لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 22:10-40

یۆحەنا 22:10-40 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

زستان بوو و له‌ یروشلایم جه‌ژنی ته‌رخانكردن بوو، ئیشۆعیش له‌ په‌رستگادا له‌ هه‌یوانی شلیمون پیاسه‌ی ده‌كرد. جووه‌كان لێی كۆبوونه‌وه‌ و پێیان وت: “تا كه‌ی به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌مانهێڵیته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، به‌ ئاشكرا پێمان بڵێ”. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “من پێم وتن به‌ڵام باوه‌ڕ ناهێنن. ئه‌و كارانه‌ی به‌ ناوی باوكمه‌وه‌ ده‌یكه‌م، گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن. به‌ڵام باوه‌ڕ ناهێنن، چونكه‌ له‌ كاوڕه‌كانم نین وه‌كو پێم وتن. كاوڕه‌كانم گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرن، منیش ده‌یانناسم و دوامده‌كه‌ون، ژیانی جاویدانیان ده‌ده‌مێ و تاهه‌تایه‌ له‌ناو ناچن، كه‌سیش له‌ ده‌ستم نایانڕفێنێت. باوكم كه‌ به‌ منی داون له‌ هه‌مووان مه‌زنتره‌، كه‌سیش ناتوانێت له‌ ده‌ستی باوكم بیانڕفێنێت. من و باوک یه‌كین”. دیسان جووه‌كان به‌ردیان هه‌ڵگرت تاكو به‌ردبارانی بكه‌ن. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “زۆر كاری چاكم له‌لایه‌ن باوكه‌وه‌ پیشاندان، به‌هۆی كامیانه‌وه‌ به‌ردبارانم ده‌كه‌ن؟” جووه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “له‌به‌ر كردارێكی چاک به‌ردبارانت ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌هۆی كفره‌وه‌، چونكه‌ تۆ مرۆڤیت و خۆت ده‌كه‌یت به‌ خودا”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ئایا له‌ ته‌وراته‌كه‌تان نه‌نووسراوه‌: {من وتم ئێوه‌ خوداوه‌نده‌كانن} ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ به‌ خوداوه‌نده‌كان بانگ بكات كه‌ وشه‌ی خودا بۆ ئه‌وان هاتووه‌ و ناتوانرێت په‌رتووكه‌كه‌ بشكێندرێت چۆن ئه‌وه‌ی كه‌ باوک پارسای كردووه‌ و بۆ جیهانی ناردووه‌ ده‌ڵێن: كفر ده‌كات، چونكه‌ وتم: ڕۆڵه‌ی خودام؟ ئه‌گه‌ر كاره‌كانی باوكم ناكه‌م، باوه‌ڕم پێ مه‌هێنن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌یكه‌م، ئێوه‌ باوه‌ڕیشم پێ ناهێنن، باوه‌ڕ به‌و كارانه‌ بهێنن، تاكو بزانن و باوه‌ڕ بهێنن كه‌ باوک له‌ مندایه‌ و منیش له‌ باوكدام”. دیسان ویستیان بیگرن، به‌ڵام له‌ ده‌ستیان ده‌رچوو. ئینجا چووه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری یوردنه‌ن و له‌وێ مایه‌وه‌، له‌و شوێنه‌ی كه‌ یوخه‌ننه‌ن یه‌كه‌مجار عه‌مادی ده‌كرد.

یۆحەنا 22:10-40 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

زستان بوو و لە ئۆرشەلیم جەژنی هەنوکە بوو، عیساش لە حەوشەکانی پەرستگا لە ڕێڕەوە سەر داپۆشراوەکەی سلێمان پیاسەی دەکرد، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو. جولەکەکان لێی کۆبوونەوە و پێیان گوت: «هەتا کەی لە گومان دەمانهێڵیتەوە؟ ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت، بە ئاشکرا پێمان بڵێ.» عیسا وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن بەڵام باوەڕ ناکەن. ئەو کارانەی بە ناوی باوکمەوە دەیکەم، شایەتیم بۆ دەدەن. بەڵام ئێوە باوەڕ ناکەن، چونکە لە مەڕەکانم نین. مەڕەکانم گوێ لە دەنگم دەگرن، منیش دەیانناسم و ئەوانیش بەدوام دەکەون، ژیانی هەتاهەتاییان دەدەمێ و هەرگیز لەناو ناچن، کەسیش لە دەستم نایانڕفێنێت. باوکم کە بە منی داون لە هەمووان گەورەترە، کەسیش ناتوانێت لە دەستی باوک بیانڕفێنێت. من و باوک یەکین.» دیسان ئەو جولەکانەی بەرهەڵستی عیسایان دەکرد بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «زۆر کاری چاکم لەلایەن باوکەوە پیشاندان، بەهۆی کامیانەوە بەردبارانم دەکەن؟» جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «لەبەر کردارێکی چاک بەردبارانت ناکەین، بەڵکو بەهۆی کفرکردنتەوە، چونکە تۆ مرۆڤیت و خۆت دەکەیت بە خودا.» عیساش وەڵامی دانەوە: ‏«ئایا لە تەوراتەکەتان نەنووسراوە: ﴿من پێم گوتن: ”ئێوە خوداوەندەکانن“﴾؟ نووسراوە پیرۆزەکە هەمیشە ڕاستی دەفەرموێت. ئەگەر خودا ئەوانە بە ”خوداوەندەکان“ ناو بنێت کە وشەی خودایان بۆ هاتووەتە خوارەوە، ئیتر چۆن ئێوە بەوە دەڵێن کە باوک بۆ خۆی تەرخانی کردووە و ناردوویەتی بۆ جیهان: ”تۆ کفر دەکەیت،“ چونکە گوتم: ”من کوڕی خودام“؟ ئەگەر کارەکانی باوکم نەکەم، باوەڕم پێ مەکەن. بەڵام ئەگەر ئەو کارانە بکەم، هەرچەندە باوەڕیشم پێ ناکەن، باوەڕ بەو کارانە بکەن، تاکو بزانن و تێبگەن کە باوک لە مندایە و منیش لە باوکدام.» دیسان ویستیان بیگرن، بەڵام لە دەستیان دەربازی بوو. ئینجا عیسا چووەوە ئەوبەری ڕووباری ئوردون و لەوێ مایەوە، لەو شوێنەی کە یەحیا یەکەم جار خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.