لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 19:19-30

یۆحەنا 19:19-30 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پیڵاتوسیش ناونیشانێكی نووسی و له‌سه‌ر خاچه‌كه‌ی دانا، نووسرابوو: “ئیشۆعی ناسڕه‌تی، پاشای جوو”. جووێكی زۆر ناونیشانه‌كه‌یان خوێنده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی تێدا له‌خاچدرابوو له‌ شار نزیک بوو. به‌ عیبری و به‌ یۆنانی و به‌ لاتینی نووسرابوو. كاهینانی باڵای جووه‌كان به‌ پیڵاتوسیان وت: “مه‌نووسه‌: پاشای جوو، به‌ڵكو ئه‌و خۆی وتی: من پاشای جووم!”. پیڵاتوس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌وه‌ی نووسیومه‌، نووسیومه‌”. كاتێک سه‌ربازه‌كان ئیشۆعیان له‌خاچدا، پۆشاكه‌كانیان برد و كردیانه‌ چوار پارچه‌، بۆ هه‌ر سه‌ربازێک پارچه‌یه‌ک. كراسه‌كه‌شیان برد، كراسه‌كه‌ بێ دروومان بوو، له‌سه‌رڕا یه‌ک پارچه‌ چنرابوو. جا به‌ یه‌كتریان وت: “با نه‌یدڕێنین، تیروپشكی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین بۆ كێ ده‌بێت”. تاكو سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی كه‌ فه‌رموویه‌تی: {پۆشاكه‌كه‌م نێوان خۆیان دابه‌شكرد و له‌سه‌ر كراسه‌كه‌م تیروپشكیان كرد} . جا سه‌ربازه‌كان ئه‌مه‌یان كرد. له‌لای خاچه‌كه‌ی ئیشۆع، دایكی و پووری و مه‌ریه‌می ژنی كلۆپا و مه‌ریه‌می مه‌گدانی ڕاوه‌ستابوون. كاتێ ئیشۆع دایكی بینی و ئه‌و قوتابییه‌ش كه‌ خۆشیده‌ویست له‌لای ڕاوه‌ستاوه‌، به‌ دایكی فه‌رموو: “خانم، ئه‌وه‌تا كوڕی تۆ”. ئینجا به‌ قوتابییه‌كه‌شی فه‌رموو: “ئه‌وه‌تا دایكی تۆ”. ئیتر له‌و كاته‌وه‌ قوتابییه‌كه‌ بردییه‌وه‌ ماڵی خۆی. دوای ئه‌مه‌، ئیشۆع بینی كه‌وا هه‌موو شتێک ته‌واو بوو و تاكو سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی، فه‌رمووی: “تینوومه‌”. گۆزه‌یه‌كی پڕ له‌ سركه‌ دانرابوو، هه‌وریه‌كی پڕ له‌ سركه‌یان خسته‌ سه‌ر قامیشێک و به‌رزیان كرده‌وه‌ بۆ ده‌می. كاتێ ئیشۆع تامی سركه‌كه‌ی كرد، فه‌رمووی: “ته‌واو بوو”. ئینجا سه‌ری دانه‌واند و ڕووحی سپارد.

یۆحەنا 19:19-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پیلاتۆسیش تەختەیەکی لەسەر خاچەکە داکوتا کە لەسەری نووسیبوو: «عیسای ناسیرەیی، پاشای جولەکە.» جولەکەیەکی زۆر نووسراوەکەیان خوێندەوە کە بە عیبری و لاتینی و یۆنانی نووسرابوو، چونکە ئەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درابوو لە شارەوە نزیک بوو. کاهینانی باڵای جولەکە بە پیلاتۆسیان گوت: «مەنووسە: پاشای جولەکە، بەڵام بنووسە: ”خۆی گوتی من پاشای جولەکەم.“» پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئەوەی نووسیومە، نووسیومە.» کاتێک سەربازەکان عیسایان لە‏ خاچ دا، جلەکانیان برد و کردیان بە چوار بەشەوە، هەر سەربازێک بەشێکی بەرکەوت. کراسەکەشیان برد، کراسەکە بێ دروومان بوو، لەسەرڕا یەک پارچە چنرابوو. لەبەر ئەوە بە یەکتریان گوت: «پێویست ناکات بیدڕێنین. با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت.» ئەمەش ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی کە فەرموویەتی: ﴿جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد و تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد.﴾ جا سەربازەکان ئەمەیان کرد. لەلای خاچەکەی عیسا، دایکی و پووری و مریەمی ژنی کلۆپا و مریەمی مەجدەلی ڕاوەستابوون. کاتێک عیسا دایکی بینی لەگەڵ ئەو قوتابییەدا ڕاوەستاوە کە ئەم خۆشی دەویست، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوەتا کوڕی تۆ.» بە قوتابییەکەشی فەرموو: «ئەوەتا دایکی تۆ.» ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی. پاشان، لەبەر ئەوەی عیسا زانی کە هەموو شتێک تەواو بووە، هەروەها بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، فەرمووی: «تینوومە.» گۆزەیەکی پڕ لە سرکە دانرابوو، ئیسفەنجێکی پڕ لە سرکەیان خستە سەر لقە زوفایەک و بەرزیان کردەوە بۆ دەمی. کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.