لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 38:11-57

یۆحەنا 38:11-57 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دیسان ئیشۆع له‌ ناخه‌وه‌ كاری تێكرد و هاته‌ لای گۆڕه‌كه‌، كه‌ ئه‌شكه‌وتێک بوو به‌ردێكی پێوه‌ نرابوو. ئیشۆع فه‌رمووی: “به‌رده‌كه‌ لاده‌ن”. مه‌رتای خوشكی مردووه‌كه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆنی كردووه‌، چونكه‌ چوار ڕۆژه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌ی پێم نه‌ووتی: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ بهێنیت شكۆی خودا ده‌بینیت؟” ئه‌وسا به‌رده‌كه‌یان لابرد، ئیشۆعیش چاوی هه‌ڵبڕیه‌ سه‌ره‌وه‌ و فه‌رمووی: “باوكه‌، سوپاست ده‌كه‌م كه‌ گوێت لێ گرتم. زانیم كه‌ تۆ هه‌میشه‌ گوێم لێ ده‌گریت. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌م ناوه‌ ڕاوه‌ستاون ئه‌مه‌م وت، تاكو باوه‌ڕ بهێنن كه‌ تۆ منت ناردووه‌”. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “له‌عازه‌ڕ، وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!” ئه‌وسا مردووه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ست و قاچی به‌ كفن به‌سترابوو، ڕووشی به‌ ده‌سماڵێک پێچرابوو. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “بیكه‌نه‌وه‌، با بڕوات”. زۆر له‌ جووه‌كان، كه‌ بۆ لای مه‌ریه‌م هاتبوون، كاتێ ئه‌وه‌یان بینی كه‌ ئیشۆع كردی، باوه‌ڕیان پێی هێنا. به‌ڵام هه‌ندێكیان چوونه‌ لای په‌ڕیشییه‌كان و ئه‌وه‌ی ئیشۆع كردبووی پێیان وتن. بۆیه‌ كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان سه‌نهه‌دریمیان كۆكرده‌وه‌. وتیان: “چی بكه‌ین؟ چونكه‌ ئه‌م پیاوه‌ په‌رجوی زۆر ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئاوا لێیگه‌ڕێین هه‌مووان باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن، جا ڕۆمانییه‌كان دێن، شوێن و نه‌ته‌وه‌مان ده‌به‌ن”. یه‌كێک له‌وان، كه‌ قه‌یاپایه‌، ئه‌و ساڵه‌ كاهینی باڵا بوو، پێی وتن: “ئێوه‌ هیچ نازانن، تێناگه‌ن، باشتر وایه‌ بۆتان پیاوێک له‌ جیاتی گه‌ل بمرێت، له‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ هه‌مووی له‌ناوبچێت!”. ئه‌و له‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌مه‌ی نه‌ووت، به‌ڵكو له‌و ساڵه‌دا كاهینی باڵا بوو، پێشبینیی كردبوو كه‌ ئیشۆع خه‌ریكه‌ له‌ جیاتی نه‌ته‌وه‌ ده‌مرێت، نه‌ک ته‌نها له‌ جیاتی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌، به‌ڵكو تاكو ڕۆڵه‌كانی خوداش كه‌ په‌رته‌وازه‌ بوونه‌ بۆ یه‌ک كۆبكاته‌وه‌. ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ ڕاوێژیان كرد بیكوژن. بۆیه‌ چیتر ئیشۆع به‌ ئاشكرا به‌ نێو جووه‌كاندا نه‌ده‌گه‌ڕا، به‌ڵكو له‌وێوه‌ چووه‌ ناوچه‌كانی نزیک چۆڵه‌وانی، بۆ شارێک ناوی ئه‌فڕایم بوو، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی له‌وێ مایه‌وه‌. جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوو نزیک بوو، زۆر كه‌س له‌ گونده‌كانه‌وه‌ پێش په‌سخه‌ بۆ یروشلایم سه‌ركه‌وتن تاكو خۆیان بێگه‌رد بكه‌نه‌وه‌. جا داوای ئیشۆعیان ده‌كرد، له‌ په‌رستگا ڕاوه‌ستابوون به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ڕاتان چییه‌؟ نایه‌ته‌ جه‌ژن؟” كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كانیش فه‌رمانیان ده‌ركردبوو ئه‌گه‌ر یه‌كێک بزانێت ئه‌و له‌كوێیه‌، ده‌بێت ئاشكرای بكات، تاكو بیگرن.

یۆحەنا 38:11-57 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دیسان عیسا لە ناخەوە خەم دایگرت و هاتە لای گۆڕەکە کە ئەشکەوتێک بوو دەمەکەی بەردێکی پێوەنرابوو. عیسا فەرمووی: «بەردەکە لادەن.» مەرسای خوشکی مردووەکە پێی گوت: «گەورەم، بۆنی کردووە، چونکە چوار ڕۆژە.» عیساش پێی فەرموو: «ئەی پێم نەگوتی ئەگەر باوەڕ بکەیت شکۆی خودا دەبینیت؟» ئەوسا بەردەکەیان لابرد، عیساش چاوی هەڵبڕی بۆ ئاسمان و فەرمووی: «باوکە، سوپاست دەکەم کە گوێت لێ گرتم. دەمزانی کە تۆ هەمیشە گوێم لێ دەگریت. بەڵام لەبەر ئەو خەڵکەی لەم ناوە ڕاوەستاون ئەمەم گوت، تاکو باوەڕ بکەن کە تۆ منت ناردووە.» کە ئەمەی فەرموو، بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەعازر وەرە دەرەوە!» ئەوسا مردووەکە هاتە دەرەوە، دەست و قاچی بە کفن بەسترابوو، ڕووشی بە دەسماڵێک پێچرابوو. عیساش پێی فەرموون: «بیکەنەوە، بهێڵن با بڕوا.» لەبەر ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان کە بۆ لای مریەم هاتبوون و ئەمەیان بینی کە عیسا کردی، باوەڕیان پێی هێنا. بەڵام هەندێکیان چوونە لای فەریسییەکان و ئەوەی عیسا کردبووی پێیان ڕاگەیاندن. لەبەر ئەوە کاهینانی باڵا و فەریسییەکان ئەندامانی ئەنجومەنی باڵایان کۆکردەوە. گوتیان: «چی بکەین؟ چونکە ئەم پیاوە پەرجووی زۆر دەکات. ئەگەر بەم شێوەیە لێیگەڕێین هەموو خەڵکەکە باوەڕی پێ دەهێنن، ڕۆمانییەکانیش دێن، پەرستگاکەمان دەڕووخێنن و نەتەوەکەمان ڕاپێچ دەکەن.» یەکێک لەوان، بە ناوی قەیافا، ئەو ساڵە سەرۆکی کاهینان بوو، پێی گوتن: «ئێوە هیچ نازانن! تێناگەن کە باشترە بۆتان پیاوێک لە جیاتی گەل بمرێت، لەوەی کە گەل هەمووی لەناوبچێت.» ئەو لە خۆیەوە ئەمەی نەگوت، بەڵکو لەو ساڵەدا سەرۆکی کاهینان بوو، پێشبینیی کرد کە عیسا لە جیاتی گەل دەمرێت، نەک تەنها لە جیاتی ئەو گەلە، بەڵکو تاکو ڕۆڵەکانی خودا کە پەرتەوازە بوون کۆبکاتەوە و یەکیانبخاتەوە. ئیتر لەو ڕۆژەوە پیلانی کوشتنیان داڕشت. لەبەر ئەوە چیتر عیسا بە ئاشکرا بەناو خەڵکی یەهودیادا نەدەگەڕا، بەڵکو لەوێوە چووە ناوچەکانی نزیک چۆڵەوانی، بۆ شارێک ناوی ئەفرایم بوو، لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ مایەوە. لەو کاتەدا جەژنی پەسخەی جولەکەکان نزیک بوو، زۆر کەس لە گوندەکانەوە پێش جەژن بۆ ئۆرشەلیم هاتبوون تاکو خۆیان پاک بکەنەوە. جا بە دوای عیسادا دەگەڕان، هەروەها کاتێک لە حەوشەکانی پەرستگا ڕاوەستابوون بە یەکتریان دەگوت: «ڕاتان چییە؟ ئایا بۆ جەژن نایەت؟» کاهینانی باڵا و فەریسییەکانیش فەرمانیان دەرکردبوو ئەگەر هەرکەسێک بزانێت ئەو لەکوێیە، دەبێت ئاشکرای بکات، تاکو بیگرن.