لێڤییەکان 16:27-34
لێڤییەکان 16:27-34 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
«”ئەگەر کەسێک بەشێکی لە کێڵگەکەی موڵکی خێزانی خۆی بۆ یەزدان تەرخان کرد، ئەوا خەمڵاندنەکە بەگوێرەی تۆوکردن تێیدا دەبێت، جێی حۆمەرێک تۆوی جۆ بە پەنجا شاقل زیو دەبێت. ئەگەر لە ساڵی یۆبیلدا کێڵگەکەی تەرخان کرد، ئەوا بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنەی کە دانراوە دەمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر لەدوای ساڵی یۆبیل کێڵگەکەی تەرخان کرد، ئەوا کاهینەکە بەگوێرەی ئەو ساڵانەی ماوەتەوە بۆ ساڵی ئاییندەی یۆبیل، نرخەکەی بۆ دەژمێرێت. لە خەمڵاندنەکە کەم دەکاتەوە. ئەگەر ئەو کەسەی کێڵگەکەی تەرخان کردووە ویستی کێڵگەکە بکڕێتەوە، ئەوا پێنج یەکی نرخی خەمڵاندنەکە دەخاتە سەری و کێڵگەکە بۆ ئەو دەبێت. بەڵام ئەگەر کێڵگەکەی نەکڕییەوە یان کێڵگەکەی بە کەسێکی دیکە فرۆشت، ئەوا ئیتر ناکڕدرێتەوە، بەڵکو کێڵگەکە لە ساڵی یۆبیل ئازاد دەکرێت، پیرۆز دەبێت، وەک کێڵگەی ڕاگیراو بۆ یەزدان. ئەو کاتە دەبێتە موڵکی کاهینەکان. «”ئەگەر کێڵگەیەکی کڕاوی بۆ یەزدان تەرخان کرد، کە لە کێڵگەکانی موڵکی خێزانی نەبوو، ئەوا کاهینەکە بڕی خەمڵاندنەکەی بۆ دەژمێرێت هەتا ساڵی یۆبیل، جا کەسەکە لەو ڕۆژە نرخی خەمڵاندنەکە دەدات، وەک تەرخانکراوی پیرۆز بۆ یەزدان. لە ساڵی یۆبیلیش کێڵگەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لێی کڕیوە، بۆ خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکە. هەموو خەمڵاندنەکەش بەپێی شاقلی پیرۆزگا دەبێت، هەر شاقلێک بیست گیرە دەبێت. «”بەڵام هەر نۆبەرەیەکی ئاژەڵ کە وەک نۆبەرە بۆ یەزدان جیا دەکرێتەوە، با کەس تەرخانی نەکات، گا بێت یان بەران ئەوا بۆ یەزدانە؛ ئەگەر لە ئاژەڵە گڵاوەکان بوو، ئەوا بەگوێرەی خەمڵاندنەکە دەیکڕێتەوە و پێنج یەکیشی دەخاتە سەر. ئەگەر نەیکڕییەوە ئەوا بەگوێرەی خەمڵاندنەکە دەفرۆشرێت. «”بەڵام هەموو ڕاگیراوێک کە مرۆڤ بۆ یەزدانی تەرخان دەکات لە هەموو ئەوانەی هەیەتی، لە خەڵک و ئاژەڵ و کێڵگەکانی موڵکی خۆی، ئەوا نافرۆشرێت و ناکڕدرێتەوە، هەموو ڕاگیراوێک هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان. «”هەرکەسێک تەرخانکراو بێت بۆ قڕکردن بە بارمتە ناکڕدرێتەوە، دەبێت بکوژرێت. «”هەموو دەیەکی زەوی لە دانەوێڵەی زەوی و بەروبوومی درەختەکان بۆ یەزدانە، پیرۆزە بۆ یەزدان. ئەگەر کەسێک هەندێک لە دەیەکەکەی خۆی کڕییەوە، ئەوا پێنجیەکی دەخاتە سەر، بەڵام گاگەل و مێگەل دەیەمی هەر ئاژەڵێک بەژێر گۆچانی شواندا تێبپەڕێت، ئەوا پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان. نابێت تەماشا بکرێت ئاخۆ باشە یان خراپ و ئاڵوگۆڕی پێ ناکات، ئەگەر ئاڵوگۆڕی پێکرد، ئەوا هەردوو ئاژەڵەکە و ئالۆگۆڕکراوەکە پیرۆز دەبن بۆ یەزدان، ناکڕدرێنەوە.“» ئەمانە ئەو فەرمانانەن کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد بۆ نەوەی ئیسرائیل لە شاخی سینا.