یەشوع 30:8-35
یەشوع 30:8-35 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئینجا یەشوع قوربانگایەکی بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە کێوی عێبال بنیاد نا. هەروەک موسای بەندەی یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کردبوو، بەپێی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، قوربانگایەک لە بەردی نەتاشراو، کە ئامێری ئاسنی بەسەردا بەرز نەکرابووەوە، قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخستە سەری و قوربانی هاوبەشییان سەربڕی. لەوێ یەشوع لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل وێنەیەکی لەو فێرکردنە نووسییەوە کە موسا نووسیبووی. هەموو ئیسرائیلیش نامۆ و هاوڵاتی وەک یەک، لەگەڵ پیر و کوێخا و دادوەریان لەتەنیشت سندوقەکەوە، لەم لا و ئەو لاوە بەرامبەر بە کاهینە لێڤییەکان هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان وەستان، نیوەیان بەلای کێوی گەریزیم و نیوەکەی دیکەیان بەلای کێوی عێبال، وەک چۆن لەوەو پێش موسای بەندەی یەزدان فەرمانی دابوو، کاتێک فەرمانی دا بۆ داواکردنی بەرەکەت بۆ گەلی ئیسرائیل. پاشان هەموو وشەکانی ئەو فێرکردنەی خوێندەوە، بەرەکەت و نەفرەت، بەگوێرەی هەموو ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتدا نووسرابوو. وشەیەک نەبوو لە هەموو ئەو شتانەی کە موسا فەرمانی پێ کردبوو، کە یەشوع نەیخوێنێتەوە، لەبەردەم هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلدا بە ئافرەت و منداڵ و ئەو نامۆیانەش کە لەنێویاندا بوو.