوربانی تاوان. هەموو نێرینەیەک لە نەوەی هارون لێی دەخوات، بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەکانتان لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، هەر شتێکی بەر بکەوێت پیرۆز دەبێت.“» هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەمە قوربانی هارون و کوڕەکانییەتی کە لە ڕۆژی دەستنیشانکردن بۆ یەزدانی دەهێنن: دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد لە پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بە بەردەوامی نیوەی لە بەیانییان و نیوەی لە ئێواران. لەسەر ساج دروستکراو و بە زەیت شێلراو ساز دەکەیت و دەیهێنیت، بە پارچەپارچەکراوی پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە پێشکەش دەکەیت، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.