لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 8:52-27

یەرمیا 8:52-27 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوای سدقیای پاشا کەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن، هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو، جا پاشایان بە دیل گرت. بردیانە لای پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد. هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد. پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد، بردی بۆ بابل و هەتا ڕۆژی مردنی لە بەندیخانە بەندی کرد. لە دەی مانگی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، ئەوەی خزمەتی پاشای بابلی دەکرد، هاتە ئۆرشەلیم. پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەموو ماڵەکانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەکانی سووتاند. شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلییەکانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون. جا لە ڕەشوڕووتی گەل و پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەکەدا مابوونەوە و ئەوانەی بۆ لای پاشای بابل هەڵاتبوون لەگەڵ پاشماوەی وەستاکان، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن. بەڵام نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەندێک لە خەڵکی ڕەشوڕووتی لە خاکەکە هێشتەوە بۆ کارکردن لە ڕەزەمێو و کێڵگەکان. کۆڵەکە بڕۆنزییەکان و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و حەوزە بڕۆنزییەکە کە لە پەرستگای یەزدان بوون، بابلییەکان پارچەپارچەیان کردن، هەموو بڕۆنزەکەشیان بۆ بابل بارکرد، هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز، مەقەست، تاس، قاپەکان و هەموو ئەو قاپوقاچاغە بڕۆنزانەی لە خزمەتی پەرستگا بەکاردەهات. فەرماندەی پاسەوانانی پاشا تەشت و بخووردان، تاس، مەنجەڵ، چرادان، چەمچە و پەرداخەکانی برد. هەموو ئەوەی کە بە زێڕ و زیو دروستکرابوو بردی. بڕۆنزی دوو کۆڵەکەکە و حەوزەکە و دوازدە گاکان کە لەژێر عەرەبانەکانی ئاو گواستنەوەدا بوون، ئەوەی سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، لە کێش نەدەهات. هەر کۆڵەکەیەک هەژدە باڵ درێژییەکەی بوو، چێوەکەی دوازدە باڵ بوو، ئەستووریشی چوار پەنجە بوو، کلۆر بوو. تاجێکی بڕۆنز لەسەر کۆڵەکەکە بوو، بەرزی تاجەکە پێنج باڵ بوو، کەتیبە و هەنارەکانیش لەسەر تاجەکە و لە چواردەوری هەمووی لە بڕۆنز بوون. بۆ هەر یەکێک لە کۆڵەکەکان هەمان شت هەبوو لەگەڵ هەنارەکان. نەوەد و شەش دانە هەنار لە دەوری هەر ستوونێک هەبوو، سەرجەمی هەنارەکان لەسەر هەر کەتیبەیەک لە چواردەوریدا سەد دانە بوون. فەرماندەکەی پاسەوانانی پاشا سەرایای سەرۆک کاهین و سەفەنیای کاهینی دووەم و سێ دەرگاوانەکەی گرت. لە شارەکەش ئەو ئەفسەرەی گرت کە لێپرسراوی جەنگاوەرەکان بوو، حەوت ڕاوێژکاری پاشاشی گرت. هەروەها خامەی نهێنی سوپاسالاری گرت ئەوەی بەرپرسی بە سەربازکردن بوو، لەگەڵ شەست پیاو کە لە شارەکە بەرچاو کەوتن. نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ئەوانەی بردە ڕیڤلە بۆ لای پاشای بابل. پاشای بابلیش لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات کوشتنی. ئینجا یەهودا لە خاکەکەی خۆی ڕاپێچ کرا.