لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 10:13-27

یۆحەنا 10:13-27 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی خۆی شوشتبێت ته‌نها پێویستی به‌ پێ شوشتن هه‌یه‌، هه‌مووی بێگه‌رده‌. ئێوه‌ش بێگه‌ردن به‌ڵام هه‌مووتان نا”. چونكه‌ ده‌یزانی كێ ڕاده‌ستی ده‌كات، بۆیه‌ فه‌رمووی: “هه‌مووتان بێگه‌رد نین”. كه‌ پێیانی شوشت، كراسه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و دانیشته‌وه‌، پێی فه‌رموون: “ئایا له‌وه‌ی بۆم كردن تێگه‌یشتن؟ ئێوه‌ به‌ ڕابی و گه‌وره‌ بانگم ده‌كه‌ن و ڕاست ده‌كه‌ن، چونكه‌ وام. جا كه‌ من گه‌وره‌ و ڕابیم و پێم شوشتن، ئێوه‌ش له‌سه‌رتانه‌ پێی یه‌كتری بشۆن. چونكه‌ نموونه‌یه‌كم پێدان تاكو ئه‌وه‌ی من بۆم كردن ئێوه‌ش بیكه‌ن. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كۆیله‌ له‌ گه‌وره‌كه‌ی مه‌زنتر نییه‌، په‌یامبه‌ریش له‌وه‌ی ناردوویه‌تی مه‌زنتر نییه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تان زانی، به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وتان كرد. باسی هه‌مووتان ناكه‌م. ئه‌وانه‌ی هه‌ڵمبژاردوون ده‌یانناسم، به‌ڵام تاكو نووسراوه‌كه‌ بێته‌ دی: {ئه‌وه‌ی نانم له‌گه‌ڵ ده‌خوات، لێم هه‌ڵگه‌ڕا} . له‌ ئێستاوه‌ پێتان ده‌ڵێم پێش ڕوودانی، تاكو كاتێ ڕوویدا، باوه‌ڕ بهێنن كه‌ من ئه‌وم. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ بكات كه‌ من ده‌ینێرم، ئه‌وا په‌سه‌ندی من ده‌كات، ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی من بكات، په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناردوومی”. كاتێ ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، له‌ ڕووحدا شڵه‌ژا و گه‌واهیی دا و فه‌رمووی: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان ڕاده‌ستم ده‌كات!”. قوتابییه‌كان سه‌یری یه‌كتریان ده‌كرد و دڵنیا نه‌بوون مه‌به‌ستی كێیه‌. یه‌كێک له‌ قوتابییه‌كان كه‌ ئیشۆع خۆشیده‌ویست له‌ باوه‌شیدا پاڵیدابووه‌وه‌، شیمعون په‌تڕۆس ئاماژه‌ی بۆ كرد تاكو پرس بكات مه‌به‌ستی له‌ كێیه‌. ئه‌ویش شانی به‌سه‌ر سینگی ئیشۆعدا دا و پێی وت: “گه‌وره‌م، كێیه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاروو ده‌ژه‌نم و ده‌یده‌مێ!”. ئینجا پارووه‌كه‌ی ژه‌نی و دایه‌ ئیهوودای شیمعونی ئه‌سخه‌ریوتی. پاش پارووه‌كه‌، شه‌یتان چووه‌ نێویه‌وه‌. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌یت خێرا بیكه‌”.

یۆحەنا 10:13-27 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، تەواوی جەستەی پاکە. ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا.» عیسا فەرمووی: «هەمووتان پاک نین،» چونکە دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات. پاش شوشتنی پێیان کەواکەی خستەوە سەر شانی و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟ ئێوە بە ”مامۆستا“ و ”گەورە“ بانگم دەکەن و ڕاست دەکەن، چونکە من وام. جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن. من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی زیاتر نییە. ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد. «باسی هەمووتان ناکەم. ئەوانەی هەڵمبژاردوون دەیانناسم، بەڵام تاکو ئەوەی لە نووسراوە پیرۆزەکە هاتووە بێتە دی: ﴿ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد‏.﴾ «لە ئێستاوە پێتان دەڵێم پێش ئەوەی ڕووبدات، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بکەن کە من ئەوم. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی پێشوازی لەوە بکات کە دەینێرم، ئەوا پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی.» کاتێک عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆحی خەمبار بوو و شایەتی دا: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.» قوتابییەکان سەیری یەکتریان دەکرد و دڵنیا نەبوون مەبەستی لە کێیە. یەکێک لە قوتابییەکان کە عیسا خۆشی دەویست لەتەنیشتی پاڵیدابووەوە، شیمۆن پەترۆس ئاماژەی بۆ کرد تاکو پرسیار لە عیسا بکات کە مەبەستی لە کێیە. ئەویش شانی دا بەسەر سنگی عیسادا و پێی گوت: «گەورەم، کێیە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەو کەسەیە کە ئەم پارووە نانە لە قاپەکە هەڵدەکێشم و دەیدەمێ.» ئینجا پارووەکەی لە قاپەکە هەڵکێشا و دای بە یەهوزای کوڕی شیمۆنی ئەسخەریوتی. هەرکە پارووەکەی وەرگرت، شەیتان چووە ناویەوە. عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی بەتەمای بیکەیت، خێرا بیکە.»