لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 24:29-32

یەرمیا 24:29-32 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بە شەمەعیای نەحەلامی بڵێ: «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: تۆ بە ناوی خۆتەوە نامەت نارد بۆ هەموو ئەو گەلەی لە ئۆرشەلیمە و بۆ سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهین و بۆ هەموو کاهینەکان. بە سەفەنیات گوت: ”یەزدان تۆی لە جێگای یەهۆیاداعی کاهین کردووە بە کاهین، بۆ ئەوەی ببیتە سەرپەرشتیار بەسەر ماڵی یەزدانەوە، هەر پیاوێکی شێت کە خۆی وەک پێغەمبەر بنوێنێ بیخەیتە ناو کۆت و بەندەوە. ئەی بۆچی سەرزەنشتی یەرمیای عەناتۆتی ناکەیت کە خۆی وەک پێغەمبەر دەنوێنێ؟ پەیامێکی بۆ بابل بۆ ناردووین و دەڵێت: مانەوەتان درێژە دەکێشێت. جا بۆ خۆتان خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و لە بەروبوومەکەی بخۆن.“» سەفەنیای کاهینیش ئەم نامەیەی بۆ یەرمیای پێغەمبەر خوێندەوە. ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: «پەیامێک بۆ هەموو ڕاپێچکراوان بنێرە و بڵێ: ”یەزدان لەبارەی شەمەعیای نەحەلامییەوە ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی شمەعیا پێشبینیی بۆ کردن، منیش نەمناردووە، وای لێکردوون پشت بە درۆ ببەستن، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من سزای شەمەعیای نەحەلامی و وەچەکەی دەدەم. کەسی بۆ نامێنێتەوە لەناو ئەم گەلەدا دانیشێت، ئەو شتە باشانە نابینێت کە من بۆ گەلەکەی خۆمی دەکەم، چونکە جاڕی یاخیبوونی دا لە دژی من.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.