لێڤییەکان 1:13-8
لێڤییەکان 1:13-8 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەگەر کەسێک ئاوسانێک، یان لیرێک یان لەکەیەکی بریقەدار لەسەر پێستی لەشی هەبوو، کە گومانی نەخۆشی گواستراوەی پێستی لێ بکرێت، ئەوا ئەو کەسە دەهێنرێتە لای هارونی کاهین، یان یەکێک لە کوڕە کاهینەکانی. ئەگەر کاهینەکە پشکنی زامەکە لە پێستی لەشە و ئەو مووانەی لەناو زامەکەن سپین و زامەکە لە پێستی لەش قووڵترە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. کاتێک کاهینەکە پشکنی، بەپێی ڕێوڕەسم ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. بەڵام ئەگەر لەکەیەکی بریقەداری سپی بوو لە پێستی لەش و لە پێست قووڵتر نەبوو و ئەو مووانەی لەناو لەکەکەن سپی نەببوون، ئەوا کاهینەکە کەسی تووشبوو حەوت ڕۆژ لە خەڵک جیا دەکاتەوە. ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی زامەکە وەک خۆیەتی و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژی دیکەش جیای دەکاتەوە. ئەگەر کاهینەکە دووبارە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینییەوە زامەکە کاڵ بووەتەوە و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، واتا ئەوە لیرە. ئەو کەسە جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت. بەڵام ئەگەر لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کرد لەدوای ئەوەی پیشانی کاهینەکە درا بۆ پاککردنەوەی، دەبێت دیسان پیشانی کاهینەکە بدرێتەوە. ئەگەر کاهینەکە پشکنی لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کەسە گڵاو بووە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە.