یەشوع 6:6-14
یەشوع 6:6-14 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
جا یەشوعی کوڕی نون کاهینەکانی بانگکرد و پێی گوتن: «سندوقی پەیمان هەڵبگرن و با حەوت کاهینیش حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەپێش سندوقی یەزدان هەڵبگرن.» ئینجا بە گەلی گوت: «پێش بکەون و بە چواردەوری شارەکەدا بسووڕێنەوە، با ئەوەی چەک بە دەستە لەپێش سندوقی یەزدانەوە بڕوات.» هەروەک چۆن یەشوع فەرمانی بە گەل کرد، حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەنا قۆچە بەرانەکان، لەبەردەم یەزدانەوە بە کەڕەنا لێدانەوە بەرەو پێش چوون و سندوقی پەیمانیش لە دوایانەوە دەڕۆیشت. هەموو چەک بەدەستەکانیش لەپێش کاهینە کەڕەنا لێدەرەکان دەڕۆیشتن، لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقەکەوە دەڕۆیشتن. بەردەوام کەڕەنا دەنگی دەهات. بەڵام یەشوع فەرمانی بە گەل کردبوو و پێی گوتبوون: «هاوار مەکەن و دەنگتان نەبیسترێت و یەک وشە لە دەمتان نەیەتە دەرەوە، هەتا ئەو ڕۆژەی پێتان دەڵێم هاوار بکەن، جا هاوار دەکەن!» لەبەر ئەمە سندوقی یەزدان یەک جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕایەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە و لە ئۆردوگاکە مانەوە. بەیانی زوو یەشوع لە خەو هەستا و کاهینەکانیش سندوقی یەزدانیان هەڵگرت و حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەناکەش لەپێش سندوقی یەزدانەوە دەڕۆیشتن و کەڕەنایان لێدەدا و چەک بەدەستەکانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشتن و لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقی یەزدانەوە دەڕۆیشتن، کاتێک کەڕەنا دەنگی دەهات. ئینجا لە ڕۆژی دووەم یەک جار بەدەوری شارەکەدا سووڕانەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە. شەش ڕۆژ ئاوایان کرد.