لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 1:31-9

یەرمیا 1:31-9 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یەزدان دەفەرموێت: «لەو کاتەدا، دەبم بە خودای هەموو خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانیش دەبن بە گەلی من.» یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو گەلەی لە دەمی شمشێر دەربازبوون لە چۆڵەوانی میهرەبانییان دەستکەوت، کاتێک هاتم ئیسرائیل بحەوێنمەوە.» لە دێرزەمانەوە یەزدانمان بۆ دەرکەوتووە و دەفەرموێت: «بە خۆشویستنێکی هەتاهەتایی ئێوەم خۆشدەوێت، لەبەر ئەوە بەردەوامیم دا بە خۆشەویستی نەگۆڕم بۆ ئێوە. ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بنیادت دەنێمەوە، بنیاد دەنرێیتەوە. دووبارە دەفەکانت هەڵدەگریتەوە بۆ ناو سەمای بەزمگێڕان دەچیت. دووبارە ڕەزەمێو دەچێنیت لە چیاکانی سامیرە، ڕەزەوانەکان دەچێنن و بەرەکەی دەخۆن. ڕۆژێک دێت چاودێران لە شاخەکانی ئەفرایم بانگەواز دەکەن: ”وەرن، با بۆ سییۆن سەربکەوین، بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان.“» یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بە شادییەوە گۆرانی بۆ یاقوب بڵێن، هاواری خۆشی بکەن بۆ سەر باشترین نەتەوە. با ستایشتان ببیسترێت و بڵێن: ”ئەی یەزدان، گەلی خۆت ڕزگار بکە، پاشماوەکەی ئیسرائیل!“ ئەوەتا من لە خاکی باکوورەوە دەیانهێنمەوە، لە هەموو لایەکی زەوی کۆیان دەکەمەوە، لەنێویان شەل و نابینا دەبێت ژنی سکپڕ و ژانگرتوو پێکەوە، کۆمەڵێکی گەورە دەگەڕێنەوە بۆ ئێرە. بە گریانەوە دێن، لەو کاتەی دەیانگەڕێنمەوە دەپاڕێنەوە، بەلای ڕووبارە ئاوەکاندا دەیانبەم، بە ڕێگایەکی ڕاست، تێیدا ساتمە ناکەن و ناکەون، چونکە من باوکی ئیسرائیلم، ئەفرایم نۆبەرەمە.