لێڤییەکان 47:25-55
لێڤییەکان 47:25-55 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
«”ئەگەر نامۆیەک یان نیشتەجێیەکی کاتی لەنێوتان دەوڵەمەند بوو، یەکێک لە هاوڵاتیانتان هەژار بوو و خۆی بەو نامۆیە فرۆشت کە لەنێوتان دەژی، یان بە ئەندامی خێڵی نامۆکە، ئەوا دوای فرۆشتنەکەی کڕینەوەی بۆ دەبێت، یەکێک لە خزمەکانی دەیکڕێتەوە. مامی یان ئامۆزای دەیکڕێتەوە، یەکێک لە خزمەکانی لە خێڵەکەی دەیکڕێتەوە، یان ئەگەر توانای ماددی هەبوو ئەوا خۆی دەکڕێتەوە. لەگەڵ کڕیارەکەی لە ساڵی فرۆشتنییەوە هەتا ساڵی یۆبیل دەژمێرێت و نرخی ئازادبوونی بەپێی نرخی پێدانی کرێگرتەیەک دەبێت لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا. ئەگەر ساڵانێکی زۆر مابێت، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە. ئەگەر ساڵانێکی کەم مابێتەوە هەتا ساڵی یۆبیل، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە، وەک کرێگرتەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت، لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە. پێویستە ئاگاداربن خاوەنەکەی بە توندوتیژی بەسەریدا زاڵ نەبێت. «”ئەگەر بەو شێوازانەی پێشوو نەکڕدرێتەوە، ئەوا لە ساڵی یۆبیل خۆی و منداڵەکانی ئازاد دەکرێن، چونکە نەوەی ئیسرائیل بەندەن بۆ من، ئەوان بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.