لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 35:12-46

یۆحەنا 35:12-46 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕووناكییه‌كه‌ كاتێكی كه‌م له‌گه‌ڵتانه‌. ئینجا تا ئه‌وه‌ی ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ ڕێ بكه‌ن نه‌وه‌ک تاریكیتان به‌سه‌ردا بێت. ئه‌وه‌ی به‌ تاریكیدا ڕێ ده‌كات نازانێ بۆ كوێ ده‌ڕوات. تاوه‌كو ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ باوه‌ڕ به‌ ڕووناكییه‌كه‌ بهێنن، تاكو ببنه‌ ڕۆڵه‌ی ڕووناكییه‌كه‌”. ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، ڕۆیشت و لێیان شاردرایه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ زۆر په‌رجوی له‌به‌رده‌میان كرد، باوه‌ڕیان پێ نه‌هێنا، تاكو فه‌رمووده‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ر بێته‌ دی كه‌ فه‌رمووی: {ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كێ باوه‌ڕی به‌ په‌یامه‌كه‌مان كرد؟ بازووی په‌روه‌ردگار بۆ كێ ده‌ركه‌وت؟} بۆیه‌ نه‌یانتوانی باوه‌ڕ بهێنن، چونكه‌ ئێشه‌عیا فه‌رموویه‌تی: {چاویانی كوێر و دڵیانی ڕه‌ق كردبوو، نه‌وه‌ک به‌ چاویان ببینن و به‌ دڵیان تێبگه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ و منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌} . ئێشه‌عیا ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، كاتێ شكۆی ئه‌وی بینی و باسی كرد. هه‌رچه‌نده‌ زۆر له‌ سه‌رۆكه‌كانیش باوه‌ڕیان پێی هێنا، به‌ڵام له‌به‌ر په‌ڕیشییه‌كان ڕایاننه‌ده‌گه‌یاند نه‌وه‌ک له‌ كه‌نیشت ده‌ربكرێن، چونكه‌ زیاتر حه‌زیان له‌ شكۆی خه‌ڵكی بوو نه‌ک شكۆی خودا. ئیشۆعیش هاواری كرد و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، باوه‌ڕ به‌ من ناهێنێ، به‌ڵكو به‌وه‌ی ناردوومی، ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌مبینێت، ئه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ ناردوومی. من وه‌ک ڕووناكی هاتوومه‌ته‌ جیهان، تاكو هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕم پێ بهێنێت له‌ تاریكیدا نه‌مێنێته‌وه‌.

یۆحەنا 35:12-46 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات. باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە. هەرچەندە زۆر پەرجووی لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا، تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی: ﴿ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟﴾ لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی: ﴿چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەقکردووە، بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن، نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە.﴾ ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆی ئەوی بینی و باسی کرد. هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان پێی هێنا، بەڵام لەبەر فەریسییەکان ڕایاننەدەگەیاند نەوەک لە کەنیشت دەربکرێن، چونکە شکۆی خەڵکیان لە شکۆی خودا زیاتر خۆشدەویست. ئینجا عیسا بە دەنگی بەرز فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی، ئەوەش کە دەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی. من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، تاکو هەرکەسێک باوەڕم پێ بهێنێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە.