لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:13-38

یۆحەنا 1:13-38 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پێش جه‌ژنی په‌سخه‌، ئیشۆع ده‌یزانی كاتی هاتووه‌ و ئه‌م جیهانه‌ به‌جێبهێڵێت بۆ لای باوک، جا ئه‌وانه‌ی هی خۆی بوون له‌ جیهاندا خۆشیویستن، تاكو ئه‌وپه‌ڕی خۆشویستن. ژه‌می ئێواره‌ بوو، شه‌یتان خستبوویه‌ دڵی ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كوڕی شیمعون، كه‌وا ڕاده‌ستی بكات. ئیشۆعیش ده‌یزانی باوک هه‌موو شتێكی به‌ ده‌ستی داوه‌ و له‌ خوداوه‌ هاتووه‌ و بۆ خوداش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌سه‌ر خوان هه‌ستا، كراسه‌كه‌ی داكه‌ند و خاولییه‌كی هه‌ڵگرت و له‌ ناوقه‌دی به‌ستا، ئینجا ئاوی له‌ ده‌ستشۆرێكی كرد و ده‌ستی به‌ شوشتنی پێی قوتابییه‌كان كرد و به‌و خاولییه‌ی به‌ ناوقه‌دیه‌وه‌ به‌ستبووی ده‌یسڕییه‌وه‌. كاتێ گه‌یشته‌ لای شیمعون په‌تڕۆس، شیمعون پێی وت: “گه‌وره‌م، تۆ پێی من ده‌شۆیت!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئێستا ئه‌مه‌ی ده‌یكه‌م تێناگه‌یت، به‌ڵام دواتر تێده‌گه‌یت”. په‌تڕۆس پێی وت: “هه‌رگیز پێم ناشۆیت!”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌گه‌ر نه‌تشۆم، له‌گه‌ڵ من به‌شت نابێت”. جا شیمعون په‌تڕۆس پێی وت: “گه‌وره‌م، ته‌نها پێم نا، به‌ڵكو ده‌ست و سه‌ریشم!” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی خۆی شوشتبێت ته‌نها پێویستی به‌ پێ شوشتن هه‌یه‌، هه‌مووی بێگه‌رده‌. ئێوه‌ش بێگه‌ردن به‌ڵام هه‌مووتان نا”. چونكه‌ ده‌یزانی كێ ڕاده‌ستی ده‌كات، بۆیه‌ فه‌رمووی: “هه‌مووتان بێگه‌رد نین”. كه‌ پێیانی شوشت، كراسه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و دانیشته‌وه‌، پێی فه‌رموون: “ئایا له‌وه‌ی بۆم كردن تێگه‌یشتن؟ ئێوه‌ به‌ ڕابی و گه‌وره‌ بانگم ده‌كه‌ن و ڕاست ده‌كه‌ن، چونكه‌ وام. جا كه‌ من گه‌وره‌ و ڕابیم و پێم شوشتن، ئێوه‌ش له‌سه‌رتانه‌ پێی یه‌كتری بشۆن. چونكه‌ نموونه‌یه‌كم پێدان تاكو ئه‌وه‌ی من بۆم كردن ئێوه‌ش بیكه‌ن. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كۆیله‌ له‌ گه‌وره‌كه‌ی مه‌زنتر نییه‌، په‌یامبه‌ریش له‌وه‌ی ناردوویه‌تی مه‌زنتر نییه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تان زانی، به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وتان كرد. باسی هه‌مووتان ناكه‌م. ئه‌وانه‌ی هه‌ڵمبژاردوون ده‌یانناسم، به‌ڵام تاكو نووسراوه‌كه‌ بێته‌ دی: {ئه‌وه‌ی نانم له‌گه‌ڵ ده‌خوات، لێم هه‌ڵگه‌ڕا} . له‌ ئێستاوه‌ پێتان ده‌ڵێم پێش ڕوودانی، تاكو كاتێ ڕوویدا، باوه‌ڕ بهێنن كه‌ من ئه‌وم. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ بكات كه‌ من ده‌ینێرم، ئه‌وا په‌سه‌ندی من ده‌كات، ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی من بكات، په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناردوومی”. كاتێ ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، له‌ ڕووحدا شڵه‌ژا و گه‌واهیی دا و فه‌رمووی: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان ڕاده‌ستم ده‌كات!”. قوتابییه‌كان سه‌یری یه‌كتریان ده‌كرد و دڵنیا نه‌بوون مه‌به‌ستی كێیه‌. یه‌كێک له‌ قوتابییه‌كان كه‌ ئیشۆع خۆشیده‌ویست له‌ باوه‌شیدا پاڵیدابووه‌وه‌، شیمعون په‌تڕۆس ئاماژه‌ی بۆ كرد تاكو پرس بكات مه‌به‌ستی له‌ كێیه‌. ئه‌ویش شانی به‌سه‌ر سینگی ئیشۆعدا دا و پێی وت: “گه‌وره‌م، كێیه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاروو ده‌ژه‌نم و ده‌یده‌مێ!”. ئینجا پارووه‌كه‌ی ژه‌نی و دایه‌ ئیهوودای شیمعونی ئه‌سخه‌ریوتی. پاش پارووه‌كه‌، شه‌یتان چووه‌ نێویه‌وه‌. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌یت خێرا بیكه‌”. له‌وانه‌ی دانیشتبوون كه‌سیان تێنه‌گه‌یشت بۆچی ئه‌مه‌ی پێ فه‌رموو، چونكه‌ چه‌مه‌دانی پاره‌ش له‌لای ئیهوودا بوو، هه‌ندێكیان وایانزانی پێی ده‌فه‌رمووێ: چیمان پێویسته‌ بۆ جه‌ژن بیكڕه‌، یان شتێک بداته‌ هه‌ژاران. ئه‌ویش كه‌ پارووه‌كه‌ی وه‌رگرت یه‌كسه‌ر ده‌رچوو. شه‌ویش بوو. كاتێ ده‌رچوو، ئیشۆع فه‌رمووی: “ئێستا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ شكۆدار كرا و خوداش تیایدا شكۆدار كرا. جا ئه‌گه‌ر خودا تیایدا شكۆدار كرا، خوداش له‌ خۆیدا شكۆداری ده‌كات، خێراش شكۆداری ده‌كات. ڕۆڵه‌كانم، ماوه‌یه‌كی كورته‌ له‌گه‌ڵتانم. جا به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێن، وه‌ک به‌ جووه‌كانم وت، ئێستا به‌ ئێوه‌شی ده‌ڵێم: ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم. ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان ده‌ده‌مێ: یه‌كتریتان خۆشبووێ. وه‌ک خۆشمویستن، ئێوه‌ش یه‌كتریتان خۆشبووێ. به‌مه‌ هه‌مووان ده‌زانن كه‌ قوتابیی منن، ئه‌گه‌ر یه‌كترتان خۆشبووێ. شیمعون په‌تڕۆسیش پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆ كوێ ده‌ڕۆیت؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌و شوێنه‌ی بۆی ده‌ڕۆم، ئێستا ناتوانیت دوام بكه‌ویت، به‌ڵام دواتر دوام ده‌كه‌ویت”. په‌تڕۆس پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆچی ئێستا ناتوانم دوات بكه‌وم؟ ژیانم بۆ تۆ داده‌نێم”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ژیانت بۆ من داده‌نێیت؟ ڕه‌وا ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: تا كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت!

یۆحەنا 1:13-38 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پێش جەژنی پەسخە، عیسا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە، جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشی دەویستن، هەتا ئەوپەڕی خۆشویستن. ژەمی ئێوارە بوو، شەیتان خستبوویە دڵی یەهوزای ئەسخەریوتی کوڕی شیمۆن، کە عیسا بەدەستەوە بدات. عیساش کە دەیزانی باوک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەستی، هەروەها لە خوداوە هاتووە و بۆ خوداش دەگەڕێتەوە، لەسەر خوان هەستا و کەواکەی داکەند و خاولییەکی هەڵگرت و لە ناوقەدی بەست. پاشان عیسا ئاوی کردە ناو لەگەنێک و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکان کرد و بەو خاولییەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیانی دەسڕییەوە. کاتێک گەیشتە سەر شیمۆن پەترۆس، شیمۆن پێی گوت: «گەورەم تۆ پێی من دەشۆیت؟» عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموو: «ئەمەی ئێستا دەیکەم تۆ لێی تێیناگەیت، بەڵام دواتر تێیدەگەیت.» پەترۆس پێی گوت: «هەرگیز پێم ناشۆیت.» عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر پێت نەشۆم، لەگەڵ من بەشت نابێت.» جا شیمۆن پەترۆس پێی گوت: «گەورەم، تەنها پێم نا، بەڵکو دەست و سەریشم!» عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، تەواوی جەستەی پاکە. ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا.» عیسا فەرمووی: «هەمووتان پاک نین،» چونکە دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات. پاش شوشتنی پێیان کەواکەی خستەوە سەر شانی و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟ ئێوە بە ”مامۆستا“ و ”گەورە“ بانگم دەکەن و ڕاست دەکەن، چونکە من وام. جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن. من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی زیاتر نییە. ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد. «باسی هەمووتان ناکەم. ئەوانەی هەڵمبژاردوون دەیانناسم، بەڵام تاکو ئەوەی لە نووسراوە پیرۆزەکە هاتووە بێتە دی: ﴿ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد‏.﴾ «لە ئێستاوە پێتان دەڵێم پێش ئەوەی ڕووبدات، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بکەن کە من ئەوم. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی پێشوازی لەوە بکات کە دەینێرم، ئەوا پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی.» کاتێک عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆحی خەمبار بوو و شایەتی دا: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.» قوتابییەکان سەیری یەکتریان دەکرد و دڵنیا نەبوون مەبەستی لە کێیە. یەکێک لە قوتابییەکان کە عیسا خۆشی دەویست لەتەنیشتی پاڵیدابووەوە، شیمۆن پەترۆس ئاماژەی بۆ کرد تاکو پرسیار لە عیسا بکات کە مەبەستی لە کێیە. ئەویش شانی دا بەسەر سنگی عیسادا و پێی گوت: «گەورەم، کێیە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەو کەسەیە کە ئەم پارووە نانە لە قاپەکە هەڵدەکێشم و دەیدەمێ.» ئینجا پارووەکەی لە قاپەکە هەڵکێشا و دای بە یەهوزای کوڕی شیمۆنی ئەسخەریوتی. هەرکە پارووەکەی وەرگرت، شەیتان چووە ناویەوە. عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی بەتەمای بیکەیت، خێرا بیکە.» هیچ کەسێک لەوانەی لەسەر خوانەکە لەگەڵی دانیشتبوون تێنەگەیشتن بۆچی عیسا ئەمەی پێ فەرموو. هەندێکیان وایانزانی عیسا پێی دەفەرموێ کە چییان پێویستە بۆ جەژن بیکڕێت، یان شتێک بداتە هەژاران، چونکە سندوقی پارەکە لەلای یەهوزا بوو. ئەویش کە پارووەکەی وەرگرت یەکسەر چووە دەرەوە. ئەو کاتە شەو بوو. کاتێک چووە دەرەوە، عیسا فەرمووی: «ئێستا کوڕی مرۆڤ شکۆدار کرا و خوداش تێیدا شکۆدار کرا. جا ئەگەر خودا تێیدا شکۆدار کرا، خوداش کوڕەکە لە خۆیدا شکۆدار دەکات، دەستبەجێ شکۆداری دەکات. «ڕۆڵەکانم، ماوەیەکی کورت لەگەڵتاندا دەبم. جا بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام وەک چۆن بە جولەکەکانم گوت، ئێستا بە ئێوەشی دەڵێم: ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من بۆی دەچم. «من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێ. وەک خۆشمویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێ. بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.» شیمۆن پەترۆسیش لێی پرسی: «گەورەم، بۆ کوێ دەچیت؟» عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەو شوێنەی بۆی دەچم، ئێستا ناتوانیت دوامبکەویت، بەڵام دواتر دوام دەکەویت.» دیسان پەترۆس لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی ئێستا ناتوانم دواتبکەوم؟ ژیانم بۆ تۆ دادەنێم.» عیسا وەڵامی دایەوە: «ژیانت بۆ من دادەنێیت؟ ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت!