لێڤییەکان 39:25-55
لێڤییەکان 39:25-55 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
«”ئەگەر هاوڵاتییەکت لەنێوتان هەژار بوو و خۆی فرۆشتە تۆ، وەک کۆیلە کۆیلایەتی پێ مەکە، بەڵکو وەک کرێگرتە و نیشتەجێی کاتی لەنێوتان دەبێت، هەتا ساڵی یۆبیل لەلات کار دەکات. ئینجا خۆی و کوڕەکانی لەلات ئازاد دەبن و بۆ خێڵەکەی خۆی و بۆ موڵکی باوباپیرانی دەگەڕێتەوە. لەبەر ئەوەی گەلی ئیسرائیل بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، بۆیە نابێت وەک کۆیلە بفرۆشرێن. بە توندوتیژی بەسەریاندا زاڵ مەبە، بەڵکو لە خودات بترسە. «”بەڵام کۆیلەکانت و کەنیزەکانت ئەوانەی دەبنە هی تۆ، ئەوا لەو گەلانەی دەوروبەرتان دەبن، لەوان کۆیلە و کەنیزە بۆ خۆتان پەیدا دەکەن. هەروەها لە نەوەی ئەوانەی لای ئێوە نیشتەجێی کاتین و لە خێڵەکانیان کە لەنێوتانن پەیدای دەکەن، ئەوانەی لە خاکی ئێوە لەدایک دەبن، ئەوان دەبنە موڵکی ئێوە. دەیانکەنە موڵکی کوڕانتان لەدوای خۆتان وەک میرات بۆیان، هەتاسەر دەیانکەنە کۆیلە، بەڵام براکانتان لە نەوەی ئیسرائیل، ئەوا هیچ کەسێک بە توندوتیژی بەسەر براکەیدا زاڵ نابێت. «”ئەگەر نامۆیەک یان نیشتەجێیەکی کاتی لەنێوتان دەوڵەمەند بوو، یەکێک لە هاوڵاتیانتان هەژار بوو و خۆی بەو نامۆیە فرۆشت کە لەنێوتان دەژی، یان بە ئەندامی خێڵی نامۆکە، ئەوا دوای فرۆشتنەکەی کڕینەوەی بۆ دەبێت، یەکێک لە خزمەکانی دەیکڕێتەوە. مامی یان ئامۆزای دەیکڕێتەوە، یەکێک لە خزمەکانی لە خێڵەکەی دەیکڕێتەوە، یان ئەگەر توانای ماددی هەبوو ئەوا خۆی دەکڕێتەوە. لەگەڵ کڕیارەکەی لە ساڵی فرۆشتنییەوە هەتا ساڵی یۆبیل دەژمێرێت و نرخی ئازادبوونی بەپێی نرخی پێدانی کرێگرتەیەک دەبێت لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا. ئەگەر ساڵانێکی زۆر مابێت، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە. ئەگەر ساڵانێکی کەم مابێتەوە هەتا ساڵی یۆبیل، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە، وەک کرێگرتەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت، لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە. پێویستە ئاگاداربن خاوەنەکەی بە توندوتیژی بەسەریدا زاڵ نەبێت. «”ئەگەر بەو شێوازانەی پێشوو نەکڕدرێتەوە، ئەوا لە ساڵی یۆبیل خۆی و منداڵەکانی ئازاد دەکرێن، چونکە نەوەی ئیسرائیل بەندەن بۆ من، ئەوان بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.