یۆحەنا 1:6-54
یۆحەنا 1:6-54 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
دوای ئه‌مه ئیشۆع چووه ئه‌وبه‌ری ده‌ریای گلیلا، كه ده‌ریای ته‌به‌ریه‌یه، كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وتن، چونكه ئه‌و نیشانانه‌یان بینیبوو كه له نه‌خۆشه‌كاندا ده‌یكرد. ئینجا ئیشۆع چووه سه‌ر شاخێک و له‌وێ له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی دانیشت. جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوو نزیک بوو. ئیشۆعیش چاوی هه‌ڵبڕی و كۆمه‌ڵانێكی زۆری بینی ده‌هاتنه لای، به پیلیپوسی فه‌رموو: “له‌كوێ نان بكڕین بۆئه‌وه‌ی ئه‌مانه بخۆن؟” ئه‌مه‌ی فه‌رموو تاكو تاقیی بكاته‌وه، چونكه خۆی زانی به نیازه چی بكات. پیلیپوس وه‌ڵامی دایه‌وه: “بایی دوو سه‌د دیناریش نان به‌شیان ناكات، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان كه‌مێكی به‌ركه‌وێت”. یه‌كێک له قوتابییه‌كانی كه ئه‌ندراوسی برای شیمعون په‌تڕۆس بوو پێی وت: “كوڕێک لێره‌یه پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیه. به‌ڵام ئه‌ونده چییه بۆ ئه‌م هه‌مووه؟” ئیشۆع فه‌رمووی: “خه‌ڵكه‌كه دابنیشێنن”. ئه‌و شوێنه گیایه‌كی زۆری لێ‌بوو، جا پیاوه‌كان كه پێنج هه‌زار ده‌بوون دانیشتن. ئیشۆعیش نانه‌كانی برد و سوپاسی كرد، به‌سه‌ر قوتابیه‌كان دابه‌شیكرد، قوتابیه‌كانیش به‌سه‌ر دانیشتووان دابه‌شیان كرد، ماسیه‌كانیش هه‌ر ئاوا، ئه‌وه‌نده‌ی ویستیان. كاتێ تێربوون، به قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ئه‌و له‌ته‌نانه‌ی ماوه‌ته‌وه كۆی بكه‌نه‌وه تاكو هیچ به فیڕۆ نه‌ڕوات”. ئه‌وانیش كۆیان كرده‌وه و دوازده سه‌به‌ته‌یان پڕ كرد له‌و له‌ته‌نانه‌ی ئه‌و پێنج نانه جۆیه‌ی له نانخۆران مابووه‌وه. كاتێ خه‌ڵكه‌كه بینییان ئیشۆع چ په‌رجوێكی كرد، وتیان: “به ڕاستی ئه‌مه پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌كه وا بۆ جیهان دێت!”. به‌ڵام ئیشۆع زانی ئه‌وان به نیازن بێن و بیگرن تاكو بیكه‌نه پاشا، دیسان به ته‌نیا چووه سه‌ر شاخ. كاتێ ئێواره داهات قوتابییه‌كانی بۆ لای ده‌ریاكه چوونه خواره‌وه، سواری كه‌شتیێک بوون و به ده‌ریادا بۆ كپه‌ڕناخوم كه‌وتنه‌ڕێ. تاریک داهات و ئیشۆع هه‌ر نه‌هاته لایان. ڕه‌شه‌بایه‌كی مه‌زن هه‌ڵیكرد و ده‌ریا هه‌ڵچوو. كه نزیكه‌ی بیست و پێنج تاكو سی تیرهاوێژ سه‌وڵیان لێدابوو، ئیشۆعیان بینی به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ڕێده‌كات و له كه‌شتیه‌كه نزیک ده‌بێته‌وه، جا ترسان. پێی فه‌رموون: “منم، مه‌ترسن!” كه ڕازی بوون سواری كه‌شتیه‌كه‌ی بكه‌ن، یه‌كسه‌ر كه‌شتیه‌كه گه‌یشته ئه‌و كه‌ناره‌ی بۆی ده‌چوون. بۆ به‌یانی، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌وبه‌ری ده‌ریاكه ڕاوه‌ستابوون بینییان له‌و كه‌شتیه زیاتر له‌وێ نه‌بوو، كه قوتابیان سواری ببون، ئیشۆعیش له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتی نه‌بوو، به‌ڵكو قوتابییه‌كانی به ته‌نها به‌ڕێكه‌وتن. به‌ڵام كه‌شتیی دیكه‌ش له ته‌به‌ریه‌وه هاتنه نزیک ئه‌و شوێنه‌ی نانه‌كه‌یان لێی خوارد كه په‌روه‌ردگار سوپاسی كرد. كاتێ كۆمه‌ڵه‌كه بینییان نه ئیشۆع له‌وێیه و نه قوتابییه‌كانی، سواری كه‌شتیه‌كان بوون و هاتنه كپه‌ڕناخوم، له ئیشۆع ده‌گه‌ڕان. كه له‌وبه‌ری ده‌ریاكه دۆزییانه‌وه، پێیان وت: “ڕابی، كه‌ی گه‌یشتیته ئێره؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه و فه‌رمووی: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئێوه داوام ده‌كه‌ن نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌رجوتان بینی، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی له نانه‌كه‌تان خوارد و تێر بوون. بۆ خۆراكێک ئیش مه‌كه‌ن كه له‌ناوده‌چێت، به‌ڵكو بۆ خۆراكێک كه بۆ ژیانی جاویدانی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌تانداتێ، چونكه ئه‌مه خودای باوک مۆری لێداوه”. پێیان وت: “چی بكه‌ین تاكو كاره‌كانی خودا بكه‌ین؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه و پێی فه‌رموون: “كاری خودا ئه‌مه‌یه: باوه‌ڕ بهێنن به‌وه‌ی ناردوویه‌تی”. ئه‌وانیش پێیان وت: “چ په‌رجوێک ده‌كه‌یت تاكو ببینین و باوه‌ڕت پێ بهێنین؟ چی ده‌كه‌یت؟ باوباپیرانمان له بیاباندا مه‌نیان خوارد، وه‌ک نووسراوه: {له ئاسمانه‌وه نانی دانێ تاكو بیخۆن} ”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: مووشێ نه‌بوو نانه‌كه‌ی له ئاسمانه‌وه دانێ، به‌ڵكو باوكمه له ئاسمانه‌وه نانی ڕاسته‌قینه‌تان ده‌داتێ. چونكه نانی خودا ئه‌وه‌یه كه له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوه و ژیان ده‌به‌خشێته جیهان”. پێیان وت: “گه‌وره‌م، هه‌موو كاتێ ئه‌و نانه‌مان بده‌رێ”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “منم نانی ژیان. ئه‌وه‌ی بێته لام هه‌رگیز برسیی نابێت، ئه‌وه‌ش باوه‌ڕم پێ بهێنێت هه‌رگیز تینووی نابێت. به‌ڵام پێم وتن: منتان بینی و باوه‌ڕیش ناهێنن. هه‌ر كه‌سێک باوک ده‌یداته من دێته لام، ئه‌وه‌ش بێته لام، ده‌ری ناكه‌م. چونكه له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوم، نه‌ک تاكو به خواستی خۆم بكه‌م، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی ناردوومی. ئه‌مه‌ش خواستی ئه‌وه‌یه كه ناردوومی: هه‌ر كه‌سێكی پێداوم نه‌یدۆڕێنم، به‌ڵكو له ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه. چونكه خواستی باوكم ئه‌مه‌یه: هه‌ر كه‌سێک ڕۆڵه ببینێت و باوه‌ڕی پێ بهێنێت ژیانی جاویدانیی ده‌بێت، منیش له ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه”. جووه‌كان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر ده‌كرد، چونكه فه‌رمووی: “منم ئه‌و نانه‌ی له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوه”. وتیان: “ئه‌مه ئیشۆعی كوڕی یۆسپ نییه، كه باوک و دایكی ده‌ناسین؟ چۆن ده‌ڵێت له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوم؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه و پێی فه‌رموون: “له نێو خۆتان بۆڵه‌بۆڵ مه‌كه‌ن. كه‌س ناتوانێت بێته لام ئه‌گه‌ر باوک ڕاینه‌كێشێت، ئه‌وه‌ی ناردوومی، منیش له ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه. له پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه: {هه‌موو له خوداوه فێرده‌بن} . جا ئه‌وه‌ی له باوكه‌وه بیستبێتی و فێربووبێت دێته لام. كه‌س باوكی نه‌بینیوه جگه له‌وه‌ی له خوداوه‌یه، ئه‌وه باوكی بینیوه. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت ژیانی جاویدانیی هه‌یه. منم نانی ژیان. باوباپیرانتان له بیاباندا مه‌نیان خوارد و مردن. ئه‌مه ئه‌و نانه‌یه كه له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوه، تاكو ئه‌وه‌ی لێی بخوات نه‌مرێت. منم ئه‌و نانه زیندووه‌ی كه له ئاسمانه‌وه دابه‌زیوه. ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌م نانه بخوات تاهه‌تایه ده‌ژیێت. ئه‌و نانه‌ش كه بۆ ژیانی جیهان ده‌یبه‌خشم، جه‌سته‌مه”. جوو له‌نێو خۆیان ده‌مه‌قاڵه‌یان بوو و ده‌یانووت: “ئه‌مه چۆن ده‌توانێ جه‌سته‌ی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نه‌خۆن و خوێنی نه‌خۆنه‌وه، ژیان له ناختاندا نابێت. ئه‌وه‌ی جه‌سته‌م بخوات و خوێنم بخواته‌وه ژیانی جاویدانی هه‌یه، منیش له ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه.
یۆحەنا 1:6-54 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
دوای ئەمە عیسا چوو بۆ ئەوبەری دەریاچەی جەلیل، کە دەریاچەی تەبەرییەیە، ئاپۆرەیەک لە خەڵک دوای کەوتبوون، چونکە ئەو پەرجووانەیان بینیبوو کە لە نەخۆشەکاندا دەیکرد. ئینجا عیسا چووە سەر شاخ و لەوێ لەگەڵ قوتابییەکانی دانیشت. جەژنی پەسخەی جولەکەش نزیک بوو. کاتێک عیسا چاوی هەڵبڕی و خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆری بینی دەهاتنە لای، بە فیلیپۆسی فەرموو: «لەکوێ نان بکڕین و ئەمانە نان بدەین؟» ئەمەی گوت بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە، چونکە خۆی دەیزانی دەبێت چی بکات. فیلیپۆس وەڵامی دایەوە: «بایی دوو سەد دیناریش نان بەشیان ناکات، ئەگەر هەریەکەیان کەمێکی بەرکەوێت.» یەکێک لە قوتابییەکانی کە ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس بوو پێی گوت: «کوڕێک لێرەیە پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیە. بەڵام ئەوەندە چییە بۆ ئەم هەمووە؟» عیسا فەرمووی: «خەڵکەکە دابنیشێنن.» ئەو شوێنە گیایەکی زۆری لێ‌بوو، جا پیاوەکان کە پێنج هەزار دەبوون دانیشتن. عیساش نانەکانی وەرگرت و سوپاسی خودای کرد، پاشان بەپێی پێویست دابەشی کرد بەسەر ئەوانەدا کە دانیشتبوون. بۆ ماسییەکانیش هەمان شتی کرد. کاتێک هەمووان تێربوون، عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەو پەلکەنانەی ماوەتەوە کۆی بکەنەوە تاکو هیچ بەفیڕۆ نەڕوات.» ئەوانیش کۆیان کردەوە و دوازدە سەبەتەیان پڕکرد لەو پەلکەنانەی ئەو پێنج نانە جۆیەی لە نانخۆران مابووەوە. لەبەر ئەوە کە خەڵکەکە بینییان عیسا چ پەرجووێکی کرد، گوتیان: «بە ڕاستی ئەمە پێغەمبەرەکەیە کە بۆ جیهان دێت.» عیسا زانی ئەوان بە نیازن بێن و بیگرن تاکو بیکەنە پاشا، دیسان بە تەنها چووە سەر شاخ. کاتێک ئێوارە داهات قوتابییەکانی بۆ لای دەریاچەکە چوونە خوارەوە، سواری بەلەمێک بوون و بە دەریاچەدا بۆ کەفەرناحوم کەوتنەڕێ. تاریک داهات و عیسا هەر نەگەیشتە لایان. ڕەشەبا هەڵیکرد و دەریاچە هەڵچوو. کە نزیکەی بیست و پێنج تاکو سی تیرهاوێژ سەوڵیان لێدابوو، عیسایان بینی بەسەر ئاوەکەدا دەڕوات و لە بەلەمەکە نزیک دەبێتەوە، جا ترسان. بەڵام پێی فەرموون: «ئەوە منم، مەترسن!» کە ڕازی بوون سواری بەلەمەکەی بکەن، دەستبەجێ بەلەمەکە گەیشتە ئەو کەنارەی بۆی دەچوون. بۆ بەیانی، ئەو خەڵکەی لەوبەری دەریاچەکە ڕاوەستابوون بینییان لە بەلەمێک زیاتر لەوێ نەبوو، عیساش لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم نەبوو، بەڵکو قوتابییەکانی بە تەنها بەڕێکەوتبوون. ئینجا بەلەمی دیکە لە شاری تەبەرییەوە هاتنە نزیک ئەو شوێنەی نانەکەیان لێی خوارد کە عیسای خاوەن شکۆ سوپاسی خودای کرد. کاتێک خەڵکەکە بینییان نە عیسا لەوێیە و نە قوتابییەکانی، سواری بەلەمەکان بوون و چوونە کەفەرناحوم، بۆ ئەوەی بەدوای عیسادا بگەڕێن. کە لەوبەری دەریاچەکە دۆزییانەوە، لێیان پرسی: «ڕابی، کەی گەیشتییە ئێرە؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن نەک لەبەر ئەوەی نیشانەکانتان بینی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون. بۆ خۆراکێک ئیش مەکەن کە لەناودەچێت، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی کوڕی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەمە خودای باوک مۆری لێداوە.» لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی بکەین تاکو کارەکانی خودا بکەین؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «کاری خودا ئەمەیە: باوەڕ بهێنن بەوەی ناردوویەتی.» ئەوانیش لێیان پرسی: «چ پەرجووێک دەکەیت تاکو بیبینین و باوەڕت پێ بکەین؟ چی دەکەیت؟ باوباپیرانمان لە چۆڵەوانی مەنیان خوارد، وەک نووسراوە: ﴿لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن.﴾» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: مو‌سا نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە لە ئاسمانەوە نانی ڕاستیتان دەداتێ، چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان.» لەبەر ئەوە پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ.» عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت. بەڵام پێم گوتن، منتان بینیوە و باوەڕیش ناهێنن. هەرکەسێک باوکم دەیداتە من دێتە لام، ئەوەش بێتە لام، هەرگیز دەریناکەم. من لە ئاسمانەوە دابەزیوم، نەک بۆ ئەوەی خواستی خۆم ئەنجام بدەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی. ئەمەش خواستی ئەوەیە کە منی ناردووە، هیچ کەسێک لەوانە لەدەست نەدەم کە پێی داوم، بەڵکو لە ڕۆژی دواییدا زیندوویان دەکەمەوە. خواستی باوکم ئەمەیە: هەرکەسێک تەماشای کوڕەکە بکات و باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.» جولەکەش دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن، چونکە فەرمووی: «منم ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە.» گوتیان: «ئەمە عیسای کوڕی یوسف نییە، کە دایک و باوکی دەناسین؟ ئێستا چۆن دەڵێت ”لە ئاسمانەوە دابەزیوم“؟» عیساش وەڵامی دانەوە و پێی گوتن: «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن. کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە. لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: ﴿هەموو لە خوداوە فێر دەبن.﴾ جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام. کەس باوکی نەبینیوە جگە لەوەی لە خوداوەیە، تەنها ئەوەی لە خوداوەیە باوکی بینیوە. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. منم نانی ژیان. باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و مردن. بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت. منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.» جولەکەکان لەناو خۆیان دەمەقاڵەیان بوو و دەیانگوت: «ئەمە چۆن دەتوانێ جەستەی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟» لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر جەستەی کوڕی مرۆڤ نەخۆن و خوێنی نەخۆنەوە، ژیان لە ناختاندا نابێت. ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە ژیانی هەتاهەتایی هەیە، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە،