لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 21:11-57

یۆحەنا 21:11-57 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئینجا مه‌رتا به‌ ئیشۆعی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد! به‌ڵام من ئێستاش ده‌زانم هه‌رچی له‌ خودا داوا بكه‌یت، خودا ده‌تداتێ”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “براكه‌ت هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. مه‌رتاش پێی وت: “ده‌زانم له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ڕۆژی دوایی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “منم هه‌ستانه‌وه‌ و ژیان. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌گه‌ر بشمرێت ده‌ژیێته‌وه‌. هه‌ر كه‌سێكیش كه‌ زیندووه‌ و باوه‌ڕم پێ بهێنێت تاهه‌تایه‌ نامرێت. باوه‌ڕ به‌مه‌ ده‌كه‌یت؟” پێی وت: “به‌ڵێ گه‌وره‌م. باوه‌ڕم هێناوه‌ كه‌ تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، ڕۆڵه‌ی خودای، ئه‌وه‌ی بۆ جیهان دێت”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، چوو مه‌ریه‌می خوشكی بانگكرد و به‌ نهێنی وتی: “ڕابی هاتووه‌، بانگت ده‌كات”. ئه‌ویش كه‌ ئه‌مه‌ی بیست خێرا هه‌ستا و هاته‌ لای. ئیشۆع هێشتا نه‌هاتبووه‌ نێو گونده‌كه‌، به‌ڵكو له‌و شوێنه‌ بوو كه‌ مه‌رتای لێ بینی. ئه‌و جووانه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵی بوون و دڵنه‌واییان ده‌كرد، بینییان مه‌ریه‌م خێرا هه‌ستا و چووه‌ ده‌ره‌وه‌، دوای كه‌وتن و وتیان: “دیاره‌ ده‌چێته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ تاكو له‌وێ بگریێت”. كاتێ مه‌ریه‌م گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌ی ئیشۆعی لێبوو و ئه‌وی بینی، به‌سه‌ر پێیدا كه‌وت و پێی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد”. ئیشۆعیش كه‌ بینی ده‌گریێت و ئه‌و جووانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون ده‌گریێن، كاری له‌ ڕووحی كرد و په‌شۆكا، فه‌رمووی: “له‌كوێتان داناوه‌؟” پێیان وت: “گه‌وره‌م، وه‌ره‌ و ببینه‌”. ئیشۆع گریا. جووه‌كانیش وتیان: “سه‌یركه‌ن چه‌ند خۆشیده‌ویست!” هه‌ندێكیان وتیان: “ئه‌مه‌ كه‌ چاوی نابیناكه‌ی كرده‌وه‌، ئایا نه‌یده‌توانی وای بكردایه‌ ئه‌میش نه‌مردایه‌؟”. دیسان ئیشۆع له‌ ناخه‌وه‌ كاری تێكرد و هاته‌ لای گۆڕه‌كه‌، كه‌ ئه‌شكه‌وتێک بوو به‌ردێكی پێوه‌ نرابوو. ئیشۆع فه‌رمووی: “به‌رده‌كه‌ لاده‌ن”. مه‌رتای خوشكی مردووه‌كه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆنی كردووه‌، چونكه‌ چوار ڕۆژه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌ی پێم نه‌ووتی: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ بهێنیت شكۆی خودا ده‌بینیت؟” ئه‌وسا به‌رده‌كه‌یان لابرد، ئیشۆعیش چاوی هه‌ڵبڕیه‌ سه‌ره‌وه‌ و فه‌رمووی: “باوكه‌، سوپاست ده‌كه‌م كه‌ گوێت لێ گرتم. زانیم كه‌ تۆ هه‌میشه‌ گوێم لێ ده‌گریت. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌م ناوه‌ ڕاوه‌ستاون ئه‌مه‌م وت، تاكو باوه‌ڕ بهێنن كه‌ تۆ منت ناردووه‌”. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “له‌عازه‌ڕ، وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!” ئه‌وسا مردووه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ست و قاچی به‌ كفن به‌سترابوو، ڕووشی به‌ ده‌سماڵێک پێچرابوو. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “بیكه‌نه‌وه‌، با بڕوات”. زۆر له‌ جووه‌كان، كه‌ بۆ لای مه‌ریه‌م هاتبوون، كاتێ ئه‌وه‌یان بینی كه‌ ئیشۆع كردی، باوه‌ڕیان پێی هێنا. به‌ڵام هه‌ندێكیان چوونه‌ لای په‌ڕیشییه‌كان و ئه‌وه‌ی ئیشۆع كردبووی پێیان وتن. بۆیه‌ كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان سه‌نهه‌دریمیان كۆكرده‌وه‌. وتیان: “چی بكه‌ین؟ چونكه‌ ئه‌م پیاوه‌ په‌رجوی زۆر ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئاوا لێیگه‌ڕێین هه‌مووان باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن، جا ڕۆمانییه‌كان دێن، شوێن و نه‌ته‌وه‌مان ده‌به‌ن”. یه‌كێک له‌وان، كه‌ قه‌یاپایه‌، ئه‌و ساڵه‌ كاهینی باڵا بوو، پێی وتن: “ئێوه‌ هیچ نازانن، تێناگه‌ن، باشتر وایه‌ بۆتان پیاوێک له‌ جیاتی گه‌ل بمرێت، له‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ هه‌مووی له‌ناوبچێت!”. ئه‌و له‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌مه‌ی نه‌ووت، به‌ڵكو له‌و ساڵه‌دا كاهینی باڵا بوو، پێشبینیی كردبوو كه‌ ئیشۆع خه‌ریكه‌ له‌ جیاتی نه‌ته‌وه‌ ده‌مرێت، نه‌ک ته‌نها له‌ جیاتی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌، به‌ڵكو تاكو ڕۆڵه‌كانی خوداش كه‌ په‌رته‌وازه‌ بوونه‌ بۆ یه‌ک كۆبكاته‌وه‌. ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ ڕاوێژیان كرد بیكوژن. بۆیه‌ چیتر ئیشۆع به‌ ئاشكرا به‌ نێو جووه‌كاندا نه‌ده‌گه‌ڕا، به‌ڵكو له‌وێوه‌ چووه‌ ناوچه‌كانی نزیک چۆڵه‌وانی، بۆ شارێک ناوی ئه‌فڕایم بوو، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی له‌وێ مایه‌وه‌. جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوو نزیک بوو، زۆر كه‌س له‌ گونده‌كانه‌وه‌ پێش په‌سخه‌ بۆ یروشلایم سه‌ركه‌وتن تاكو خۆیان بێگه‌رد بكه‌نه‌وه‌. جا داوای ئیشۆعیان ده‌كرد، له‌ په‌رستگا ڕاوه‌ستابوون به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ڕاتان چییه‌؟ نایه‌ته‌ جه‌ژن؟” كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كانیش فه‌رمانیان ده‌ركردبوو ئه‌گه‌ر یه‌كێک بزانێت ئه‌و له‌كوێیه‌، ده‌بێت ئاشكرای بكات، تاكو بیگرن.

یۆحەنا 21:11-57 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا مەرسا بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد. ئێستاش دەزانم هەرچی لە خودا داوا بکەیت، خودا دەتداتێ.» عیسا پێی فەرموو: «براکەت زیندوو دەبێتەوە.» مەرساش پێی گوت: «دەزانم لە زیندووبوونەوەی ڕۆژی دواییدا هەڵدەستێتەوە.» عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم. باوەڕم هێناوە کە تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای، ئەوەی بۆ جیهان دێت.» پاشان کە ئەمەی گوت، چوو مریەمی خوشکی بانگکرد و بە نهێنی گوتی: «مامۆستا لێرەیە، بانگت دەکات.» ئەویش کە ئەمەی بیست خێرا هەستا و هاتە لای. عیسا هێشتا نەهاتبووە ناو گوندەکە، بەڵکو لەو شوێنە بوو کە مەرسای لێ بینی. ئەو جولەکانەی لە ماڵەوە لەگەڵی بوون و دڵنەواییان دەکرد، بینییان مریەم خێرا هەستا و چووە دەرەوە، دوای کەوتن، وایانزانی دەچێتە سەر گۆڕەکە تاکو لەوێ بگریێت. کاتێک مریەم گەیشتە ئەو شوێنەی عیسای لێبوو و ئەوی بینی، بەسەر پێیدا کەوت و پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد.» عیساش کە بینی دەگریێت و ئەو جولەکانەش کە لەگەڵی هاتبوون دەگریێن، کاری لە ڕۆحی کرد و خەمبار بوو، لێی پرسین: «لەکوێتان داناوە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، وەرە و ببینە.» جا عیسا گریا. لەبەر ئەوە جولەکەکان گوتیان: «سەیر بکەن، چەندی خۆشدەویست!» بەڵام هەندێکیان گوتیان: «ئەمە کە چاوی نابیناکەی چاک کردەوە، ئایا نەیدەتوانی وای بکردایە ئەمیش نەمردایە؟» دیسان عیسا لە ناخەوە خەم دایگرت و هاتە لای گۆڕەکە کە ئەشکەوتێک بوو دەمەکەی بەردێکی پێوەنرابوو. عیسا فەرمووی: «بەردەکە لادەن.» مەرسای خوشکی مردووەکە پێی گوت: «گەورەم، بۆنی کردووە، چونکە چوار ڕۆژە.» عیساش پێی فەرموو: «ئەی پێم نەگوتی ئەگەر باوەڕ بکەیت شکۆی خودا دەبینیت؟» ئەوسا بەردەکەیان لابرد، عیساش چاوی هەڵبڕی بۆ ئاسمان و فەرمووی: «باوکە، سوپاست دەکەم کە گوێت لێ گرتم. دەمزانی کە تۆ هەمیشە گوێم لێ دەگریت. بەڵام لەبەر ئەو خەڵکەی لەم ناوە ڕاوەستاون ئەمەم گوت، تاکو باوەڕ بکەن کە تۆ منت ناردووە.» کە ئەمەی فەرموو، بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەعازر وەرە دەرەوە!» ئەوسا مردووەکە هاتە دەرەوە، دەست و قاچی بە کفن بەسترابوو، ڕووشی بە دەسماڵێک پێچرابوو. عیساش پێی فەرموون: «بیکەنەوە، بهێڵن با بڕوا.» لەبەر ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان کە بۆ لای مریەم هاتبوون و ئەمەیان بینی کە عیسا کردی، باوەڕیان پێی هێنا. بەڵام هەندێکیان چوونە لای فەریسییەکان و ئەوەی عیسا کردبووی پێیان ڕاگەیاندن. لەبەر ئەوە کاهینانی باڵا و فەریسییەکان ئەندامانی ئەنجومەنی باڵایان کۆکردەوە. گوتیان: «چی بکەین؟ چونکە ئەم پیاوە پەرجووی زۆر دەکات. ئەگەر بەم شێوەیە لێیگەڕێین هەموو خەڵکەکە باوەڕی پێ دەهێنن، ڕۆمانییەکانیش دێن، پەرستگاکەمان دەڕووخێنن و نەتەوەکەمان ڕاپێچ دەکەن.» یەکێک لەوان، بە ناوی قەیافا، ئەو ساڵە سەرۆکی کاهینان بوو، پێی گوتن: «ئێوە هیچ نازانن! تێناگەن کە باشترە بۆتان پیاوێک لە جیاتی گەل بمرێت، لەوەی کە گەل هەمووی لەناوبچێت.» ئەو لە خۆیەوە ئەمەی نەگوت، بەڵکو لەو ساڵەدا سەرۆکی کاهینان بوو، پێشبینیی کرد کە عیسا لە جیاتی گەل دەمرێت، نەک تەنها لە جیاتی ئەو گەلە، بەڵکو تاکو ڕۆڵەکانی خودا کە پەرتەوازە بوون کۆبکاتەوە و یەکیانبخاتەوە. ئیتر لەو ڕۆژەوە پیلانی کوشتنیان داڕشت. لەبەر ئەوە چیتر عیسا بە ئاشکرا بەناو خەڵکی یەهودیادا نەدەگەڕا، بەڵکو لەوێوە چووە ناوچەکانی نزیک چۆڵەوانی، بۆ شارێک ناوی ئەفرایم بوو، لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ مایەوە. لەو کاتەدا جەژنی پەسخەی جولەکەکان نزیک بوو، زۆر کەس لە گوندەکانەوە پێش جەژن بۆ ئۆرشەلیم هاتبوون تاکو خۆیان پاک بکەنەوە. جا بە دوای عیسادا دەگەڕان، هەروەها کاتێک لە حەوشەکانی پەرستگا ڕاوەستابوون بە یەکتریان دەگوت: «ڕاتان چییە؟ ئایا بۆ جەژن نایەت؟» کاهینانی باڵا و فەریسییەکانیش فەرمانیان دەرکردبوو ئەگەر هەرکەسێک بزانێت ئەو لەکوێیە، دەبێت ئاشکرای بکات، تاکو بیگرن.