یەشوع 11:7-26
یەشوع 11:7-26 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
نەوەی ئیسرائیل گوناهیان کرد و هەروەها پەیمانەکەی منیان شکاند کە فەرمانم پێکردبوون، هەندێک لە شتە تەرخانکراوەکانیان برد، دزییان کرد و درۆیان کرد و لەناو کەلوپەلەکانی خۆیاندا دایاننا. بۆیە نەوەی ئیسرائیل ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانیان ڕابوەستن، پشتیان تێ دەکەن و هەڵدێن، چونکە بەرپرسیار بوون لە قڕبوونی خۆیان. ئەگەر بێتو ئەو تەرخانکراوە لەنێو خۆتاندا بنبڕ نەکەن، ئەوا لەمەودوا لەگەڵتاندا نابم. «هەستە، گەل تەرخان بکە و پێیان بڵێ: ”خۆتان بۆ بەیانی تەرخان بکەن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئیسرائیل، لەنێوتان کەسانێک هەن کە شتی تەرخانکراویان بردووە. لەبەر ئەوە ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانتان ڕابوەستن، هەتا ئەو شتانە لەنێو خۆتان دانەماڵن. «”بەیانی بە هۆزەکانتانەوە وەرنە پێش و ئەو هۆزەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە خێڵەکانییەوە بێتە پێش؛ ئەو خێڵەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە بنەماڵەکانییەوە بێتە پێش؛ ئەو بنەماڵەیەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە پیاوەکانییەوە یەک لەدوای یەک بێنە پێشەوە. ئەوەی بە شتە تەرخانکراوەکانەوە بگیردرێت، خۆی و هەرچی هەیەتی بە ئاگر دەسووتێنرێ، چونکە ئەو پەیمانی یەزدانی شکاندووە و کارێکی دزێوی لەناو ئیسرائیلدا ئەنجام داوە.“» بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی یەک یەک هێنایە پێش و هۆزی یەهودا هەڵبژێردرا. خێڵەکانی یەهودای هێنایە پێش و خێڵی زەرەحییەکان هەڵبژێردرا. ئینجا خێڵی زەرەحییەکانی هێنایە پێش بە خێزانەکانیانەوە و زیمری هەڵبژێردرا. بەرەبابەکەی ئەویشی بە پیاوەکانییەوە هێنایە پێش و عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح هەڵبژێردرا کە سەر بە هۆزی یەهودایە. ئینجا یەشوع بە عاخانی گوت: «تکایە کوڕی خۆم، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل شکۆدار بکە و دانی پێدا بنێ. پێم بڵێ، چیت کردووە؟ لێمی مەشارەوە.» عاخانیش وەڵامی یەشوعی دایەوە و گوتی: «بەڕاستی من بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گوناهم کردووە و ئاوام کردووە، لەنێو تاڵانکردنەکەدا کەوایەکی بابلی گرانبەها و دوو سەد شاقل زیو و قاڵبە زێڕێکم بینی کە کێشەکەی پەنجا شاقل دەبوو، ئارەزووم کرد و بردم. ئەوەتا لەژێر زەوی لە ناوەڕاستی چادرەکەمدا شاردومەتەوە و زیوەکەش لە ژێرەوەیە.» جا یەشوع چەند کەسێکی نارد و ڕایانکرد بۆ چادرەکە و بینییان ئەوەتا لەناو چادرەکەدا شاردراونەتەوە و زیوەکەش لە ژێریانەوەیە. ئەوانیش شتەکانیان لە ناوەڕاست چادرەکە هەڵگرت و بۆ یەشوع و هەموو نەوەی ئیسرائیلیان هێنا و لەبەردەم یەزدان دایاننا. ئینجا یەشوع عاخانی کوڕی زەرەحی لەگەڵ زیوەکە و کەواکە و قاڵبە زێڕەکە و کوڕەکانی و کچەکانی و گا و گوێدرێژ و مەڕەکانی و چادرەکەی و هەموو ئەو شتانەی هی ئەو بوون، هەموو نەوەی ئیسرائیلیشی لەگەڵ بوو، بردیانن و سەریان خستن بۆ دۆڵی عاخۆر. ئینجا یەشوع گوتی: «چۆن لێت تێکداین، یەزدانیش ئەمڕۆ ئاوا لێت تێکبدات.» ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل ئەویان بەردباران کرد و ئەوانەی دیکەیان بەردباران کرد و سووتاندیانن، کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر عاخان کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆش لەوێیە. ئینجا جۆشی تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە، بۆیە ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە دۆڵی عاخۆر ناودەبردرێت.