لێڤییەکان 14:6-23
لێڤییەکان 14:6-23 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
«”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە، کوڕانی هارون لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکەن بۆ پێش قوربانگاکە. بە مستی هەندێک ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکەی و هەموو بخوورە سادەکەی کە لەسەر پێشکەشکراوە خۆراکەکەیە لێ دەبات و بەشی یادەوەرییەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، ئەمەش وەک بۆنی خۆشییە بۆ یەزدان. ئەوەی لێشی دەمێنێتەوە هارون و کوڕانی دەیخۆن. بەڵام بەبێ هەویرترش لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت. لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن دەیخۆن. بە هەویرترش ناکرێت بە نان. کردوومە بە بەشی ئەوان لە قوربانییە بە ئاگرەکانم، ئەوە هەرەپیرۆزە وەک قوربانی گوناه و قوربانی تاوان. هەموو نێرینەیەک لە نەوەی هارون لێی دەخوات، بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەکانتان لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، هەر شتێکی بەر بکەوێت پیرۆز دەبێت.“» هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەمە قوربانی هارون و کوڕەکانییەتی کە لە ڕۆژی دەستنیشانکردن بۆ یەزدانی دەهێنن: دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد لە پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بە بەردەوامی نیوەی لە بەیانییان و نیوەی لە ئێواران. لەسەر ساج دروستکراو و بە زەیت شێلراو ساز دەکەیت و دەیهێنیت، بە پارچەپارچەکراوی پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە پێشکەش دەکەیت، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. ئەو کوڕەی جێگەی دەگرێتەوە وەک کاهینی دەستنیشانکراو هەڵدەستێت بەو کارە، بەشێکی چەسپاوە بۆ یەزدان، بە تەواوی دەسووتێنرێ. هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی کاهین بە تەواوی دەسووتێنرێت و ناخورێت.»