یۆحەنا 22:6-71
یۆحەنا 22:6-71 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
بۆ به‌یانی، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌وبه‌ری ده‌ریاكه ڕاوه‌ستابوون بینییان له‌و كه‌شتیه زیاتر له‌وێ نه‌بوو، كه قوتابیان سواری ببون، ئیشۆعیش له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتی نه‌بوو، به‌ڵكو قوتابییه‌كانی به ته‌نها به‌ڕێكه‌وتن. به‌ڵام كه‌شتیی دیكه‌ش له ته‌به‌ریه‌وه هاتنه نزیک ئه‌و شوێنه‌ی نانه‌كه‌یان لێی خوارد كه په‌روه‌ردگار سوپاسی كرد. كاتێ كۆمه‌ڵه‌كه بینییان نه ئیشۆع له‌وێیه و نه قوتابییه‌كانی، سواری كه‌شتیه‌كان بوون و هاتنه كپه‌ڕناخوم، له ئیشۆع ده‌گه‌ڕان. كه له‌وبه‌ری ده‌ریاكه دۆزییانه‌وه، پێیان وت: “ڕابی، كه‌ی گه‌یشتیته ئێره؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه و فه‌رمووی: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئێوه داوام ده‌كه‌ن نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌رجوتان بینی، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی له نانه‌كه‌تان خوارد و تێر بوون. بۆ خۆراكێک ئیش مه‌كه‌ن كه له‌ناوده‌چێت، به‌ڵكو بۆ خۆراكێک كه بۆ ژیانی جاویدانی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌تانداتێ، چونكه ئه‌مه خودای باوک مۆری لێداوه”. پێیان وت: “چی بكه‌ین تاكو كاره‌كانی خودا بكه‌ین؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه و پێی فه‌رموون: “كاری خودا ئه‌مه‌یه: باوه‌ڕ بهێنن به‌وه‌ی ناردوویه‌تی”. ئه‌وانیش پێیان وت: “چ په‌رجوێک ده‌كه‌یت تاكو ببینین و باوه‌ڕت پێ بهێنین؟ چی ده‌كه‌یت؟ باوباپیرانمان له بیاباندا مه‌نیان خوارد، وه‌ک نووسراوه: {له ئاسمانه‌وه نانی دانێ تاكو بیخۆن} ”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: مووشێ نه‌بوو نانه‌كه‌ی له ئاسمانه‌وه دانێ، به‌ڵكو باوكمه له ئاسمانه‌وه نانی ڕاسته‌قینه‌تان ده‌داتێ. چونكه نانی خودا ئه‌وه‌یه كه له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوه و ژیان ده‌به‌خشێته جیهان”. پێیان وت: “گه‌وره‌م، هه‌موو كاتێ ئه‌و نانه‌مان بده‌رێ”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “منم نانی ژیان. ئه‌وه‌ی بێته لام هه‌رگیز برسیی نابێت، ئه‌وه‌ش باوه‌ڕم پێ بهێنێت هه‌رگیز تینووی نابێت. به‌ڵام پێم وتن: منتان بینی و باوه‌ڕیش ناهێنن. هه‌ر كه‌سێک باوک ده‌یداته من دێته لام، ئه‌وه‌ش بێته لام، ده‌ری ناكه‌م. چونكه له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوم، نه‌ک تاكو به خواستی خۆم بكه‌م، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی ناردوومی. ئه‌مه‌ش خواستی ئه‌وه‌یه كه ناردوومی: هه‌ر كه‌سێكی پێداوم نه‌یدۆڕێنم، به‌ڵكو له ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه. چونكه خواستی باوكم ئه‌مه‌یه: هه‌ر كه‌سێک ڕۆڵه ببینێت و باوه‌ڕی پێ بهێنێت ژیانی جاویدانیی ده‌بێت، منیش له ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه”. جووه‌كان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر ده‌كرد، چونكه فه‌رمووی: “منم ئه‌و نانه‌ی له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوه”. وتیان: “ئه‌مه ئیشۆعی كوڕی یۆسپ نییه، كه باوک و دایكی ده‌ناسین؟ چۆن ده‌ڵێت له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوم؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه و پێی فه‌رموون: “له نێو خۆتان بۆڵه‌بۆڵ مه‌كه‌ن. كه‌س ناتوانێت بێته لام ئه‌گه‌ر باوک ڕاینه‌كێشێت، ئه‌وه‌ی ناردوومی، منیش له ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه. له پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه: {هه‌موو له خوداوه فێرده‌بن} . جا ئه‌وه‌ی له باوكه‌وه بیستبێتی و فێربووبێت دێته لام. كه‌س باوكی نه‌بینیوه جگه له‌وه‌ی له خوداوه‌یه، ئه‌وه باوكی بینیوه. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت ژیانی جاویدانیی هه‌یه. منم نانی ژیان. باوباپیرانتان له بیاباندا مه‌نیان خوارد و مردن. ئه‌مه ئه‌و نانه‌یه كه له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوه، تاكو ئه‌وه‌ی لێی بخوات نه‌مرێت. منم ئه‌و نانه زیندووه‌ی كه له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوه. ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌م نانه بخوات تاهه‌تایه ده‌ژیێت. ئه‌و نانه‌ش كه بۆ ژیانی جیهان ده‌یبه‌خشم، جه‌سته‌مه”. جوو له‌نێو خۆیان ده‌مه‌قاڵه‌یان بوو و ده‌یانووت: “ئه‌مه چۆن ده‌توانێ جه‌سته‌ی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نه‌خۆن و خوێنی نه‌خۆنه‌وه، ژیان له ناختاندا نابێت. ئه‌وه‌ی جه‌سته‌م بخوات و خوێنم بخواته‌وه ژیانی جاویدانی هه‌یه، منیش له ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه. چونكه جه‌سته‌م خۆراكی ڕه‌وایه و خوێنیشم خواردنه‌وه‌ی ڕه‌وایه. ئه‌وه‌ی جه‌سته‌م بخوات و خوێنم بخواته‌وه له مندا جێگیر ده‌بێت و منیش له ئه‌ودا. وه‌ک باوكی زیندوو ناردوومی، منیش به باوک زیندووم، ئاواش ئه‌وه‌ی من بخوات به‌هۆی من ده‌ژیێت. ئه‌مه ئه‌و نانه‌یه كه له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوه، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی باوباپیران خواردیان و مردن. ئه‌وه‌ی له‌م نانه بخوات تاهه‌تایه ده‌ژیێت”. ئه‌مانه‌ی له كه‌نیشتێكدا فه‌رموو، كه له كپه‌ڕناخوم ئامۆژگاریی ده‌كرد. زۆر له قوتابییه‌كانی كه گوێیان لێ‌بوو، وتیان: “ئه‌م قسه‌یه گرانه! كێ ده‌توانێت وه‌ریبگرێت؟” ئیشۆع له دڵی خۆیدا زانی قوتابییه‌كانی به‌هۆی ئه‌مه‌وه بۆڵه‌بۆڵ ده‌كه‌ن، پێی فه‌رموون: “ئه‌مه ساتمه‌تان پێ ده‌كات؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ببینن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌رزبێته‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی یه‌كه‌مجار لێی‌بوو! ڕووح ژیان ده‌دات، به‌ڵام جه‌سته هیچ كه‌ڵكی نیه. ئه‌و قسانه‌ی پێتان ده‌ڵێم ڕووح و ژیانن. به‌ڵام هه‌ندێكتان باوه‌ڕ ناهێنن”. چونكه ئیشۆع له سه‌ره‌تاوه ئه‌وانه‌ی ده‌ناسی كه باوه‌ڕ ناهێنن، هه‌روه‌ها كێیه ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات. ئینجا فه‌رمووی: “بۆیه پێم وتن: كه‌س ناتوانێ بێته لام، ئه‌گه‌ر له باوكه‌وه پێی نه‌درابێت”. له‌و كاته‌وه زۆر له قوتابییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه و ئیتر له‌گه‌ڵی نه‌ده‌گه‌ڕان. بۆیه ئیشۆع به دوازده‌كه‌ی فه‌رموو: “ئه‌ی ئێوه‌ش ناتانه‌وێ بڕۆن؟” شیمعون په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه: “په‌روه‌ردگار، بچینه لای كێ؟ قسه‌ی ژیانی جاویدانی له‌لای تۆیه. ئێمه‌ش باوه‌ڕمان هێنا و زانیمان كه تۆ مه‌سیحیت ڕۆڵه‌ی خودای زیندوو”. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه: “ئایا من ئێوه‌ی دوازده‌م هه‌ڵنه‌بژاردووه؟ به‌ڵام یه‌كێک له ئێوه شه‌یتانه!” ئه‌و باسی ئیهوودای شیمعونی ئه‌سخه‌ریوتی ده‌كرد، چونكه به‌ته‌مابوو ڕاده‌ستی بكات كه یه‌كێكه له دوازده‌كه.
یۆحەنا 22:6-71 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
بۆ بەیانی، ئەو خەڵکەی لەوبەری دەریاچەکە ڕاوەستابوون بینییان لە بەلەمێک زیاتر لەوێ نەبوو، عیساش لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم نەبوو، بەڵکو قوتابییەکانی بە تەنها بەڕێکەوتبوون. ئینجا بەلەمی دیکە لە شاری تەبەرییەوە هاتنە نزیک ئەو شوێنەی نانەکەیان لێی خوارد کە عیسای خاوەن شکۆ سوپاسی خودای کرد. کاتێک خەڵکەکە بینییان نە عیسا لەوێیە و نە قوتابییەکانی، سواری بەلەمەکان بوون و چوونە کەفەرناحوم، بۆ ئەوەی بەدوای عیسادا بگەڕێن. کە لەوبەری دەریاچەکە دۆزییانەوە، لێیان پرسی: «ڕابی، کەی گەیشتییە ئێرە؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن نەک لەبەر ئەوەی نیشانەکانتان بینی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون. بۆ خۆراکێک ئیش مەکەن کە لەناودەچێت، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی کوڕی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەمە خودای باوک مۆری لێداوە.» لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی بکەین تاکو کارەکانی خودا بکەین؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «کاری خودا ئەمەیە: باوەڕ بهێنن بەوەی ناردوویەتی.» ئەوانیش لێیان پرسی: «چ پەرجووێک دەکەیت تاکو بیبینین و باوەڕت پێ بکەین؟ چی دەکەیت؟ باوباپیرانمان لە چۆڵەوانی مەنیان خوارد، وەک نووسراوە: ﴿لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن.﴾» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: مو‌سا نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە لە ئاسمانەوە نانی ڕاستیتان دەداتێ، چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان.» لەبەر ئەوە پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ.» عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت. بەڵام پێم گوتن، منتان بینیوە و باوەڕیش ناهێنن. هەرکەسێک باوکم دەیداتە من دێتە لام، ئەوەش بێتە لام، هەرگیز دەریناکەم. من لە ئاسمانەوە دابەزیوم، نەک بۆ ئەوەی خواستی خۆم ئەنجام بدەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی. ئەمەش خواستی ئەوەیە کە منی ناردووە، هیچ کەسێک لەوانە لەدەست نەدەم کە پێی داوم، بەڵکو لە ڕۆژی دواییدا زیندوویان دەکەمەوە. خواستی باوکم ئەمەیە: هەرکەسێک تەماشای کوڕەکە بکات و باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.» جولەکەش دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن، چونکە فەرمووی: «منم ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە.» گوتیان: «ئەمە عیسای کوڕی یوسف نییە، کە دایک و باوکی دەناسین؟ ئێستا چۆن دەڵێت ”لە ئاسمانەوە دابەزیوم“؟» عیساش وەڵامی دانەوە و پێی گوتن: «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن. کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە. لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: ﴿هەموو لە خوداوە فێر دەبن.﴾ جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام. کەس باوکی نەبینیوە جگە لەوەی لە خوداوەیە، تەنها ئەوەی لە خوداوەیە باوکی بینیوە. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. منم نانی ژیان. باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و مردن. بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت. منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.» جولەکەکان لەناو خۆیان دەمەقاڵەیان بوو و دەیانگوت: «ئەمە چۆن دەتوانێ جەستەی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟» لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر جەستەی کوڕی مرۆڤ نەخۆن و خوێنی نەخۆنەوە، ژیان لە ناختاندا نابێت. ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە ژیانی هەتاهەتایی هەیە، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە، چونکە جەستەم خۆراکی ڕاستەقینەیە و خوێنیشم خواردنەوەی ڕاستەقینە. ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە بە منەوە پەیوەست دەبێت و منیش بەوەوە. وەک باوکی زیندوو ناردوومی، منیش بەو باوکە زیندووم، ئاواش ئەوەی لە جەستەی من بخوات بەهۆی منەوە دەژیێت. ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، نەک وەکو ئەوەی باوباپیران خواردیان و مردن. ئەوەی لەم نانە بخوات هەتاهەتایە دەژیێت.» عیسا ئەمانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لە کەنیشتی کەفەرناحومدا خەریکی فێرکردنی خەڵک بوو. کاتێک زۆرێک لە قوتابییەکان گوێیان لەو فەرمایشتەی عیسا بوو، گوتیان: «ئەم قسەیە گرانە! کێ دەتوانێت وەریبگرێت؟» عیسا لە دڵی خۆیدا زانی قوتابییەکانی بەهۆی ئەمەوە بۆڵەبۆڵ دەکەن، پێی فەرموون: «ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ساتمەکردنتان؟ ئەی ئەگەر ببینن کوڕی مرۆڤ بەرزبێتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەکەم جار لێی بوو؟! ڕۆحی پیرۆز ژیان دەدات، بەڵام جەستە بە کەڵک نایەت. ئەو قسانەی پێم گوتن ڕۆح و ژیانن. بەڵام هەندێکتان باوەڕ ناهێنن.» عیسا هەر لە سەرەتاوە ئەوانەی دەناسی کە باوەڕ ناهێنن، هەروەها دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات. ئینجا فەرمووی: «لەبەر ئەوە پێم گوتن، کەس ناتوانێ بێت بۆ لام، مەگەر باوک ڕێگەی پێدابێت.» لەو کاتە بەولاوە زۆرێک لە قوتابییەکانی پشتیان تێکرد و ئیتر لەگەڵی نەدەگەڕان. لەبەر ئەوە عیسا بە دوازدە قوتابییەکەی فەرموو: «ئەی ئێوە ناتانەوێ بڕۆن؟» شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بچینە لای کێ؟ وتەکانی ژیانی هەتاهەتایی لەلای تۆیە. ئێمەش باوەڕمان هێنا و زانیمان کە تۆ پیرۆزەکەی خودایت.» عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا من ئێوەی دوازدەم هەڵنەبژاردووە؟ بەڵام یەکێک لە ئێوە ئیبلیسە!» ئەو باسی یەهوزای شیمۆنی ئەسخەریوتی دەکرد، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، بەڵام بەتەمابوو بە گرتنی بدات.