لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 16:3-36

یۆحەنا 16:3-36 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

چونكه‌ خودا وه‌ها جیهانی خۆشویست، ته‌نانه‌ت ڕۆڵه‌ تاقانه‌كه‌ی به‌ختكرد، تاكو هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕی پێ بهێنێت له‌ناونه‌چێت، به‌ڵكو ژیانی جاویدانیی هه‌بێت. چونكه‌ خودا ڕۆڵه‌ی نه‌نارده‌ جیهان تاكو جیهان حوكم بدات، به‌ڵكو تاكو به‌هۆیه‌وه‌ جیهان ڕزگار بكات. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێ بهێنێت حوكم نادرێت، ئه‌وه‌ش كه‌ باوه‌ڕ ناهێنێ ئه‌وا حوكم دراوه‌، چونكه‌ باوه‌ڕی به‌ ناوی ڕۆڵه‌ تاقانه‌كه‌ی خودا نه‌هێناوه‌. ئه‌مه‌ش حوكمه‌كه‌یه‌: ڕووناكییه‌كه‌ هاته‌ جیهان و خه‌ڵک تاریكییان له‌ ڕووناكییه‌كه‌ زیاتر خۆشویست، چونكه‌ كرده‌وه‌كانیان خراپ بوو. چونكه‌ هه‌ر كه‌سێک خراپه‌ بكات ڕقی له‌ ڕووناكییه‌كه‌یه‌ و نایه‌ته‌ لای ڕووناكییه‌كه‌، نه‌وه‌ک كرده‌وه‌كانی ئاشكرا بن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ڕه‌وا ده‌ڕوات، دێته‌ لای ڕووناكییه‌كه‌، تاكو ده‌ربكه‌وێت كه‌ كرده‌وه‌كانی له‌ خوداوه‌ كراون”. دوای ئه‌مانه‌ ئیشۆع و قوتابییه‌كانی هاتنه‌ زه‌ویی ئیهوود، له‌وێ له‌گه‌ڵیان مایه‌وه‌ و عه‌مادی ده‌كرد. یوخه‌ننه‌نیش له‌ عینیۆن نزیک شالم عه‌مادی ده‌كرد، چونكه‌ له‌وێ ئاوی زۆر هه‌بوو، ئیتر ده‌هاتن و عه‌ماد ده‌كران. چونكه‌ هێشتا یوخه‌ننه‌ن نه‌خرابووه‌ زیندانه‌وه‌. ده‌رباره‌ی بێگه‌ردی، گفتوگۆیه‌ک كه‌وته‌ نێوان قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن و جووه‌كان. هاتنه‌ لای یوخه‌ننه‌ن و پێیان وت: “ڕابی، ئه‌وه‌ی له‌وبه‌ری یوردنه‌ن له‌گه‌ڵت بوو، ئه‌وه‌ی گه‌واهیت بۆی دا، ئه‌وه‌تا عه‌ماد ده‌كات و هه‌مووان دێنه‌ لای”. یوخه‌ننه‌ن وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “كه‌س ناتوانێت شتێک وه‌ربگرێت ئه‌گه‌ر له‌ ئاسمانه‌وه‌ پێی نه‌درابێت. ئێوه‌ خۆتان گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن كه‌ وتم: من مه‌سیح نیم، به‌ڵكو پێش ئه‌و نێردراوم. بووک بۆ زاوایه‌، به‌ڵام هاوڕێی زاوا كه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ و ده‌یبیستێت له‌به‌ر ده‌نگی زاوا زۆر دڵخۆش ده‌بێت. كه‌واته‌ ئه‌م خۆشییه‌م هاته‌ دی. پێویسته‌ ئه‌و زیاد بكات و منیش كه‌م. ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ دێت له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌. ئه‌وه‌ش له‌ زه‌وییه‌ ئه‌وه‌ زه‌مینییه‌ و وه‌كو كه‌سێكی زه‌مینی ده‌دوێت. ئه‌وه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دێت له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌ و گه‌واهیی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ بینیویه‌تی و بیستوویه‌تی، كه‌سیش گه‌واهییه‌كه‌ی په‌سه‌ند ناكات. ئه‌وه‌ی گه‌واهییه‌كه‌ی په‌سه‌ند ده‌كات، مۆری ده‌كات كه‌ خودا ڕاسته‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی خودا ناردوویه‌تی به‌ فه‌رمووده‌ی خودا ده‌دوێت، چونكه‌ خودا بێ ئه‌ندازه‌ ڕووح ده‌دات. باوک ڕۆڵه‌ی خۆشده‌وێت و هه‌موو شتێكی داوه‌ته‌ ده‌ستی. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ ڕۆڵه‌ بهێنێت ژیانی جاویدانیی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ش باوه‌ڕ به‌ ڕۆڵه‌ نه‌هێنێت ژیان نابینێت، به‌ڵكو تووڕه‌یی خودای له‌سه‌ر ده‌مێنێت”.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 3 بخوێنەوە

یۆحەنا 16:3-36 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت، چونکە خودا کوڕەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان حوکم بدات، بەڵکو تاکو جیهان بەوەوە ڕزگاری ببێت. ئەوەی باوەڕی پێ بهێنێت حوکم نادرێت، بەڵام ئەوەی باوەڕ ناهێنێت ئەوا حوکم دراوە، چونکە باوەڕی بە ناوی کوڕە تاقانەکەی خودا نەهێناوە. ئەمەش حوکمەکەیە: ڕووناکییەکە هاتە جیهان بەڵام خەڵک لە جیاتی ڕووناکییەکە تاریکییەکەیان خۆشویست، چونکە کردەوەیان خراپ بوو. لەبەر ئەوەی هەرکەسێک خراپە بکات ڕقی لە ڕووناکییەکەیە و نایەتە لای ڕووناکییەکە، نەوەک کردەوەکانی ئاشکرابێت. بەڵام ئەوەی بەگوێرەی ڕاستی دەڕوات، دێتە لای ڕووناکییەکە، تاکو دەربکەوێت کە کردەوەکانی لە خوداوەیە. دوای ئەمانە عیسا و قوتابییەکانی هاتنە خاکی یەهودیا، لەوێ لەگەڵیان مایەوە و خەڵکی لە ئاو هەڵکێشا. یەحیاش لە ئەینونی نزیک شاری سالیم خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، چونکە لەوێ ئاو زۆر بوو، ئیتر دەهاتن و لە ئاو هەڵدەکێشران، چونکە هێشتا یەحیا نەخرابووە زیندانەوە. لەوێ دەربارەی پاککردنەوە گفتوگۆیەک کەوتە نێوان قوتابییەکانی یەحیا و جولەکەیەک. قوتابییەکانی هاتنە لای یەحیا و پێیان گوت: «ڕابی، ئەوەی لەوبەری ڕووباری ئوردون لەگەڵ تۆ بوو، ئەوەی شایەتیت بۆی دا، ئەوەتا خەڵک لە ئاو هەڵدەکێشێت و هەموو خەڵک دێنە لای.» یەحیا وەڵامی دایەوە: «کەس ناتوانێت شتێک وەربگرێت ئەگەر لە ئاسمانەوە پێی نەدرابێت. ئێوە خۆتان شایەتیم بۆ دەدەن کە گوتم: ”من مەسیح نیم، بەڵام پێش ئەو نێردراوم.“ بووک بۆ زاوایە، هاوڕێی زاواش کە خزمەتی زاوا دەکات و چاوەڕێی دەنگی هاتنەکەی دەکات، کاتێک گوێی لە دەنگی زاوا دەبێ، زۆر دڵخۆش دەبێت. ئەم خۆشییە درا بە من و ئێستا هاتە دی. پێویستە ئەو زیاد بکات و منیش کەم.» ئەوەی لە سەرەوە دێت لە سەرووی هەمووانە. بەڵام ئەوەی لە زەوییە ئەوە زەمینییە و وەکو کەسێکی زەمینی دەدوێت. ئەوەی لە ئاسمانەوە دێت لە سەرووی هەمووانە و شایەتی ئەوە دەدات کە بینیویەتی و بیستوویەتی، بەڵام کەس شایەتییەکەی وەرناگرێت. ئەوەی شایەتییەکەی وەردەگرێت، مۆری دەکات کە خودا ڕاستە، چونکە ئەوەی خودا ناردوویەتی بە پەیامی خودا دەدوێت، لەبەر ئەوەی خودا بێ سنوور ڕۆحی پیرۆز دەبەخشێت. باوکی ئاسمانی کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو شتێکی داوەتە دەستی. ئەوەی باوەڕ بە کوڕەکە بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی کوڕەکە نییە ژیان نابینێت، بەڵکو تووڕەیی خودای لەسەر دەمێنێت.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 3 بخوێنەوە