یەشوع 5:1-13
یەشوع 5:1-13 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
لە هەموو ڕۆژانی ژیانت کەس بەرەو ڕووت ناوەستێت. هەروەک لەگەڵ موسادا بووم، لەگەڵ تۆش دەبم و فەرامۆشت ناکەم و بەجێت ناهێڵم. بەهێزبە و ئازابە، چونکە ئەو خاکە بۆ ئەم گەلە دەکەیت بە میرات کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خواردووە کە پێیانی بدەم. «تەنها بەهێزبە و زۆر ئازابە، بۆ ئەوەی هۆشیار بیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو فێرکردنەی کە موسای بەندەم فەرمانی پێ کردوویت. نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ لێی لامەدە، بۆ ئەوەی بۆ هەرکوێیەک بچیت سەرکەوتوو بیت. پەڕتووکی ئەم فێرکردنە لە دەمت جیا نەبێتەوە، بەڵکو بە شەو و بە ڕۆژ لێی وردبەرەوە، بۆ ئەوەی وریابیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو شتانەی تێیدا نووسراوە، ئەو کاتە ژیانت ڕاستەڕێ دەبێت و سەردەکەویت. ئایا من فەرمانم بە تۆ نەکرد؟ جا بەهێزبە و ئازابە، مەتۆقە و ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتە بۆ هەرکوێ بچیت.» ئیتر یەشوع فەرمانی بە کوێخاکانی گەل کرد و پێی گوتن: «بەناو ئۆردوگاکەدا تێبپەڕن و فەرمان بە گەل بکەن و بڵێن: ”ئازووقە بۆ خۆتان ئامادە بکەن، چونکە پاش سێ ڕۆژی دیکە لە ڕووباری ئوردونەوە دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ هەتا ببنە خاوەنی.“» پاشان یەشوع بە ڕەئوبێنی و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشەی گوت: «ئەو وشەیەی موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردن، بەبیری خۆتانی بهێننەوە، کە پێی ڕاگەیاندن یەزدانی پەروەردگارتان، ئێوەی حەساندەوە و ئەم خاکەی پێدان.