لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لێڤییەکان 14:26-35

لێڤییەکان 14:26-35 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«”بەڵام ئەگەر گوێم لێ نەگرن و هەموو ئەم فەرمانانە جێبەجێ نەکەن، ئەگەر فەرزەکانم ڕەت بکەنەوە و قێزتان لە یاساکانم ببێتەوە و فەرمانەکانم بەجێنەهێنن، بەڵکو پەیمانەکەم بشکێنن، ئەوا من ئەمەتان پێ دەکەم، ترس و تۆقین و نەخۆشی سیل و تایەکتان دەهێنمە سەر کە چاوتان کوێر بکات و گیانتان بشێوێنێت، بێهوودە کشتوکاڵەکەتان دەچێنن، چونکە دوژمنەکانتان دەیخۆن. من ڕووتان لێ وەردەگێڕم، جا دوژمنەکانتان دەتانشکێنن و ناحەزەکانتان بەسەرتاندا زاڵ دەبن و کەسیش بەدواتانەوە نەبێت هەر هەڵدێن. «”ئەگەر لەگەڵ ئەوەش هەر گوێم لێ نەگرن، ئەوا حەوت قات بۆ گوناهەکانتان سزاتان دەدەم. جا لەخۆبایی کەللەڕەقیتان دەشکێنم و ئاسمانتان وەک ئاسن لێ دەکەم و زەویتان وەک بڕۆنز، بێهوودە ماندوو دەبن و زەویتان بەری خۆی نادات و درەختی زەوی بەروبوومی نادات. «”ئەگەر بە پێچەوانە لەگەڵم جوڵانەوە و نەتانویست گوێم لێ بگرن، ئەوا جارێکی دیکە حەوت قات کارەساتەکەتان لەسەر زیاد دەکەم، بەگوێرەی گوناهەکانتان. دڕندەی کێویتان بۆ بەڕەڵا دەکەم و بێ منداڵتان دەکات و مەڕوماڵاتتان قڕ دەکات و کەمتان دەکاتەوە، جا ڕێگاتان چۆڵ دەبێت. «”ئەگەر بەوەش تەمبێ نەبوون و بەڵکو بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە، ئینجا منیش بە پێچەوانەوە لەگەڵتان دەجوڵێمەوە و حەوت قات بۆ گوناهەکانتان ئازارتان دەدەم. شمشێرێکتان دەهێنمە سەر، تۆڵەی تووڕەیی پەیمانەکەتان لێ دەکاتەوە، جا لە شارۆچکەکانتان کۆدەبنەوە و دەرد دەنێرمە نێوانتان و دەدرێنە دەست دوژمن. کە نان بڕاوتان دەکەم، هەموو نانەکەتان بە دە ژن و لە یەک تەنوور دەکرێت، بە پێوانەش بەشی دەکەن و دەیخۆن، بەڵام تێر نابن. «”ئەگەر بەوەش گوێم لێ نەگرن، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە، ئەوا بە پێچەوانەوە لەگەڵتان دەجوڵێمەوە بە تووڕەییم و حەوت قات بۆ گوناهەکانتان سزاتان دەدەم. جا گۆشتی کوڕ و کچەکانتان دەخۆن. نزرگەکانی سەر بەرزاییتان وێران دەکەم و قوربانگاکانی بخوورتان تەخت دەکەم، لاشەکانتان فڕێدەدەمە سەر لاشەی بتەکانتان و قێزتان لێ دەکەمەوە. شارۆچکەکانتان وێران دەکەم و شوێنە پیرۆزەکانتان دەکەمە چۆڵەوانی، بۆنەکانی خۆشی قوربانی ئێوە دڵخۆشم ناکات. خاکەکە دەکەمە چۆڵەوانی و دوژمنەکانتان کە تێیدا نیشتەجێ دەبن، سەرسام دەبن. بەناو نەتەوەکاندا پەرشوبڵاوتان دەکەمەوە و شمشێرەکەم هەڵدەکێشم و ڕاوتان دەنێم. جا خاکەکەتان دەبێتە چۆڵەوانی و شارۆچکەکانتان وێران دەبێت. پاشان هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی، زەوییەکە پشووی ساڵەکانی خۆی وەردەگرێت، ئێوەش لە خاکی دوژمنەکانتان دەبن؛ ئەوسا زەوییەکە پشوو دەدات و سوود لە پشووەکانی وەردەگرێت. هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی پشوو دەدات، ئەو پشووانەی کە ئێوە پێتان نەدەدا، کاتێک تێیدا نیشتەجێ بوون.