لێڤییەکان 2:14-32
لێڤییەکان 2:14-32 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
«ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی ڕێوڕەسمی پاکبوونەوە. کاتێک نەخۆشەکە دەهێنرێتە لای کاهین، کاهینەکەش دەچێتە دەرەوەی ئۆردوگاکە، جا ئەگەر کاهینەکە پشکنی کەسەکە چاک بووەتەوە لە نەخۆشی گواستراوەی پێست، کاهینەکە فەرمان دەدات کە دوو چۆلەکەی زیندووی پاک بۆ ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە ببەن لەگەڵ پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا. ئینجا کاهینەکە فەرمان دەدات کە یەکێک لە چۆلەکەکان لە گۆزەیەکی گڵین لەسەر ئاوێکی سازگار سەرببڕدرێت. بەڵام چۆلەکە زیندووەکە لەگەڵ پارچە دارە ئورزەکە و بەنە سوورە ئاڵەکە و زوفاکە دەبات و دەیانخاتە ناو خوێنی چۆلەکە سەربڕدراوەکەی سەر ئاوە سازگارەکە. حەوت جار بەسەر ئەو کەسەدا دەیپرژێنێت کە لە نەخۆشییە گواستراوەکە پاک دەبێتەوە و پاکی دەکاتەوە، ئینجا چۆلەکە زیندووەکە ڕووەو دەشتودەر بەڕەڵا دەکات. «جا ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە پێویستە جلەکانی بشوات و هەموو مووی لەشی بتاشێت و بە ئاو خۆی بشوات. ئەو کاتە بەپێی ڕێوڕەسم پاک دەبێتەوە، ئینجا دێتە ناو ئۆردوگاکەوە، بەڵام حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت. لە ڕۆژی حەوتەم سەری و ڕیشی و برۆکانی و هەموو مووەکانی دەتاشێت، پێویستە جلەکانیشی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، جا پاک دەبێتەوە. «ئینجا لە ڕۆژی هەشتەمدا دوو بەرخی نێری ساغ و بەرخێکی مێیەی یەک ساڵەی ساغ دەهێنێت، لەگەڵ سێ لە دەی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵە کە بە زەیت شێلرابێت و هەروەها لۆگێک زەیت. جا ئەو کاهینەی بە پاککردنەوەکە هەڵدەستێت، کەسە پاکبووەوەکە لەگەڵ قوربانی و پێشکەشکراوەکانی لەبەردەم یەزدان، لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕادەگرێت. «ئینجا کاهینەکە یەکێک لە بەرخە نێرەکان دەبات و وەک قوربانی تاوان پێشکەشی دەکات لەگەڵ لۆگە زەیتەکە، لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە، وەک قوربانی بەرزکردنەوە. بەرخەکەش لەو شوێنە سەردەبڕێت کە قوربانی گوناه و قوربانی سووتاندنی تێدا سەردەبڕدرێت، لە پیرۆزگا، چونکە قوربانی تاوان وەک قوربانی گوناه بۆ کاهینە و هەرەپیرۆزە. ئینجا کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان دەبات و لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستەی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە. پاشان کاهینەکە لە لۆگە زەیتەکە هەندێک دەبات و دەیکاتە ناو لەپی دەستی چەپی خۆی، ئینجا کاهینەکە پەنجەیەکی دەستی ڕاستی دەکاتە ناو ئەو زەیتەی ناو لەپی دەستی چەپییەتی و حەوت جار بە پەنجەی زەیتەکە لەبەردەم یەزدان دەپرژێنێت. ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی دەستی، کاهینەکە لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لەسەر خوێنەکەی قوربانی تاوان. ئەوەی دەشمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی دەستی، دەیکات بەسەر سەری ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە و کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات. «ئینجا کاهینەکە قوربانی گوناه دەکات و بۆ ئەو کەسەی کە لە گڵاوییەکەی پاک دەبێتەوە کەفارەت دەکات و پاشان قوربانی سووتاندنەکە سەردەبڕێت. دواتر کاهینەکە قوربانی سووتاندنەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵە بۆ سەر قوربانگاکە سەردەخات و کەفارەتی بۆ دەکات، جا پاک دەبێتەوە. «بەڵام ئەگەر هەژار و دەستکورت بوو، ئەوا یەک بەرخی نێر دەبات وەک قوربانی تاوان ڕادەوەشێنرێت، بۆ کەفارەتکردن بۆی، لەگەڵ دەیەکێکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و لۆگێک زەیت، هەروەها دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، بەپێی توانای دەستی، جا یەکێکیان دەبێتە قوربانی گوناه و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن. «لە ڕۆژی هەشتەمدا دەیهێنێتە لای کاهینەکە بۆ پاکبوونەوەی، بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان. جا کاهینەکە بەرخەکەی بۆ قوربانی تاوان و لۆگە زەیتەکە دەبات و لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە وەک قوربانی بەرزکردنەوە. ئینجا بەرخەکە بۆ قوربانی تاوان سەردەبڕێت و کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە. ئینجا کاهینەکە هەندێک لە زەیتەکە لەناو لەپی دەستی چەپی خۆی دەکات، کاهینەکە بە پەنجەیەکی دەستی ڕاستی لەو زەیتەی لە لەپی دەستی چەپیدایە حەوت جار لەبەردەم یەزدان دەیپرژێنێت. هەروەها کاهینەکە لەو زەیتەی لەناو لەپیەتی، لە شلکەی گوێی ڕاست و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لە شوێنی خوێنەکەی قوربانی تاوان. ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی کاهینەکە، بەسەر سەری ئەو کەسەی دادەکات کە پاک دەبێتەوە بۆ کەفارەتکردن بۆی لەبەردەم یەزدان. ئینجا یەکێک لە دوو کوکوختییەکە یان یەکێک لە دوو بێچووە کۆترەکان، ئەوەی لە توانای دەستییەتی، یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکە قوربانی سووتاندن لەگەڵ پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵە، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە پاک دەبێتەوە.» ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو کەسەی نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوەی دەستکورت بێت بۆ پاکبوونەوەکەی.