لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:19-15

یۆحەنا 1:19-15 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئیتر پیڵاتوس ئیشۆعی برد و دایه‌ به‌ر قامچی. سه‌ربازه‌كان تاجێكیان له‌ دڕک چنی و خستیانه‌ سه‌ر سه‌ری و جلێكی ئه‌رخه‌وانییان له‌به‌ر كرد و ده‌یانووت: “سڵاو، ئه‌ی پاشای جوو!”، زللـه‌یان لێی ده‌دا. دیسان پیڵاتوس چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و پێی وتن: “بۆتانی ده‌هێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ تاكو بزانن من یه‌ک خراپه‌ی تێدا نابینم!” ئیشۆع به‌ تاجی دڕكاوی و جلی ئه‌رخه‌وانییه‌وه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌، پیڵاتوس پێی وتن: “ئه‌مه‌ كابراكه‌یه‌!” كاتێ كاهینانی باڵا و ڕاژه‌وانان بینییان، هاواریان كرد و وتیان: “له‌خاچی بده‌! له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوس پێی وتن: “ئێوه‌ بیبه‌ن و له‌خاچی بده‌ن، چونكه‌ خراپه‌ی تێدا نابینم”. جووه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ته‌وراتمان هه‌یه‌. به‌گوێره‌ی ته‌وراتمان ده‌بێت بمرێت، چونكه‌ خۆی كردووه‌ته‌ ڕۆڵه‌ی خودا”. كاتێ پیڵاتوس ئه‌م قسه‌یه‌ی بیست زیاتر ترسا. گه‌ڕایه‌وه‌ نێو كۆشكه‌كه‌ و به‌ ئیشۆعی وت: “خه‌ڵكی كوێی؟” به‌ڵام ئیشۆع هیچ وه‌ڵامێكی نه‌دایه‌وه‌. پیڵاتوس پێی وت: “قسه‌م بۆ ناكه‌یت؟ نازانیت ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه‌ له‌خاچت بده‌م یان ئازادت بكه‌م؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “هه‌رگیز هیچ ده‌سه‌ڵاتێكت به‌سه‌ر منه‌وه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌وه‌ پێت نه‌درابێت. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی منی ڕاده‌ستی تۆی كردووه‌ گوناهه‌كه‌ی مه‌زنتره‌”. له‌م كاته‌وه‌ ئیتر پیڵاتوس هه‌وڵی ده‌دا ئازادی بكات، به‌ڵام جووه‌كان هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ئازاد بكه‌یت، دۆستی قه‌یسه‌ڕ نیت. هه‌ر كه‌سێک خۆی بكاته‌ پاشا، به‌ره‌نگاریی قه‌یسه‌ڕ ده‌كات”. كاتێ پیڵاتوس ئه‌م قسه‌یه‌ی بیست، ئیشۆعی برده‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌سه‌ر ته‌ختی دادوه‌ری دانیشت، له‌ شوێنێک پێی ده‌ووترێ به‌ردڕێژكراو، به‌ عیبریش گپپتا. ڕۆژی ئاماده‌كاری په‌سخه‌ بوو، نزیكه‌ی كاژێر شه‌ش بوو، به‌ جووه‌كانی وت: “ئه‌وه‌تا پاشاكه‌تان”. ئه‌وانیش هاواریان كرد: “بیبه‌! بیبه‌! له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوس پێی وتن: “پاشاكه‌تان له‌خاچ بده‌م؟” كاهینانی باڵا وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “جگه‌ له‌ قه‌یسه‌ڕ پاشامان نییه‌”.

یۆحەنا 1:19-15 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئیتر پیلاتۆس عیسای برد و دایە بەر قامچی. سەربازەکان تاجێکیان لە دڕک چنی و خستیانە سەر سەری و کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد. لێی دەچوونە پێشەوە، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» و زللەیان لێی دەدا. دیسان پیلاتۆس هاتە دەرەوە و پێی گوتن: «بۆتانی دەهێنمە دەرەوە تاکو بزانن هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم!» عیسا بە تاجی دڕکاوی و جلی ئەرخەوانییەوە هاتە دەرەوە، پیلاتۆس پێی گوتن: «ئەوە پیاوەکەیە!» کاتێک کاهینانی باڵا و پاسەوانان بینییان، هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس وەڵامی دانەوە: «ئێوە بیبەن و لە خاچی بدەن، چونکە من خراپەی تێدا نابینم.» ڕابەرانی جولەکە وەڵامیان دایەوە: «تەوراتمان هەیە. بەگوێرەی تەورات دەبێت بمرێت، چونکە خۆی کردووەتە کوڕی خودا.» کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسەیە بوو زیاتر ترسا. گەڕایەوە ناو کۆشکەکە و بە عیسای گوت: «خەڵکی کوێی؟» بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە. پیلاتۆس پێی گوت: «قسەم بۆ ناکەیت؟ ئایا نازانیت دەسەڵاتم هەیە کە ئازادت بکەم یان لە خاچت بدەم؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر منەوە نییە، مەگەر لە سەرەوە پێت درابێت. لەبەر ئەوە ئەوەی منی داوەتە دەست تۆ گوناهەکەی گەورەترە.» ئیتر پیلاتۆس هەوڵی دەدا ئازادی بکات، بەڵام ڕابەرانی جولەکە هاواریان دەکرد: «ئەگەر ئەمە ئازاد بکەیت، دۆستی قەیسەر نیت. هەرکەسێک خۆی بکاتە پاشا، لە دژی قەیسەر دەدوێت.» کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسانە بوو، عیسای بردە دەرەوە و لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، لە شوێنێک پێی دەگوترێ «بەردڕێژکراو»، کە بە عیبری پێی دەڵێن «گەباسا». ڕۆژی ئامادەکاری جەژنی پەسخە بوو، نزیکەی کاتژمێر دوازدە بوو. ئینجا پیلاتۆس بە جولەکەکانی گوت: «ئەوەتا پاشاکەتان.» ئەوانیش هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟» کاهینانی باڵا وەڵامیان دایەوە: «جگە لە قەیسەر پاشامان نییە.»