لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 4:8-17

یەرمیا 4:8-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”ئایا کەسێک بکەوێت هەڵناستێتەوە؟ یان کەسێک هەڵبگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە؟ بۆچی ئەم گەلە هەڵگەڕایەوە؟ بۆچی خەڵکی ئۆرشەلیم بە بەردەوامی هەڵدەگەڕێنەوە؟ دەستیان بە فرتوفێڵ گرتووە، ڕەتیانکردەوە بگەڕێنەوە. بە ئاگاییەوە گوێم شل کرد، بەڵام ڕاستی ناڵێن. کەس نییە لە خراپەی خۆی پەشیمان بێتەوە و بڵێت: ’چیم کرد؟‘ هەریەکە و گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوەکەی خۆی، وەک ئەسپێکی بە تاو بۆ ناو جەنگ. تەنانەت لەقلەق لە ئاسمان کاتی خۆی دەزانێت، کۆتر و پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵەش کاتی هاتنی خۆیان ڕەچاو دەکەن، بەڵام گەلەکەی من نازانن یەزدان داوای چییان لێ دەکات. «”ئێوە چۆن دەڵێن: ’ئێمە داناین، چونکە فێرکردنی یەزدانمان لەلایە،‘ لە کاتێکدا پێنووسی درۆی مامۆستایانی تەورات بۆ درۆ دەستبەکار بوو؟ داناکان ڕیسوا دەبن، دەتۆقن و پێوە دەبن. ئەوەتا فەرمایشتی یەزدانیان ڕەتکردەوە، ئیتر چ داناییەکیان هەیە؟ لەبەر ئەوە ژنەکانیان دەدەمە خەڵکی دیکە، کێڵگەکانیان بەوانەی میراتگریانن، چونکە لە بچووکەوە هەتا گەورە هەموو پەرۆشی قازانجن، لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین هەموو ساختە دەکەن. برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و دەڵێن، ’ئاشتی، ئاشتی!‘ بەڵام ئاشتی نییە. ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟ نەخێر! شەرمەزار نەبوون، هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە. لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان، لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. یەزدان دەفەرموێت: «”دروێنەکەیان لێ دەبەم، نە ترێ بە مێوەوە دەمێنێت، نە هەنجیر بە دار هەنجیرەوە، گەڵاکانیش سیس دەبن. ئەوەی دەیاندەمێ لەلایان نامێنێت.“» «ئێمە بۆچی دانیشتووین؟ با کۆببینەوە! با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان و لەوێ لەناوبچین! یەزدانی پەروەردگارمان بڕیاری لەناوچوونی ئێمەی داوە، ئاوی ژەهراویمان دەرخوارد دەدات، لەبەر ئەوەی لە دژی یەزدان گوناهمان کرد. چاوەڕێی ئاشتی بووین، بەڵام چاکە نەبوو. چاوەڕێی کاتی چاکبوونەوە بووین، بەڵام ئەوەتا تۆقین. پڕمەی ئەسپەکانی ئەو لە دانەوە دەبیسترێت، لە دەنگی حیلەی ئەسپە بەهێزەکانی هەموو زەوی دەلەرزێت، جا هاتن بۆ ئەوەی بخۆن، زەوی و هەرچی تێیدایە، شار و دانیشتووانەکەی.» «ئاگاداربن، ماری ژەهراوی دەنێرمە سەرتان، کە نوشتەیان لێ ناکرێت، ئینجا پێتانەوە دەدەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

هاوبەشی بکە
یەرمیا 8 بخوێنەوە