لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 12:14-26

یۆحەنا 12:14-26 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌و كارانه‌ ده‌كات كه‌ من ده‌یكه‌م، له‌مانه‌ش مه‌زنتر ده‌كات، چونكه‌ من بۆ لای باوک ده‌ڕۆم. هه‌رچییه‌ک به‌ ناوی منه‌وه‌ داوا بكه‌ن ده‌یكه‌م، تاكو باوک له‌ ڕۆڵه‌دا شكۆدار بێت. ئه‌گه‌ر شتێكتان به‌ ناوی من داواكرد، ده‌یكه‌م. ئه‌گه‌ر منتان خۆشده‌وێ ڕاسپارده‌كانم بپارێزن. منیش داوا له‌ باوک ده‌كه‌م دڵنه‌واییده‌رێكی دیكه‌تان بداتێ تاكو تاهه‌تایه‌ له‌گه‌ڵتان بمێنێته‌وه‌، ڕووحی ڕه‌وا، كه‌وا جیهان ناتوانێت په‌سه‌ندی بكات، چونكه‌ نایبینێت و نایناسێت. به‌ڵام ئێوه‌ ده‌یناسن، چونكه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ ئێوه‌دا ده‌بێت. به‌ هه‌تیوی به‌جێتان ناهێڵیم، دێمه‌وه‌ لاتان. پاش كه‌مێک ئیتر جیهان نامبینێت، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌مبینن. من زیندووم و ئێوه‌ش ده‌ژین. له‌و ڕۆژه‌دا ده‌زانن من له‌ باوكمدام، ئێوه‌ش له‌ مندان، منیش له‌ ئێوه‌دام. ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌كانی منی له‌لایه‌ و ده‌یپارێزێت، ئه‌وا منی خۆشده‌وێت. ئه‌وه‌ی منی خۆشبووێ، باوكم خۆشیده‌وێت، منیش خۆشمده‌وێت و خۆمی بۆ ده‌رده‌خه‌م”. ئیهووداش، ئه‌سخه‌ریوتییه‌كه‌ نا، پێی وت: “گه‌وره‌م، چی بووه‌ تاكو به‌ نیازیت خۆت بۆ ئێمه‌ ده‌ربخه‌یت، به‌ڵام بۆ جیهان نا؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی منی خۆشبووێ وته‌كه‌م ده‌پارێزێت، باوكیشم خۆشیده‌وێت و دێینه‌ لای، له‌لای ئه‌ویش ماڵێک سازده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ی منیشی خۆشناوێت، وته‌كه‌م ناپارێزێت. ئه‌م وته‌ی ده‌یبیستن هی من نییه‌، به‌ڵكو هی ئه‌و باوكه‌یه‌ كه‌ ناردوومی. ئه‌مانه‌م پێ وتن كه‌ هێشتا له‌لاتانم. به‌ڵام دڵنه‌واییده‌ره‌كه‌، ڕووحی پارسا، ئه‌وه‌ی باوک به‌ ناوی من ده‌ینێرێت، ئه‌و هه‌موو شتێكتان فێرده‌كات و هه‌موو وته‌كانم بیرتان ده‌خاته‌وه‌.

یۆحەنا 12:14-26 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم. هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت. ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم. «ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن. منیش داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی دیکەتان بداتێ کە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە، ڕۆحی ڕاستی، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت. بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان. پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی من زیندووم، ئێوەش دەژین. لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام. ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.» ئینجا یەهوزایەکی دیکە، کە یەهوزای ئەسخەریوتی نەبوو، لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی دەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت، بەڵام بۆ جیهان نا؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێ کار بە وتەکانم دەکات، باوکیشم خۆشی دەوێت و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەویش نیشتەجێ دەبین. ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نییە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی. «ئەمانەم پێ گوتن کە هێشتا لەلاتانم. بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە.