لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 16:23-29

یەرمیا 16:23-29 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێشبینیتان بۆ دەکەن، چونکە ئەوان تەفرەتان دەدەن. لە خەیاڵی بیری خۆیانەوە دەدوێن، نەک لەسەر زمانی یەزدانەوە. ئەوانەی سووکایەتی بە من دەکەن، دەڵێن، ”یەزدان دەفەرموێت، ئاشتیتان بۆ دەبێت.“ هەروەها هەموو ئەوانەی بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتوون، دەڵێن، ”خراپەتان بەسەرنایەت.“ بەڵام کامیان لە ئەنجومەنی یەزدان ڕاوەستا و بینی و گوێی لە فەرموودەکانی بوو؟ کامیان فەرموودەکانی بیست و گوێی لێ گرت؟ ئەوەتا ڕەشەبای یەزدان لە تووڕەییدا هەڵدەچێت، گەردەلوولێکی ڕاماڵە لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات. تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە هەتا نیازەکانی دڵی خۆی بە تەواوی جێبەجێ نەکات. لە داهاتوودا بە ڕوونی تێی دەگەن. من ئەو پێغەمبەرانەم نەنارد، بە پەلە پەیامیان ڕاگەیاند، من قسەم لەگەڵیان نەکرد، کەچی خۆیان پێشبینییان کرد. بەڵام ئەگەر لە ئەنجومەنی مندا بووەستابان، فەرموودەکانی منیان بە گەلەکەم ڕادەگەیاند و لە ڕێگا خراپەکانیان و لە خراپەی کردەوەکانیان دەیانگێڕانەوە. «ئایا من تەنها لە نزیکەوە خودام و لە دوورەوە خودا نیم؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «یان کەس هەیە لە پەناگا خۆی بشارێتەوە و من نەیبینم؟ ئایا من ئاسمان و زەوی پڕناکەمەوە؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «گوێم لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە بوو کە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، دەڵێن: ”خەونم بینی! خەونم بینی!“ هەتا کەی ئەمە لە دڵی ئەو پێغەمبەرە درۆزنانە دەبێت کە بە خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینی بکەن؟ بەو خەونانەی بۆ یەکتری دەگێڕنەوە وای لێک دەدەنەوە ناوی من لەبیری گەلەکەم ببەنەوە، وەک چۆن باوباپیرانیان لەبەر پەرستنی بەعل ناوی منیان لەبیرچوو. با ئەو پێغەمبەرەی خەونی هەیە خەونەکەی بگێڕێتەوە، بەڵام با ئەوەی فەرموودەی منی لەلایە بە دڵسۆزییەوە فەرموودەی من ڕابگەیەنێت! گەنم و کا زۆر لە یەکتری جیاوازن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «ئایا فەرموودەکانم وەک ئاگر نین؟ وەک چەکوش بەرد وردوخاش ناکەن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.