لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 12:21-25

یۆحەنا 12:21-25 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئیشۆع پێی فه‌رموون: “وه‌رن بخۆن!”. كه‌س له‌ قوتابییه‌كان نه‌یوێرا لێ بپرسێت: تۆ كێیت؟ چونكه‌ زانییان په‌روه‌ردگاره‌. ئینجا ئیشۆع هات و نانه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و پێیدان، ماسیه‌كه‌ش ئاوا. ئه‌مه‌ سێیه‌م جار بوو ئیشۆع بۆ قوتابییه‌كان ده‌ركه‌وێت پاش هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردوواندا. دوای ئه‌وه‌ی نانیان خوارد ئیشۆع به‌ شیمعون په‌تڕۆسی فه‌رموو: “شیمعونی یۆنا، منت له‌مانه‌ زیاتر خۆشده‌وێت؟” پێی وت: “به‌ڵێ په‌روه‌ردگار، خۆت ده‌زانیت من خۆشمده‌وێیت”. پێی فه‌رموو: “شوانایه‌تی كاوڕه‌كانم بكه‌‌”. دیسان پێی فه‌رمووه‌وه‌: “شیمعونی یۆنا، منت خۆشده‌وێت؟” پێی وت: “به‌ڵێ په‌روه‌ردگار، خۆت ده‌زانیت من خۆشمده‌وێیت”. پێی فه‌رموو: “شوانایه‌تی مه‌ڕه‌كانم بكه‌”. سێیه‌م جار پێی فه‌رموو: “شیمعونی یۆنا، منت خۆشده‌وێت؟” په‌تڕۆس دڵگران بوو، چونكه‌ سێیه‌م جار پێی فه‌رموو: منت خۆشده‌وێت؟ پێی وت: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، خۆت هه‌موو شتێک ده‌زانیت. ده‌زانیت من‌ خۆشمده‌وێیت”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شوانایه‌تی مه‌ڕه‌كانم بكه‌. ڕه‌وا ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم، كاتێ گه‌نج بوویت پشتێنه‌كه‌ت ده‌به‌ست و بۆ هه‌ر شوێنێک بتویستایه‌ ده‌ڕۆیشتی. به‌ڵام كاتێ پیر ده‌بیت ده‌ستت درێژ ده‌كه‌یت و یه‌كێكی دیكه‌ پشتێنه‌كه‌ت ده‌به‌ستێت و ده‌تباته‌ شوێنێک كه‌ ناته‌وێت”. ئه‌مه‌ی وت وه‌ک ئاماژه‌كردنێک بۆ مردنی په‌تڕۆس كه‌ خودا شكۆدار ده‌كات. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌!” په‌تڕۆس ئاوڕی دایه‌وه‌ و ئه‌و قوتابییه‌ی بینی كه‌ ئیشۆع خۆشیده‌ویست دوایان كه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی شێوه‌كه‌ شانی به‌ سینگی ئیشۆع دابوو، وتی: “گه‌وره‌م، كێیه‌ ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستت ده‌كات؟” كاتێ په‌تڕۆس ئه‌مه‌ی بینی به‌ ئیشۆعی وت: “په‌روه‌ردگار ئه‌ی ئه‌مه‌ چی لێدێت؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌مێنێته‌وه‌ تاكو دێمه‌وه‌، به‌ تۆ چی؟ تۆ دوام بكه‌وه‌!”. ئیتر ئه‌م قسه‌یه‌ له‌نێو برایان وا بڵاو بووه‌وه‌ كه‌ ئه‌و قوتابییه‌ نامرێت. به‌ڵام ئیشۆع پێی نه‌فه‌رموو كه‌ نامرێت، به‌ڵكو: “ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌مێنێته‌وه‌ تاكو دێمه‌وه‌، به‌ تۆ چی؟”. ئـه‌مـه‌ش ئـه‌و قـوتـابـیـیـه‌یـه‌ كـه‌ ده‌ربـاره‌ی ئـه‌م شـتـانـه‌ گـــه‌واهـیـی ده‌دات و ئـه‌م شـتـانـه‌ی نـووســیـوه‌. ئــێــمـه‌ش ده‌زانــیـن گــه‌واهـیـیـه‌كــه‌ی ڕه‌وایــــه‌. زۆر شتی دیكه‌ هه‌یه‌ ئیشۆع كردوویه‌تی ئه‌گه‌ر یه‌ک له‌دوای یه‌ک بنووسرایه‌، وابزانم خودی جیهان جێگای ئه‌و په‌رتـووكـه‌ نـووسـراوانـه‌ی تێدا نه‌ده‌بووه‌وه‌. ئامین.

یۆحەنا 12:21-25 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیسا پێی فەرموون: «وەرن بخۆن.» هیچ کام لە قوتابییەکان نەیانوێرا پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» زانییان عیسای خاوەن شکۆیە. عیسا هات، نانەکەی هەڵگرت و پێیدان، ماسییەکەش بە هەمان شێوە. ئەمە سێیەم جار بوو کە عیسا پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان بۆ قوتابییەکان دەرکەوت. دوای ئەوەی نانیان خوارد عیسا بە شیمۆن پەترۆسی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت لەوانە خۆشتر دەوێت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت کە تۆم خۆشدەوێت.» پێی فەرموو: «بەرخەکانم بلەوەڕێنە.» دیسان پێی فەرمووەوە: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت خۆشمدەوێیت.» پێی فەرموو: «ببە بە شوانی مەڕەکانم.» سێیەم جار پێی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» پەترۆس دڵگران بوو، چونکە سێ جار پێی فەرموو: «منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «گەورەم، تۆ هەموو شتێک دەزانیت. دەزانیت کە خۆشمدەوێیت.» عیسا پێی فەرموو: «مەڕەکانم بلەوەڕێنە. ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، کاتێک گەنج بوویت پشتێنەکەتت دەبەست و بۆ هەرکوێ دەتویست، دەچوویت. بەڵام کاتێک پیر دەبیت دەستت درێژ دەکەیت و یەکێکی دیکە پشتێنەکەت دەبەستێت و دەتباتە شوێنێک کە ناتەوێت.» ئەمەی گوت وەک ئاماژەکردنێک بۆ مردنی پەترۆس کە بەهۆیەوە خودا شکۆدار دەکات. لەدوای ئەمە پێی فەرموو: «دوام بکەوە!» پەترۆس ئاوڕی دایەوە و بینی کە ئەو قوتابییەی کە عیسا خۆشی دەویست دوایان کەوتووە، ئەوەی لە کاتی نانی ئێوارەدا شانی بە سنگی عیساوە نابوو و پێی گوتبوو: «گەورەم، کێیە ئەوەی بە گرتنت دەدات؟» کاتێک پەترۆس ئەمەی بینی بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەی ئەمە چی لێدێت؟» عیساش پێی فەرموو: «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟ تۆ دوام بکەوە.» ئیتر ئەم قسەیە لەنێو برایان وا بڵاو بووەوە کە ئەو قوتابییە نامرێت. بەڵام عیسا پێی نەفەرموو کە نامرێت، بەڵکو «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟» ئەمەش ئەو قوتابییەیە کە دەربارەی ئەم شتانە شایەتی دەدات و ئەم شتانەی نووسیوە. ئێمەش دەزانین شایەتییەکەی ڕاستە. زۆر شتی دیکە هەیە عیسا کردوویەتی، ئەگەر یەک لەدوای یەک بنووسرایەتەوە، وابزانم خودی جیهان جێگای ئەو پەڕتووکە نووسراوانەی تێدا نەدەبووەوە.