ئەیوب 1:42-9
ئەیوب 1:42-9 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «زانیم کە دەتوانیت هەموو شتێک بکەیت؛ ئەوەی تۆ پلانت بۆ داناوە مەحاڵ نابێت. پرسیارت کرد: ”ئەمە کێیە، بێ زانیاری ڕاوێژی من دەشارێتەوە؟“ بێگومان من ئەوەی تێی نەگەیشتم بە دەممدا هات، بە کارە سەرسوڕهێنەرەکان لەسەرمەوە کە نەمدەزانین. «فەرمووت: ”ئێستا گوێ بگرە من قسە دەکەم؛ لێت دەپرسم و پێم دەڵێیت.“ بە گوێی خۆم هەواڵەکانی تۆم بیست، ئێستاش چاوەکانم تۆیان بینی. لەبەر ئەوە خۆم ڕەت دەکەمەوە و لەناو خۆڵ و خۆڵەمێشدا تۆبە دەکەم.» دوای ئەوەی یەزدان بەم وشانە قسەی لەگەڵ ئەیوبدا کرد، یەزدان بە ئەلیفازی تێمانی فەرموو: «تووڕەییم لە تۆ و لە هاوڕێیەکانت جۆشا، چونکە ئێوە وەک ئەیوبی بەندەم بە ڕاستی سەبارەت بە من قسەی ڕاستتان نەکرد. ئێستاش ئێوە حەوت گا و حەوت بەران ببەن و بڕۆن بۆ لای ئەیوبی بەندەم، لە پێناوی خۆتان قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن. ئەو کاتە ئەیوبی بەندەم لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکات، منیش قبوڵی دەکەم. من بەپێی گێلایەتییەکەی خۆتان هەڵسوکەوتتان لەگەڵ ناکەم، لەبەر ئەوەی ئێوە وەک ئەیوبی بەندەم بە ڕاستی سەبارەت بە من قسەی ڕاستتان نەکرد.» ئیتر ئەلیفازی تێمانی و بیلدەدی شوحی و چۆفەری نەعماتی ڕۆیشتن و ئەوەیان کرد کە یەزدان پێی فەرموون، یەزدانیش نوێژەکەی ئەیوبی قبوڵ کرد.