شینەکانی یەرمیا 40:3-57
شینەکانی یەرمیا 40:3-57 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
با هەڵسوکەوتمان بپشکنین و تاقی بکەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ لای یەزدان. با دڵ و دەستمان بەرزبکەینەوە بۆ خودا لە ئاسمان، بڵێین: «ئێمە گوناهمان کرد و یاخی بووین، تۆش لێمان خۆش نەبوویت. «خۆت بە تووڕەیی داپۆشی و ڕاوتناین، بەبێ بەزەیی ئێمەت کوشت. بە هەور خۆت داپۆشی بۆ ئەوەی نوێژەکانمان نەگاتە لات. ئێمەت کرد بە پاشەڕۆ و نەویستراو لەنێو گەلان. «هەموو دوژمنانمان دەمیان لێمان کردەوە. ترس و تەڵە باڵی بەسەرماندا کێشا، لەناوچوون و وێرانی.» چاوەکانم کانی فرمێسک هەڵدەڕێژن لەبەر ئەوەی گەلەکەم لەناوچوون. چاوەکانم فرمێسک هەڵدەڕێژن و ناوەستن بەبێ پسانەوە، تاوەکو یەزدان لە ئاسمانەوە تەماشای خوارەوە بکات و ببینێت. ئەوەی دەیبینم گیانم ئازار دەدات لەبەر ئازاری کچانی شارەکەم. ئەوانەی دوژمنی من بوون بەبێ هۆ وەک چۆلەکە ڕاویان کردم. بە زیندووێتی منیان فڕێدا ناو چاڵ، بەردیان تێمگرت. نوقومی ئاو بووم، گوتم: «خەریکە بمرم.» ئەی یەزدان، لە قووڵایی چاڵەوە بە ناوی تۆوە نزا دەکەم. گوێت لە دەنگم بوو: «گوێت دامەخە کاتێک هاوار و هانات بۆ دەهێنم.» ئەو ڕۆژەی نزام بۆ کردیت نزیک بوویتەوە، فەرمووت: «مەترسە!»