لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

شینەکانی یەرمیا 46:3-66

شینەکانی یەرمیا 46:3-66 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«هەموو دوژمنانمان دەمیان لێمان کردەوە. ترس و تەڵە باڵی بەسەرماندا کێشا، لەناوچوون و وێرانی.» چاوەکانم کانی فرمێسک هەڵدەڕێژن لەبەر ئەوەی گەلەکەم لەناوچوون. چاوەکانم فرمێسک هەڵدەڕێژن و ناوەستن بەبێ پسانەوە، تاوەکو یەزدان لە ئاسمانەوە تەماشای خوارەوە بکات و ببینێت. ئەوەی دەیبینم گیانم ئازار دەدات لەبەر ئازاری کچانی شارەکەم. ئەوانەی دوژمنی من بوون بەبێ هۆ وەک چۆلەکە ڕاویان کردم. بە زیندووێتی منیان فڕێدا ناو چاڵ، بەردیان تێمگرت. نوقومی ئاو بووم، گوتم: «خەریکە بمرم.» ئەی یەزدان، لە قووڵایی چاڵەوە بە ناوی تۆوە نزا دەکەم. گوێت لە دەنگم بوو: «گوێت دامەخە کاتێک هاوار و هانات بۆ دەهێنم.» ئەو ڕۆژەی نزام بۆ کردیت نزیک بوویتەوە، فەرمووت: «مەترسە!» ئەی پەروەردگار، بەرگریت لە کێشەی من کرد، ژیانی منت کڕییەوە. ئەی یەزدان، ستەمدیدەیی منت بینی. دادوەری کێشەکەم بکە! هەموو تۆڵەسەندنەوەکەی ئەوانت بینی، هەموو پیلانەکانیان لە دژی من. ئەی یەزدان، گوێت لە ڕیسواکردنەکەیان بوو، هەموو پیلانەکانیان لە دژی من؛ ئەوەی دوژمنەکانم بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من باسی دەکەن و دەیچرپێنن. تەماشایان بکە! هەستان و دانیشتنیان، بە گۆرانییەکانیان گاڵتەم پێ دەکەن. ئەی یەزدان، سزایان بدە، بەپێی کردەوەکانی دەستیان. پێچە لەسەر دڵیان دابنێ، با نەفرەتت لەسەریان بێت! بە تووڕەییەوە ڕاویان بنێ و لەناویان ببە لەژێر ئاسمانی یەزداندا.