لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 32:6-51

یۆحەنا 32:6-51 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: مووشێ نه‌بوو نانه‌كه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دانێ، به‌ڵكو باوكمه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی ڕاسته‌قینه‌تان ده‌داتێ. چونكه‌ نانی خودا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ و ژیان ده‌به‌خشێته‌ جیهان”. پێیان وت: “گه‌وره‌م، هه‌موو كاتێ ئه‌و نانه‌مان بده‌رێ”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “منم نانی ژیان. ئه‌وه‌ی بێته‌ لام هه‌رگیز برسیی نابێت، ئه‌وه‌ش باوه‌ڕم پێ بهێنێت هه‌رگیز تینووی نابێت. به‌ڵام پێم وتن: منتان بینی و باوه‌ڕیش ناهێنن. هه‌ر كه‌سێک باوک ده‌یداته‌ من دێته‌ لام، ئه‌وه‌ش بێته‌ لام، ده‌ری ناكه‌م. چونكه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوم، نه‌ک تاكو به‌ خواستی خۆم بكه‌م، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی ناردوومی. ئه‌مه‌ش خواستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناردوومی: هه‌ر كه‌سێكی پێداوم نه‌یدۆڕێنم، به‌ڵكو له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌. چونكه‌ خواستی باوكم ئه‌مه‌یه‌: هه‌ر كه‌سێک ڕۆڵه‌ ببینێت و باوه‌ڕی پێ بهێنێت ژیانی جاویدانیی ده‌‌بێت، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌”. جووه‌كان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر ده‌كرد، چونكه‌ فه‌رمووی: “منم ئه‌و نانه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌”. وتیان: “ئه‌مه‌ ئیشۆعی كوڕی یۆسپ نییه‌، كه‌ باوک و دایكی ده‌ناسین؟ چۆن ده‌ڵێت له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوم؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “له‌ نێو خۆتان بۆڵه‌بۆڵ مه‌كه‌ن. كه‌س ناتوانێت بێته‌ لام ئه‌گه‌ر باوک ڕاینه‌كێشێت، ئه‌وه‌ی ناردوومی، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌. له‌ پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه‌: {هه‌موو له‌ خوداوه‌ فێرده‌بن} . جا ئه‌وه‌ی له‌ باوكه‌وه‌ بیستبێتی و فێربووبێت دێته‌ لام. كه‌س باوكی نه‌بینیوه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ خوداوه‌یه‌، ئه‌وه‌ باوكی بینیوه‌. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت ژیانی جاویدانیی هه‌یه‌. منم نانی ژیان. باوباپیرانتان له‌ بیاباندا مه‌نیان خوارد و مردن. ئه‌مه‌ ئه‌و نانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌، تاكو ئه‌وه‌ی لێی بخوات نه‌مرێت. منم ئه‌و نانه‌ زیندووه‌ی كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌م نانه‌ بخوات تاهه‌تایه‌ ده‌ژیێت. ئه‌و نانه‌ش كه‌ بۆ ژیانی جیهان ده‌یبه‌خشم، جه‌سته‌مه‌”.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 6 بخوێنەوە

یۆحەنا 32:6-51 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیساش پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: موسا نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە لە ئاسمانەوە نانی ڕاستیتان دەداتێ، چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان.» لەبەر ئەوە پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ.» عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت. بەڵام پێم گوتن، منتان بینیوە و باوەڕیش ناهێنن. هەرکەسێک باوکم دەیداتە من دێتە لام، ئەوەش بێتە لام، هەرگیز دەریناکەم. من لە ئاسمانەوە دابەزیوم، نەک بۆ ئەوەی خواستی خۆم ئەنجام بدەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی. ئەمەش خواستی ئەوەیە کە منی ناردووە، هیچ کەسێک لەوانە لەدەست نەدەم کە پێی داوم، بەڵکو لە ڕۆژی دواییدا زیندوویان دەکەمەوە. خواستی باوکم ئەمەیە: هەرکەسێک تەماشای کوڕەکە بکات و باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.» جولەکەش دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن، چونکە فەرمووی: «منم ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە.» گوتیان: «ئەمە عیسای کوڕی یوسف نییە، کە دایک و باوکی دەناسین؟ ئێستا چۆن دەڵێت ”لە ئاسمانەوە دابەزیوم“؟» عیساش وەڵامی دانەوە و پێی گوتن: «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن. کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە. لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: ﴿هەموو لە خوداوە فێر دەبن.﴾ جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام. کەس باوکی نەبینیوە جگە لەوەی لە خوداوەیە، تەنها ئەوەی لە خوداوەیە باوکی بینیوە. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. منم نانی ژیان. باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و مردن. بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت. منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.»

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 6 بخوێنەوە